لە سلێمانی دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیی کۆڕێک بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی کۆڕێک بە ناونیشانی” یاسای باری کەسێتیی بەرەو کوێ؟” بۆ دکتۆر ڕازاو گوڵی مەحموود ئەنجامدرا و باس لە دەرهاویشتەکانی ئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و مەترسییەکانی کرا.

 لە شاری سلێمانی، لەلایەن  ڕێکخراوی ئازادبوونەوە، بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکوانانی مافەکانی ژنان و ڕۆشنبیران، کۆڕێک بە ناونیشانی ” یاسای باری کەسێتیی بەرەو کوێ؟ بۆ چالاکوانی بواری ژنان دکتۆر ڕازاو گوڵی مەحموود، ئەنجامدرا.

ڕازاو گوڵی مەحموود، لە کۆرەکەدا ئاماژەی بەوەدا: "لە ماوەی ٦٤ ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگەی عێراقیی و هەرێمی کوردستان ئەم یاسایە بەڕێوەدەبەن، یاسای باری کەسێتیی یاوەری مرۆڤ دەکات هەر لەساتی لەدایک بوونیەوە تا کۆتایی ژیانی، بەدرێژای ژیان تا دوای مردنی لە بابەتی وەسیەت و میرات، ئەم یاسایە پەیوەستە بەژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە.

ڕازاو گوڵی وتی: "ئه‌م پڕۆژه یاسا‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پێشێلکارییه‌کى ڕووونه‌ تایبه‌ت به ‌مافه‌کانى ژنان و منداڵان، له‌ هه‌مان کاتدا پێشێلکارییه‌کى ڕوونه بۆ ده‌ستوورى عیراقیی و له ‌ڕووی جێبه‌جێکردنی یاساوە لە هەموو بوارەکانیەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بە هەمووارکردنەوەی ئەم یاسایە هەڕەشەی لەبەریەکهەڵوەشان و تێکدانی شیرازەی بنەماڵە و توندوتیژی زیاتری لێدەکەوێتەوە، هەروەها ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان بەرز دەبێتەوە، بۆیە هەموواری یاسای باری کەسێتیی مەترسییە بۆ تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە. لە هەمانکاتدا هەمووارکردنەوەی ئەو یاسایە دەستدرێژییە بۆ سەر تاکی کۆمەڵگا، لەلایەکەوە منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ، ناتوانێت هاوسەرگیریی بکات، بەڵام بەپێی مەزهەب ڕێگەی بۆ دەکرێتەوە ئەمە قبووڵکراو نییە، لەلایەکی دیکەشەوە ڕێگە بۆ فرە ژنی خۆش دەکات، بەڕاستی بە پێی ئەو هەموارکردنەوە کۆمەڵگە بەرە و هەڵدێر دەچیت.

جێی ئاماژەیە لە ٤ـی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموواری یاسای باری کەسێتیی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ کرد، بەپێی ئەو هەمووارکردنەوەیە، لە کاتی ناکۆکی ژن دەبێت بچێتە سەر مەزهەبی هاوژینەکەی و لە کاتی جیابوونەوەش ژن لە مافی دایەنی و میرات بێبەش دەکرێت، هاوکات ڕێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی تەمەن  نۆ ساڵ و هاوسەرگیریکردن لە دەرەوی دادگاکان دەدات.