کۆنفرانسی ژنۆلۆژی: ئەرکمانە ڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە جیهاندا بڵاوبکەینەوە

لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی گوترا: "کۆنفرانسەکەمان بە ئەرکی خۆی دەزانێت ڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ بگەیەنێتە هەموو ژنانی جیهان و ئازادی جەستەیی وی مسۆگەر بکات.

دووەمین کۆنفرانسی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە درووشمی "زانستی ژنان، بە ژنۆلۆژیا دەبووژێتەوە" لە ٢٥ – ٢٦ی ئەیلول لە هۆڵی سەردەمی حەسەکە ئەنجامدرا، ٣٠٠ نوێنەر بەشداربوون، ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە ڕاگەیاندرا.

لە ئەنجامنامەکەدا گوترا: "ژنۆلۆژی ڕۆڵێکی مەزنی هەیە لە بەردەوامیدان بە شۆڕشی ژنان و بێ شۆڕشی ژنان، ژنۆلۆژی نایەتەدی".

لە ئەنجامنامەکەدا گوتراوە: " ڕێبەر ئاپۆ یەکەمین کەس بوو وشەی ژنۆلۆژی دەربڕی. سیستەمی دەسەڵاتدار بە توندترین ڕێوشوێنی گۆشەگیری هەوڵدەدات ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە کۆمەڵگا و جیهاندا بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە کۆنفرانسەکەمان گەیاندنی ڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە هەموو ژنانی جیهان وەک تێکۆشانێک بۆ شکاندنی گۆشەگیری و ئەرکی سەرەکی دەزانێت".

کۆنفرانسەکە لە کەسێتی شەهید مالدا کوسا و ناگیهان ئاکارسەل کرایە دیاری بۆ هەموو شەهیدانی ئازادی.

لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوە کرا دەبێت شیکاری و خەباتەکانی ژنۆلۆژی زیاتر بە ڕەهەندەکانی نەتەوەی دیموکراتیک لە تەواوی دامەزراوە و دەزگاکانی ژنان و بەشەکانی جڤاک بڵاوبکرێنەوە.

هەروەها جەختکراوەتەوە تا ئاستێک ژنۆلۆژی ناسێنراوە، بەڵام پێویستە کاربکرێت بۆ گەیاندنی بۆ قۆناغێکی تر، لێرە بەدواش ژنۆلۆژی زیاتر ببێتە وەڵامگۆی شۆڕشی ژنان و بە ڕوانینی سۆسیۆلۆژیای ئازادی ببێتە ڕێنیشاندەری چارەسەر. ڕێ و ڕێبازەکانی ژنۆلۆژی ببنە بناغەی دامەزراندنی زیهنیەت و سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک.

دەربارەی ئاستی دامەزراوەییبوونی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

ئاماژە بەوە کراوە، ئەرکی ڕۆشنبیری دەکەوێتە ئەستۆی ژنۆلۆژی لە بنیاتنانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکە، پێویستە سیستەمی ئەکادیمیی ژنۆلۆژیی بچەسپێت. پێویستە ئەندامانی ناوەندی لێکۆڵینەوە و ئەکادیمیا و پەروەردەی ژنۆلۆژی گرنگی بە ئەرکەکانیان بدەن و کادری ئەکادیمیی گونجاو پێش بخەن. تاوەکو لە کەسێتی و ژیان و کار و خەباتیاندا، نوێنەرایەتی ژنۆلۆژی بکەن.

دەربارەی میتۆدۆلۆژی

خاڵی سەرەکی لە بابەتی میتۆدۆلۆژییدا، تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی زیهنیەتی دەسەڵاتدارە، تا بتوانین بە جێبەجێکردنی پارادایمەکەمان بگەینە ڕوانگە و چارەسەری ڕوون.

دەربارەی پەروەردە

جەختکراوەتەوە پەروەردەی ژنۆلۆژی کاریگەری مەزن لەسەر کۆمەڵگە دادەنێت، پێویستە ژنانی پەروردەکار، هەردەم خۆیان پەروەردە بکەن، تاوەکو بتوانن کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەبێت لە گۆڕین و گۆڕانی دیموکراتیک لە کۆمەڵگەدا.

دەربارەی شۆڕشی ژنان

لە ئەنجامنامەکەدا گوترا: "ژنۆلۆژی ڕۆڵێکی مەزنی هەیە لە بەردەوامیدان بە شۆڕشی ژنان و بێ شۆڕشی ژنان، ژنۆلۆژی نایەتەدی. لەسەر ئەم بناغەیە دەبێت ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە پێشخستنی بناغەی زانستی شۆڕشی ژناندا لە هەموو ڕەهەندێکەوە چالاکانە ڕۆڵ بگێڕێت لەنێو سیستەمی کۆنفیدراڵی ژناندا".

دەربارەی گەردوونیبوونەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوین

جەختکراوەتەوە گەردوونیبوونەوەی کار و خەباتی ژنۆلۆژی لەسەر بناغەی ئەو شۆڕشە دەبێت کە لە کوردستان دەستی پێ کردووە. بەتایبەت شۆڕشی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاریگەری لەسەر ژنانی جیهان دەکات، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوین، وە ژنۆلۆژی وەک زانستی ئەم شۆڕشە دەناسرێت. دەبێت پەیوەندیی لەسەر ئاستی جیهانی فراوان بکرێت، پەیوەندیەکانی ئێستە بگەیەنرێتە ئاستی ڕێکخستن و ئەم خەباتە بکرێتە بناغەی کۆنفیدراڵیی ژنانی جیهان.

هەروەها دووپاتکرایەوە: "کۆنفرانسەکە بە بڕیار و پێشنیار و ئامانجی نوێ تەواوکراوە، تاوەکو شۆڕشی ژنان بەگوێرەی ژنۆلۆژی بگاتە بناغەیەکی زانستی. لەسەر بناغەی زانینی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی و ئەزموونی شۆڕشی ژنان، ئێمە پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێی ژنۆلۆییەوە. تاوەکو سەدەی ٢١ ببێتە سەدەی ژنان، بە فۆرمەلە و درووشـمی "ژن ژیان ئازادی" تێکۆشانمان لە بواری زانستی مەزنتر دەکەین.

ژن ژیان ئازادی".