بە دیمەن

لە بەشی دووەمی کۆڕبەندی ژنانی عێراقی و ئێزدی لە بەغدا چەند تەوەرێک تاوتوێکران

کۆڕبەندی ژنانی عێراق و ئێزدی کە بە دروشمی 'بە تێکۆشانی یەکگرتوو لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن' دەستیپێکردووە بە پانێل و سێمینار بەردەوامی پێدرا، یەک لە تەوەرە سەرەکیەکان ژن لەناو سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدابوو.

دووەم بەشی کۆڕبەندەکە کە لەلایەن ئیمان قاسم رۆژنامەوان و چالاکوانی مەدەنییەوە بەڕێوەبرا. لە کۆنفڕانسەکەدا سێمینارێک لەسەر دۆخی ژنان لە عێراق لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەلایەن شامیران میرۆکیل سەرۆکی رابیتەی ژنانی عێراقەوە بەڕێوەبرا.

هەروەها کێشە یاساییەکانی ژنان لە عێراق تەوەری سمینارەکەی فایزە بابەخان توێژەری یاسایی بوو، تیایدا باس لە پێشنیازە پڕۆژەی عێراقی دیموکراتیک و ئازادی ژنانی شەنگال وەک نمونە خرایەڕوو.

سیمینارێکیش لەلایەن رهام حجۆ وتەبێژی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی پێشکەش کرا.

رهام حجۆ لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوەکرد، "لە هەر وەڵاتێک کە مافی ژنان بە فەرمی نەناسرێت ناتوانرێت باس لە دیموکراسی بکرێت". ئەوەشی خستەڕوو کە لە سیستمی ئێستادا ژن لە هەموو کایەکانی ژیان دوورخراوەتەوە و تاکە یەک ئەرکی پێدراوە ئەوەش خزمەتکردنی پیاو و دەوڵەتە و لە ناو ژیانیدا هەموو ساتێک رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە. تا ئەم سیستمەش مابێت ئەو کێشانە بەردەوام دەبن و چارەسەر ناکرێن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رهام حجۆ بە ئاماژەدان بە دۆخی شەنگال لە نێوان ٢٠٠٣ و ٢٠١٤ کە تیایدا هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی باشوری کوردستان باڵادەستبوون، بەڵام لەکاتی فەرماندا هەڵاتن و خەڵکیان لەبەردەم چەتەکانی داعش بەجێهێشت، باسی لەوەکرد، "ئەقڵیەت و بیردۆزی نەتەوە-دەوڵەت بەوجۆرەیە کە دەتوانێت هەموو شتێکی کۆمەڵگا و هەموو بەهاکان بکاتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی. دەوڵەت نەتەوە دەکوژێت، تاڵان دەکات، کۆمەڵکوژی دەکات و بەرژەوەندیپاڕێزە".

روونیشیکردەوە، لە بەرامبەر ئەوەدا ژنان و کۆمەڵگا بێ ئەڵترناتیڤ و جێگرەوە نین. هێزەکانی دەسەڵاتدار مەحکومن بە شکست و لەناوچوون، بەڵام کۆمەڵگاکانی خاوەن، هێز، بڕوا، رێکخستن، کولتور و مێژووی بەرخودان بەردەوام درێژەیان بە هەبوونی خۆیان داوە. ئەمرۆ ئەزمونی دە ساڵەمان لە شەنگال سەلماندوویەتی کە چارەسەری هەمیشەیی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکە. ئەو سیستمە لە سەرتاسەری عێراق دەتوانێت ببێت مۆدێلێکی دیموکراتیک و یەکسان لە نێوان گەلاندا. چونکە لە عێراق تەنیا یەک نەتەوەی تێدا نییە، چەندین نەتەوە، پێکهاتە، زمان و ئایینی تێدایە. لە رووی ژمارەوە هەندێکیان کەم و هەندێکیان زۆرن، بەڵام ئەو کۆمەڵگایانە بە هەزاران ساڵ لەگەڵ یەکدا ژیاون و تەواوکەری یەکتر بوون.

