لە دەرسیم میتینگی ٨ی ئازار: تێکۆشانمان بەرز دەکەین

لە ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژناندا، ژنانی دەرسیم میتینگیان لە گۆڕەپانی سەید رەزا ئەنجامدا. لە میتینگەکەدا ژنان رایانگەیاند کە هاواری ٨ی ئازاری ژنانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ خۆی یەکیەتی دەهێنێت.

لە ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژناندا، ژنانی دەرسیم لە گۆڕەپانی سەید رەزا میتینگیان ئەنجامدا. لە گۆڕەپانەکە جۆش و خڕۆشێکی زۆر هەیە و ژنان بە پانکارت و دروشم پەیامی ٨ی ئازاریاندا. لە میتینگەکەدا دروشمی ' ژن، ژیان، ئازادی' ، ' بێدەنگ نابین، گوێ ناگرین' و 'بژی تێکۆشانی ژنان' وترانەوە و بە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا هەڵپەڕێن.

میتینگەکە بە قسەکانی فاتیمە ئارگین ئەندامی پلاتفۆرمی ژنانی دەرسیم دەستیپێکرد. ئارگین رایگەیاند، لەدژی دەسەڵاتی پیاو، نایەکسانی، توندوتیژی، شەڕ، رەنجخواردن و هەژاری، هەموو کاتێک لە گۆڕەپانەکان دەبن. باسی ئەوەشی کرد کە بە تێکۆشانیان هەوڵ دەدەن رێگری لە سیاسەتی فشار، توندوتیژی و چەوساندنەوەی پیاو بکەن. ئاماژەشی بە پێشێلکاریەکانی نێو زیندانەکاندا و داوای کرد کە هەموو کەسێک پشتگیری لە زیندانیان بکات کە بە زوترین کات ئازاد بکرێن.

بێریڤان سینجار ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی پارتی هەرێمەکانی دیموکراتیک (دەبەپە) سەرەتا سڵاوی بۆ هەموو ژنە سیاسەتمەداران نارد و رایگەیاند کە لەدژی شەڕ، قڕکردن و توندوتیژی لە هەموو دەڤەرێکی کوردستان لە نێو گۆڕەپانەکان دەبن.

پەیمای پلاتفۆرمی ژنان

هەروەها لە میتینگەکەدا پەیامی پلاتفۆرمی یەکگرتووی ژنان خوێندرایەوە. لە پەیامەکەدا راگەیەنرا ککە ٨ی ئازار لە هەموو پارچەکانی کوردستان و بە رۆحی ژنانی کورد پێشوازی دەکەن. لە پەیامەکەدا هاتبوو، " لە رۆژئاوا تاوەکو ڕۆژهەڵات، لە باکور و تاوەکو باشوری کوردستان، هاواری ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنان، یەکێتی ڕیزەکانی ژنانی کورد دروست دەکات. هەر گەلێک مێژووی خۆی بە زمان و کەلتوری خۆی پێویستە بنوسێتەوە. بانگەوازیمان بۆ هەموو ژنانی کورد ئەوەیە کە لە هەموو شوێنێک بن بۆ کەلتور و زمانیان تێبکۆشن. بەم بۆنەیەوە ئێمە ٨ی ئازار لە هەموو ژنانی کورد و جیهان پیرۆز دکەەین. بژی یەکێتی ژنانی کورد."

دوای قسەکردن گروپی موزیکی شارەوانی دەرسیم هونەرەکەی پێشکەش کرد و ژنان بە گۆڕانی و موزیک هەڵپەڕکێیان کرد.

ف.ق