کۆنگرە ستار بانگەوازی بۆ پشتیوانی لە ژنانی هیندستان راگەیاند

لە هیندستان ناڕەزەیاتییەکان لە بەرامبەر دەستدرێژکردن و کوشتنی ژنە پزیشکێک بەردەوامە. ئەنجومەنی کۆنگرە ستار بە ڕاگەیاندراوێک پشتگیری خۆی بۆ ژنانی هند ڕاگەیاند.

ئەنجومەنی کۆنگرە ستار دەربارەی دەستدرێژیکردن و کوشتنی ژنە دکتۆرێک لە هیندستان و تێکۆشانەکانی ژنانی هیندستان لە دژی کوشتنی ژنان ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و عەقڵێتی پیاسالاری شەرمەزارکرد و دەڵێت: "بە عەقڵیتی ڕەگەزپەرستییەوە ئازادی ژنان لەناودەبەن و پەرە بە کۆیلایەتی دەدەن. گوشار و زۆرداری پیاوسالاریی دەسەڵاتداری تەنها لەسەر جەستەی ژن نیە، هاوکات هێرشە بۆسەر هەبوونی تەواوەتی ژنیش."

'هێرشی سەر ژنە پزیشکەکە، بە مانای هێرشکردن بۆ سەر هەموو ژنان دێت'

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە تێکۆشانی ژنان لە دژی دەسەڵاتداری پیاوسالاری دەکات و هاتووە: "تا گوشار و هێرشەکانی دەسەڵاتداری پیاوسالاری زیاتر ببێت، تێکۆشانی ژنانی ئازادیخوازیش بەرفراوانتر دەبێت و سنورەکان تێپەڕدەکات. لە شاری کۆلکاتای هیندستان ژنێکی گەنج بووە قوربانی دڕندەیی و هێرشی پیاو. دوای ئەوەی دەستدرێژی دەکرێتەسەر دواتر دەکوژرێت. خودی ئەم هێرشەش بە مانای هێرشکردنەسەر هەموو ژنان دێت. پێویستە ژنان یەکگرتووببن و جیهان بکەن بە جێگەیەکی ئازاد و ئارام.

فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە ساڵانێکە وەک تێکۆشانی ژنانی کورد ئازادی رۆشن دەکاتەوە بووە بە پردێکی ئازادی کە ژنان و تێکۆشانی ئازادییان دەگەیەنێت بە یەک. لە زیلانەکانەوە تا ساکینە جانسز، لە زەینەب جەلیلانەوە هەتا ژینا ئەمینی، لە ژنانی کوردەوە هەتا ژنانی هیندستان ژنان لە دەوری  خۆی کۆدەکاتەوە و بە رێکخستنیان دەکات و خەباتییان دەگەیەنێت بە سەرکەوتن."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشی سەر ژنە دکتۆرەکەی هیندستان شەڕمەزار دەکرێت و دەڵێت: "پشتگیری خۆمان لە ژنانی هندستان و هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە بۆ ئازادی خۆیان تێکۆشان دەکەن. بەو هێز و ئەزموونەی هەمانە هەتا کۆتای لە دژی دەسەڵاتداری پیاوسالاری تێکۆشانمان هاوبەش بکەین. بژی ژن ژیان ئازادی."