لە هەولێر ژنێک بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا

پیاوێک لە ناحیەی شەمامکی سەر بە هەولێر، هاوسەرەکەی دەکوژێت و تەرمەکەی خستووەتە نێو تەنەکەی خۆڵەوە.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، پیاوێک لە گوندێکی سەر بە ناحیەی شەمامک بە چەقۆ هاوسەرەکەی کوشتووە و تەرمەکەی خستووەتە نێو تەنکەی خۆڵەوە.

بەپێ ئەو زانیاریانەی کە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەستی کەوتەوە، ئەو ژنە ناوی بەهار زەکەریا فەتاحە و بکوژەکەش ناوی (ا ز م)ـە .

بەپێ زانیاریەکانی پۆلیس دوای ئەوەی ئەو دوو هاوژینە نێوانیان تێک دەچێت، گفتوگۆی توند لە نێوانیان دروست دەبێت و پیاوەکە بە چەقۆ هاوژینەکەی دەکوژێت و تەرمەکەی لە ناو تەنەکەی خۆڵ دەشارێتەوە، دوای ئەوەی تێمەکانی پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادار دەکرێنەوە، دوای پێنج کاتژمێر بکوژەکە دەستگیر دەکەن.

لەگەڵ بەرزبوونەی ڕێژەی قەیران سیاسی و داراییەکان لە باشوری کوردستان، دیاردەکانی کوشتن، سەربرین و دەسترێژی سەر ژنان ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە شێوازێک لانیکەم هەموو هەفتەیەک حاڵەتی بەو شێوەیە تۆمار دەکرێت.

ف.ق