لە عێراق ناڕەزایەتییەکان دژی یاسای ڕێخۆشکەر بۆ هاوسەرگیری مناڵان پەرەدەسێنێت

ڕێکخراوی کۆبەستی کۆمەڵایەتی کورد، ئەو یاساییەی شەرمەزار کرد کە ڕێخۆشکەرە بۆ هاوسەرگیری مناڵان لە عێراق.

هێزە شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق پرۆژەی یاسایەکیان دەربارەی یاسای باری کەسێتی پێشکەشی پەرلەمان کرد. لە پرۆژە یاساکەدا مافی خاوەنداری لە دایکان دەسێنێتەوە و ئەمە ڕێخۆشکەرە بۆ ڕەوایەتیدان بە هاوسەرگیری مناڵی ٩ ساڵ.

ڕێکخراوی کۆبەستی کۆمەڵایەتی کورد پرۆژە یاساکەی شەرمەزر کرد.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن سەرۆکی ڕێکخراوەکە، ماردین عوزێر خوێنرایەوە و گوتی: " هەموواری یاسای باری کەسیی عێراقیی سەرباری ئەو هەموو کێشانەی ئێستا لە کۆمەڵگەدا هەن، کێشەی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ژن و منداڵ و پیاوان و تەواوی کۆمەڵگەش لێی زەرەمەند دەبن. لە تەواوی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەزهەب و باوەڕی جیاواز هەیە و ناکۆکییەکانیش زۆرن، بەڵام بێتە ئاستێک کە یاسای باری کەسی لەسەر دابنرێت و پشت بە مەزهەبەکان ببەستریت ئەوە مەترسییە گەورەکەیە بۆ تەواوی کۆمەڵگە. وەک ڕێکخراوی کۆبەستی کۆمەڵایەتی کورد دەمانەوێط ئەو کۆمەڵە یاسایەی بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی پێشنیار کراوە، واژۆی لەسەر نەکرێت و ڕابگیرێت، بەتایبەت هێزە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق ببنە ڕێگر و بەربەست لەبەردەم تێپەڕاندنی".

هەروەها ماردین گوتی: " ئەگەر ئەو یاسایە تێببەڕێندرێت، ئەوا دەبێت گۆڕانکاری لە یاسای مەدەنی و سزادانیشدا بکرێت، چونکە هەموواری باری کەسی ڕەوایەتی دەدات بەکۆمەڵێک تاوان. ئەگەر ئەو هەمووارە تێپەڕببێت ئەوا پشکی ئاگرەکەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، کێشەی مەزنتر بۆ ژنان دەئافرێنێت. جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دژی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤە کە عێراق واژۆ و پەسەندی کردووە، هەروەها دژی خودی دەستووری ناوخۆی عێراقە".