کەژەکە: تا بکوژان لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و باجەکەی دەدەن، دەبێت گەلەکەمان لە سەرپێ بێت

دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە: "ژنان، گەنجان و هەموو گەلەکەمان دەبێت لە دژی کۆمەڵکوژی ٢٣ی کانونی یەکەم نەک هەر لەو رۆژەدا، بەڵکوو تا ئەو کاتەی لێپێجینەوە لە بکوژان دەکرێت، دەبێت لە ئەوروپا، باکور، باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات لە سەرپێ بن و گوڕ بە تێکۆشان بدەن".

دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵانی ژنانی کوردستان (کەژەکە) بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکە بە ناونیشانی "بۆ هەموو ژنان، گەلە وڵاتپارێزەکەمان و رای گشتیی دیموکراتیک کە لە سەر رێگەی ژیانی ئازاد رێدەکەن" بەم جۆرەیە:

"٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەلایەن بکوژێک بە ناوی ویلیامەوە لە ناوەندی کۆمەڵەی کوردی و کارگەیەک دووەم کۆمەڵکوژی پاریس ئەنجامدرا. لەم کۆمەڵکوژیەدا یەک لە پێشەنگانی بزوتنەوەی ژنانی ئازادی کورد ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا)، هونەرمەند میر پەروەر (م.شیرین ئایدن) و وڵاتپارێزی کورد عەبدولرەحمان کزل شەهید بوون. ئێمە لە کەسایەتی ئەو شەهیدانەدا، هەموو شەهیدانی شۆڕش بە رێز و پێزانینەوە یاد دەکەینەوە. بەڵێنی خۆمان دوبارە دەکەینەوە، کە ئامانجی ئەو شەهیدە بەنرخانەمان دەهێنینەدی".

ئەڤین گۆیی پێشەنگایەتی بۆ قۆناغی بە سوپابووندا کرد

وەک ژنانی کورد لە هەر قۆناغێکی مێژوودا بەرخودانی ئێمە لە دژی پیاوی دەسەڵاتدار و کۆلۆنیالیست هاتووەتە ئاراوە. بۆتان یەک لەو گۆڕەپانانەی ئێمەیە کە ئەم بەرخودانە لە کەسایەتی ژناندا تیایدا گەیشتووەتە لوتکە. هەربۆیە ژنانی بۆتان هەموو کات بە بوێری خۆیان یادیان دەکرێتەوە، بەرخودان و نەبەزینیان بۆ هەموو کوردستان بووەتە سەرچاوە ئیلهام. هەڤاڵ ئەڤین گۆییش لەناو نەریتێکی بەرخوداندا لەدایکبووە و گەورەبووە. ٣٢ ساڵی خۆی بە شۆڕشی کوردستان و ژنان بەخشی. لەو ساڵانەی تێکۆشاندا لە هەر شوێنێکی کوردستان پێویستی هەبوایە، هاوڕێ ئەڤین بێ دوودڵی و ڕاڕایی رووی دەکردە ئەو شوێنە. وەک ژنێک کە چووبووە گۆڕەپانی پەروەردەی رێبەر ئاپۆ، لە فەلسەفەی ئازادی و راستی رێبەرایەتیدا بووە پسپۆڕ. هێڵی تێکۆشانی رێبەر ئاپۆی گەیاندە هەموو ئەو گۆڕەپانانەی پێیاندا تێپەڕیبوو. لە چاوی ژنەوە لە هەموو خەبات و کارەکانی دەڕوانی. رەنگی ژنی لە هەموو کار و خەباتەکاندا ئاوێتە دەکرد و بووە یەک لە بەنرخترین بەرگریکارانی هێڵی ئازادی ژنان. پێشەنگایەتی بۆ قۆناغەکانی بە پارتیبوون و بە سوپابوونی بزوتنەوەی ژنانی ئازادی کورد کرد و لە هەموو قۆناغەکاندا رۆڵی خۆی گێڕا. وتەی رێبەر ئاپۆ "ئەوەی فکری بۆ ئێمە نەبێت، پراتیکیش بۆ ئێمە نابێت'ی لە ژیانی خۆیدا بەرجستە کرد. لە رووی بیردۆزییەوە شارەزایی بەدەستهێنا و لە ئەرکە پراتیکیەکانیدا پڕواوپڕ ئەو بیردۆزیەی بەجێگەیاند. لەسایەی رەنج و میراتی ئەو لەمڕۆدا لە چیاکانی کوردستان گەریلاکانی یەژاستار پێشەنگایەتی بەرخودان دەکەن و لە دژی دوژمن دەجەنگن. بەردەوام خۆیان بە بیردۆزی ئازادی بەرەوپێشبردووە و نوێ کردووەتەوە. لە رۆژئاوا لە دژی چەتەکانی داعش پێشکەوتووانەترین شەڕی ژیانی ئازاد و شکۆمەندانەی بەڕێوەبرد. لە ناو شۆڕشدا شۆڕشی کرد و پێشەنگایەتی بۆ ئەوە کرد کە شۆڕشی رۆژئاوا ببێتە شۆڕشی ژنان.

لە کەسایەتی هەر دوو هاوڕێماندا، هێرش کراوە سەر وڵاتپارێزی و کولتووری کوردان

میر پەروەر کە لەو کۆمەڵکوژییەدا شەهید بوو، لە دژی قڕکردنی کولتووری دوژمن لە ئەوروپا بەشداری چالاکییە کولتوورییەکانی دەکرد و بەرگری لە زمان و هونەرەکەی کرد و لە دژی ئەو قڕکردنە شەڕی کرد. هەروەها عەبدوڕەحمان کزل بەردەوام بەشداری تێکۆشانەکانی  ئەوروپا بووە و بەها کولتوورییەکانی پاراستووە و بوو بە نوێنەری وڵاتپارێزی. لە ئەوروپا ڕازی نەبوو لە کوردستان داببڕێت، دڵی هەموو کات لای کوردستان بوو و ئارەزووی ئەوە بوو ڕۆژێک بگەڕێتەوە وڵاتەکەی. دەوڵەتی فاشیستی تورک لە کەسایەتی ئەم دوو کەسەدا هێرشی کردووەتە سەر وڵاتپارێزی و کولتووری کوردی کردووە.

دەوڵەتی فاشیستی تورک ئەم کۆمەڵکوژییەی لە سەردەمێکدا ئەنجامدا کە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' لە هەموو جیهاندا بەرز دەکرایەوە، چونکە بکوژی ژیانی ئازاد و ژنانە. کادرەکانی بزووتنەوەی ژنانی ئازادی کورد و نیشتمانپەروەرەکانمان دەکوژێت. بەم شێوەیە ڕێبەر ئاپۆ، ژنانی کورد و هەموو گەلەکەمان دەکاتە ئامانج. دەیەوێت بەم کۆمەڵکوژیانە بمانترسێنێت و ئێمە لە تێکۆشان داببڕێت.

 ئەم کۆمەڵکوژییە بە فەرمانی دیکتاتۆری فاشیستی ئەردۆغانەوە دراوە. لەلایەن میت و هاکان فیدانەوە ئەنجامدرا و ئەرکی کوشتنەکە بە فاشیستێک بە ناوی ویلیام درا. مێژوو جار و بار نیشانی داوە کە یاسای هەموو وڵاتانی ئەوروپایی کە بانگەشەی مافی مرۆڤ و دادپەروەری و یەکسانی دەکەن، کاتێک باسی گەلی کورد دێتەپێش یان کاتێک باس لە بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەکرێت ئەرکەکانیان جێبەجێ ناکەن، دەوڵەتی فەرەنسا زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە بەپێی یاساکانی خۆی کاردەکات، بەڵام ١٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی ژانویەی ٢٠١٣ تێپەڕیوە، بەڵام هیچ سەرەنجی نەخستووە سەر کۆمەڵکوژییەکە و بووەتە هاوبەش و هاوکاری دووەم کۆمەڵکوژی پاریس.

دەبێت ئەوروپا، باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە گۆڕەپانەکان بن

ئێمە وەک هەڤاڵانی ئەڤین لە تێکۆشاندا، بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە کە بەردەوام مەشخەڵی ژیانی ئازاد کە لەهەڤاڵ ئەڤینەوە بۆمان بەجێ ماوە هەڵدەگرین. داوا لە هەموو ژنان دەکەین خاوەنداری لە یادەوەری شەهیدە بەنرخەکانمان بکەن. ڕاستیترین خاوەنداری بەدیهێنانی خەون و ئامانجەکانی شەهیدانە، پێویستە گەلی کورد بە تایبەتی ژنان لە کوردستان و ئەوروپا  پاراستنی جەوهەری خۆیان ڕێکبخەن و کار بۆ بونیادنانی پارادایمێکی ئازادی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان بکەن. پێویستە ڕێکخستنەکانیان پتەوتر بکەن هەتا بتوانن ڕێگری لە کۆمەڵکوژی و پیلانگێڕییەکان بکەن و لێپرسینەوەیان لێبکەن. ژنان و گەنجان و هەموو گەلەکەمان دژی پیلانی ٢٣ی کانوونی یەکەم نەک هەر رۆژی ٢٣ی کانونی یەکەم، بەڵکوو تا ئەو کاتەی بکوژان لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و باجەکەی دەدەن، دەبێت لە ئەوروپا باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لەسەرپێ بن و وەک رێبوارانی ئەم دۆزە گوڕ بە تێکۆشان بدەن".