رها حجۆ ئەوەشی خستەڕوو، لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا کۆمەڵگا لە هەموو رووەکانی کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی، دیپلۆماسی و کولتوریەوە خۆی بەڕێوەدەبات. هەموو نەتەوە، زمان، ئایین، ناسنامەکان بە هەبوونی خۆیان، بە ئیرادە و رەنگی خۆیان دەتوانن لە سەر بنەمای ژیانێکی ئازاد و یەکسان بژین. ئازادی ژن و مافەکانی لە هەموو کایەکانی ژیاندا بە فەرمی دەناسرێت و وەک پێودانگی سەرەکی ئازادی کۆمەڵگاکان دەبینرێت و دانی پێدادەنرێت. لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا ژنان خاوەن رۆڵی پێشەنگن".

رهام حجۆ وتەبێژی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی لەو گەشەسەندنەدا رۆڵی سەرەکی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بە بیرهێنایەوە و وتی، "رێبەر ئاپۆ لەپێناو ئازادی ژناندا تائێستا رەنج و ماندووبوونی زۆری کێشاوە. بە هەزاران رێنمایی بۆ کێشەکانی ژنان لە ناو سیستمی ژیاندا نوسیوە. لە بناغەی فەلسەفەی پاڕادایمی رێبەر ئاپۆدا ئازادی ژن بوونی هەیە. وەک دەزانرێت لە مێژووی سیستمی دەسەڵاتداریدا ژن لە سروشتی خۆی دوورکەتووەتەوە تەنیا وەک هەبوونێکی جەستەیی دەبینرێت. بۆ ئەوەی ببێتە خزمەتکارێکی باشی پیاو و بنەماڵە تەنیا یەک مافی بۆ هێڵراوەتەوە ئەویش ژیانیەتی لەناو سنوور و چوارچێوەی ماڵ. ئیرادەی ئەو، ئەندێشەی ئەو و ناسنامەی ئەو نکۆڵی لێکراوە. کایەی کۆمەڵایەتیش لەدەستی دەرهێنراوە. بەڵام رێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر ئەو سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەرەپێدا. بۆ ئەوەی ژنان لە کایەی بەڕێوەبەریدا ببنە خاوەن هێز، ئەو هاوسەرۆکایەتی وەک جێگرەوە و رێگەی چارەسەری پێشکەش بە ژنان کرد. ئێستا لە شەنگال لە ناو سیستمی خۆبەڕێوەبەریدا، لە ئەنجومەن، رێکخراوە و هەموو دەزگاکاندا سیستمی هاوسەرۆکایەتی چەسپێندراوە. ئەم سیستمە بۆ کۆمەڵگا گرنگە".

لە کۆتاییشدا وتی، "هەموو ئەو بەرەوپێشچوونانە لە سەر بنەمای هزر و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکدا ئێمە وەک ژنان و کۆمەڵگای ئێزدی بەدەستمان هێناوە. ئێمە بەو زانابونەوە برینەکانی فەرمانمان ساڕێژکرد. ئەزمونی ١٠ ساڵی رابردوو گەورەترین وەڵامە بۆ فەرمانی ٧٤ەمین. بۆ ئەوەی پەرە بە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک بدەین، بەرفراوانی بکەین و هەموو کۆمەڵگای تێدا بەشدار بکەین، دەبێت ئێمەی ژنان ئەرک و بەرپرسیارێتی زیاتر بگرینە ئەستۆ. لە ژێر ئەو فەلسەفەیەدا کۆمەڵگە ئێزدی، عەرەب، تورکمان و مەسیحیەکانمان روودەکەنە شەنگان و پێکەوە لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی گەلان دەژین. جوگرافیایەک کە لە سەر خاکەکەی بووەتە لانکە و شوێنی حەوانەوەی هەموو نەتەوەکان، شەنگالی هەمووانە، هەموو شەنگالین. بەو وشیاریی و بڕوایەوە ئەمڕۆ هەموو کۆمەڵگاکان بێ ئەوەی هیچ ناکۆکیەکمان هەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن لە ناسنامە و کولتوری یەکتر بە یەکگرتوویی دەژین".

هـ. ب