لە عەفرینەوە تا دێرەزۆر ئەرکی بەڕێکخستن کردنی خۆپاراستن بوو

ئەڵماس حامید دوای پەروەردەی خۆپاراستن لە عەفرین، بناغەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی دامەزراند و پەرەی پێدا. حامید وەها دەڵێت: "کۆمەڵگا و ژنی بەڕێکخستن کراو، پەروەردە کراو، زانا و تێکۆشەر دەتوانێت خۆی بپارێزێت."

ئەڵماس حامید ٤٨ ساڵ، خەڵکی ناوچەی مابەتای عەفرینە. هەروەها دایکی ٤ منداڵە، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا بناغەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لە عەفرین دامەزراند. لە ساڵی ٢٠١٢ پەروەردەی خۆپاراستنی وەرگرتووە. دوای داگیرکردنی عەفرین، بەشداری لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شەهبا کرد. ئێستادا یەکێکە لە ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی دێرازۆر. ئەڵماس حامید باسی دامەزراندنی سیستەمی خۆپاراستن لە ڕۆژانی سەرەتای عەفرین و تێکۆشانی خۆی و بەشداریکردنی وەک ژنێک لە ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد.

یەکێکە لەو ١٢ژنەی کە پەروەردەی خۆپاراستنی بینیوە

ئەڵماس حامید لە ساڵی ٢٠١١ شاهیدی زیندوو بوونەوەی خۆپاراستن بووە لە عەفرین و خۆی تێدا بەشداری کردووە. سەبارەت بەو ڕۆژانە وتی: "لە ساڵی٢٠١١ دوای هەڵبژاردنەکانی عەفرین، ئەنجومەنەکان دامەزران. هاوکات خۆپاراستنیش دەستی پێکرد. ئەو کات نەمدەزانی خۆپاراستن چییە. دوای پەروەردەیەکی کورت بەشداری چالاکییەکانی خۆپاراستنی ژنان بووم. ئەو سەردەمە واتە ساڵی ٢٠١١ دەسەڵات بەدەست ڕژێمی بەعسەوە بوو. ئێمە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژ دەستمان بە خۆپاراستن کرد. بەتایبەتی ژنانیش لەم هێزەدا بەشدار بوون و لە ١ی نیسانی ٢٠١٢ خۆپاراستنی ژنان دامەزرا، بۆ ئاسایش و ئارامی گەل و منداڵەکانمان پەرەمان بە خۆپاراستنی خۆمان دا. لە ساڵی ٢٠١٤ وەک هێزی ئاسایشی ناوخۆ درێژەمان بە کارەکانماندا.

خۆپاراستن بۆ ژن گرنگە

ئەڵماس حامید سەبارەت بە گرنگی خۆپاراستنی ژنان وتی: "لە سەرەتای شۆڕشدا هێرشی زۆر لە سەر ژنان هەبوو، کۆمەڵگا لە کەسایەتی ژندا کرایە ئامانج. ئەگەر ژن خۆی نەپاراستبا، کەس نەیدەپاراست. بۆیە پێویست بە ڕێکخستنێکی بەهێزی ژنان بوو. ژن درکی بە هێزی خۆی کرد، نیشانیدا کە دەتوانێت پێشەنگایەتی کۆمەڵگا بکات و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک جێبەجێ بکات."

چەمکی ' خۆپاراستنی کاری پیاو'ی لەناوبرد

ئەڵماس حامید بۆ ئەوەی ژنان خۆیان بپارێزن تێکۆشانێکی گەورەی ئەنجامداوە. حامید لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "کاتێک بەشداریم لە چالاکییەکان کرد، کۆمەڵگا و بنەماڵەکەم بوونە بەربەست. قبوڵکراو نەبوو ژنێک بەشداری چالاکییەکانی خۆپاراستن بکات. چەمکی 'میکانیزمی پاراستنی کاری پیاو' سەردەست بوو بەسەر هەموو شتێکدا، بەڵام من گوێم نەدا بە ڕێگرییەکان و ئەرکی خۆپاراستنم جێبەجێ کرد. وەک ژنێک پێم قبوڵکراو نەبوو و ئیرادەی خۆمم پاراست."

یەکێکە لە پێشەنگەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە

دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە، ئەڵماس حامید درێژە بە تێکۆشانی خۆی داوە و باسی لە چالاکییەکانی خۆپاراستن لە شەهبا کرد و وتی: "ئێمە ناچار بووین لە عەفرینەوە بگوازینەوە بۆ بۆ شەهبا، ئەوە ئازارێکی گەورە بوو. تەنانەت دوای داگیرکردنی عەفرینیش هێرشەکانی سەر ژنان ڕانەگیرا. ئەوان دەیانویست هیوامان لەناو ببەن. بەڵام توانیمان سیستەمی ئاسایشی ناوخۆمان لە شەهبا دابمەرزێنین. ئەم سیستەمەمان کە پێشتر لە عەفرین دامەزراندبوو و لەوێ کردمانە ڕێکخراوێکی  بەهێزتر. لە پێکهێنانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی شەهبا بەشداریم کرد. ئێمە هەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ ئەوەی خۆپاراستنی ژنان مسۆگەر بکەین. تەنانەت هەفتەیەکیش بەسەر گواستنەوەمان بۆ شەهبا تێنەپەڕیبوو، دەستمان بە کارە ڕێکخستنیەکان کرد. کێشەکان زۆر بوون بەڵام لەوە تێگەیشتین کە چیتر ناتوانین بەبێ پاراستن بژین."

'پێویستە بە پاراستنی دەروونی هەیە'

ئەڵماس حامید ڕایگەیاند، کۆمەڵگا و ژنان بەبێ خۆپاراستن ناتوانن ژیانێکی ئارام و ئەمنیان هەبێ و وتی: "ئامانجی سەرەکیمان بەدیهێنانی خۆپاراستنی کۆمەڵگایە. کەسێک نەتوانێ خۆی بپارێزێ، ناتوانێت کۆمەڵگاکەشی بپارێزێت. خۆپاراستن تەنیا بە چەک نییە؛ ژنێکی بەڕێکخستن کراو، پەرەردە کراو و زانا دەتوانێت خۆی بپارێزێت."

بە هۆی شۆڕشەوە گەیشتە ڕووناکی

سەبارەت بە ژیانی خۆی پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ١٩ی تەمموز ، وتی: "وەک ژیانێکی مردووە بوو. ژن تەنیا بۆ منداڵەکانی دەژیا. لە منداڵەکان و ماڵەکەی زیاتر هیچی تر نەبوو. بنەماڵە وڵاتپارێز بوون، پشتیوانی تێکۆشانی ئازادیی کورد بوو، بەڵام بنەماڵەیەکی فیۆداڵ بوون. بەڵام بە شۆڕشی ڕۆژئاوا هەموو دەرگاکانی ژوورە داخراوەکان کرایەوە و منیش گەیشتم بە ڕووناکی."