کۆنفرانسی ژنانی عێراقی بانگەوازییان لە حکومەتی ناوەندی بەغداد کرد
سێهەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراقی کە ٢٥ی تەمموز لە بەغداد ئەنجامدرا، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی شەنگالەوە بڕیاریی گرنگیان دەرکرد.
سێهەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراقی کە ٢٥ی تەمموز لە بەغداد ئەنجامدرا، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی شەنگالەوە بڕیاریی گرنگیان دەرکرد.
كۆنفڕانسەكە لە لایەن كۆمەڵەی ژنانی عێراق، ڕێكخراوی ئور بۆ ڕۆشنبیری ژنان و منداڵان و تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی (TAJÊ) بە دروشمی 'بە خەباتی هاوبەشمان ببینە دەنگی پاراستنی ژنان لە قڕکردن' ڕێكخرابوو، ئەمەش لە چوارچێوەی پشتگیریی و پشتیوانی بەرفراوان لەلایەن ڕێكخراوە فێمینیستە جیاوازەكان و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤەوەبوو.
دوای تەواوبوونی سێهەمین كۆنفڕانسی ژنانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا؛ بە ئەنجام نامەیەک كۆمەڵێك داواكاری و بانگەوازیان ئاڕاستەی حكومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێونەتەوەی کرد.
ژنانی عێراق ڕاسپاردەكانیان ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد، داوای بە فەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژی ٢٠١٤ی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی کرایەوە.
هەرەوەها ژنانی عێراقی جەختی لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكانی حكومەت بۆ ڕزگاركردنی ژنان و منداڵانی ئێزدی کردەوە، كە تا ئێستاش هەزاران ژن و منداڵ لە چنگی داعشدان و چارەنووسیان نادیارە، هەروەها داواش كرا حكومەتی عێراق بە فەرمی دان بە ئیدارەی خۆسەری شەنگالدا بنێت، ئەمەش بە هەنگاوێكی گرنگ دەزانێت بۆ پاراستنی مافەكانی خەڵكی شەنگال.
لە كۆنفڕانسەكە باس لە دووبارەبوونەوەی هێرشەكانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر شەنگال وەک پێشێلكردنی سەروەری عێراق و ئەگەر و هەوڵەکانی درێژەدان بە جینۆساید كرا، داوا لە حكومەتی عێراق و هێزە نێونەتەوەییەکان كرا دەستبەجێ ئاسمانی شەنگال بە ڕووی هێرشی فڕۆكەكانی تورك دابخەن و كۆتایی بە دەستدرێژییەكانیان بۆ سەر خاكی عێراق بهێنن.
لە كۆتایی كۆنفڕانسەكەدا، لیژنەی ئامادەكاری جەختی لە گرنگی پابەندبوونی حكومەتی عێراق بە جێبەجێكردنی ئەم ڕاسپاردانە کردەوە بۆ دەستەبەركردنی پاراستنی مافەكانی ژنان و ئەگەرەکانی دووبارەنەبوونەوەی قڕکردنی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی.