'کتێبخانەی رۆشنبیری ژن' لە کەرکوک کرایەوە

لە شاری کەرکوک بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنانەوە کتێبخانەیەکی تایبەت بەژنان بەناوی "کتێبخانەی رۆشنبیری ژنان" کرایەوە.

ئێوارەی دوێنێ لە تەنیشت سەنتەری رۆشنبیریی کەرکوک لە گەڕەکی ئیسکان، بەبۆنەی رۆژی ٨ی مارس کە دەکاتە رۆژی جیهانی ژنان، کتێبخانەیەکی تایبەت بەژنان بەناوی "کتێبخانەی رۆشنبیری ژنان" لەلایەن رێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لەمافی ژنان پێشکەش بە ژنانی شارەکە کرا.

لە مەراسیمی کردنەوەی کتێبخانەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی چالاکوان، هونەرمەندان و ژمارەیەکی کەسایەتی و رۆشنبیر و نوێنەری ڕێکخڕاوە مەدەنییەکانی شارەکە ئاماد بوون.

ئایا موشتاق کچێکی شاری کەرکوک سەردانی کردنەوەی کتێبخانەکەی کردووبوو، سەبارەت بە کتێبخانەکە بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا: "کردنەوەی ئەم کتێبخانەیە بە کارێکی زۆر گرنگ دەزانم بەتایبەتی بۆ ژنانی کەرکوک، چونکە ژنان و  کچانی کەرکوک ڕێگەیان پێنادرێت بچنە شوێنێکی هاوبەش، بۆیە کردنەوەی کتێبخانەیەکی تایەبت بەژنان لە کەرکوک زۆر گرنگ بوو، هەروەها هاتن بۆ ئەم کتێبخانەیە بێ بەرامبەرە و ژنان و کچانی شارەکە دەتوانن سەردانی بکەن."

ئایا موشتاق سەبارەت بە کاریگەریی کتێبخانەکە لەسەر ئاستی رۆشنبیریی ژنان ووتیشی: " پێموایە کردنەوەی ئەم کتێبخانەیە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر پێشخستنی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری ژنانی شاری کەرکوک، هەروەها داوا لە ژنانی شارەکەم دەکەم خۆیان پەروەردە بکەن لەڕێگەی کتێب خوێندنەوە."

خانمە شێوەکار ڤیان ئەحمەد یەکێک بوو لە بەشداربووانی مەراسیمی کردنەوەی کتێبخانەکە و بە ژمارەیەک تابلۆی تایبەت بە ژنان بەشداریی لە مەراسیمەدا کردبوو. ڤیان ئەحمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەمڕۆ من وەکو شیوەکارێک بە ژمارەیەک تابلۆ بەشداری ئەم مەراسیمەم کرد، دەستخۆشی لە ڕێکخراوی ڤیان دەکەین بۆ کردنەوەی ئەم کتێبخانەیەی رۆشنبیری ژنان کە تایبەتە ژنان، منیش بەژمارەیەک تابلۆ بەشداری مەراسیمەکە بووم کە تابلۆکانم باس لە ژنان دەکات لە کاتی خۆشی و ناخۆشی و تەواوی دۆخەکانی ژیان، ئەم کارە جێگای دەستخۆشییە لە ڕیکخراوی ڤیان، چونکە لە شاری کەرکوک شوێنێکی بەم شێوەیەی نیە کە ژنان بتوانن ڕووی تێبکەن."

هەروەها فەنار فاروق بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی کردن لە مافی ژنان، کە هەستاون بە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە، دەربارەی پرۆژەکەیان ووتی: "ئێمە ئەمڕۆ لە رۆژی ٨ی مارس دەمانەوێت پیرۆزبایی ئەم رۆژە لە تەواوی ژنانی شاری کەرکوک و عێراق بکەین، پێم خۆش بوو هەستم بەم پرۆژەیە کە بریتییە لە کتێبخانەیەکی بچووک، ئەم کتێبخانەیە تایبەت دەبێت بە ژنان، حەزم کرد لەم ڕێگەوەیەوە هانی ژنان بدەم تا کتێب بخوێننەوە، لەم کتێبخانەیەدا کتێب بە زمانی تەواوی پێکهاتەکانی شارەکە بوونی هەیە."

سەبارەت بە ئامانجیان لە کردنەوەی ئەم کتێبخانەیە، فەنار فاروق ووتیشی: "ئەم کتێبخانەیەم دروستکرد تا ژنان بتوانن لە شوێنێکدا کۆببنەوە و هەروەها خولی هۆشیارکردنەوەی ژنانی تێدابێت و هەروەها کچانی شارەکە بتوانن لەم کتێبخانەیەدا کار لەسەر لێکۆڵینەوەکانیان بکەن، ئێمە لە کەرکوک شوێنێکمان نیە کە تەنها تیبەت بێت بە ژنان تەواوی شوێنەکانی شارەکە تێکەڵاوە کە ئەمش کێشەیە بۆ ژنانی شاری کەرکوک بەهۆی ئەوەی کلتوری شاری کەرکوک ڕێگە نادات کچان و ژنان بچنە شوێنی تێکەڵاو، بۆیە حەزم کرد شوێنێکی وەوک ئێرە بکەمەوە کە کتێبخانە و قاوەخانەیە لابتوۆب و ئەنتەرنێتیش لێرەدا هەیە و تەواوی خزمەتگوزارییەکان بێ بەرامبەرن."

لە کۆتایدا فەنار فاروق بەرپرسی ڕێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لە مافی ژنان، پەیامێکی ئاڕاستەی ژنان کرد و ووتی: "دەمەوێت پەیامیک ئاڕاستەی ژنانی تەواوی عێراق بکەم و پێیان ڕابگەینم کە ئەمە یەکەم کتێبخانەیەی لەم جۆرەیە لە شاری کەرکوک کردوومانەتەوە و کۆتا کتێبخانەش نابێت هەوڵدەدەم لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق کتێبخانەی تایبەت بە ژنان بکەمەوە، هەوڵدەدەین لەگەڵ ژنان دەست لەناو دەست پەرە بەم شوێنە بدەین و لەم کتێبخانەیە خولی هۆشیاری زیادبوونی رۆشنبیری بکەینەوە، چونکە ئەم جۆرە شوێنانە پیویستی بەکاری بەردەوام هەیە تا پێشبکەوێت، بۆیە داوا لە کچانی کەرکوک دەکەم کە بەردەوام سەردانی ئەم شوێنە بکەن و لێکۆڵینەوەکانیان لیرە ئەنجام بدەن تا ئەم کتێبخانەیە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخوۆیەوە ببینێت."

ژ.ت