لە سلێمانی یادی ئەو ژنانە کرایەوە کە لەلایەن پیاوانەوە کوژراون

یەکێتی ژنانی کوردستان لەبەردەم هۆڵی تەواوی سلێمانی بە چالاکیەک ٨ی ئازاریان پیرۆز کرد و یادی ئەو ژنانەیان کردەوە کە لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.

بە بۆنەی ٨ی ئازار ڕۆژی جیهانی ژنان لە بەردەم هۆڵی تەواوی شاری سلێمانی باشوری کوردستان یەکێتی ژنانی کوردستان چالاکیەکیان ئەنجامدا.

لەبەردەم هۆڵەکە وێنەی ئەو ژنانە هەڵواسران کە لەلایەن خزم، هاوسەر، خانەوادە و پیاوانەوە کوژراون و لەبەردەم هەر وێنەیەکیش ژنێکی گەنج بە جلی رەش وەستا کە لەسەر جلەکانیان ' نا بۆ کوشتنی ژنان' نوسرابوو.

لە چالاکیەکەدا هەموو ژنان جلی رەشیان لەبەرکرد و ئاماژەیان بە کوشتنی ژنان دا.

ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی و دەزگاکانی جیاواز بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد و لەبەردەم وێنەی ژنە قوربانیەکان گوڵی نێرگزیان دانا.

'٨ی ئازار رۆژی تێکۆشانی ژنانە'

لەسەر ناوی یەکێتی ژنانی کوردستان کنێر عەبدوڵلا قسەی کرد. کنێر عەبدوڵلا رایگەیاند، ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنانە کە بۆ هاوسەنگی و ئازادی تێدەکۆشن.

هەروەها باسی ئەوەی کرد کە ئەمساڵ ٨ی ئازار لە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و وتی، " لەبەرئەوەی جیهان رووبەرووی شەڕێکی گەورەی سەرمایەداری بووەتەوە. ئەوەش بووتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئابوری، سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتی."

'١٠ ژن کوژراون'

کنێر عەبدوڵلا رایگەیاند، لە کوردستان ژنان لە دۆخێکی سەختدان و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، " لەگەڵ هەموو هەوڵدانەکان بۆ کەمکردنی رێژەی توندوتیژی بەرانبەر ژنان، دەرخستنی راستیەکان، هەوڵدان بۆ بردنی ژنان بۆ نێو دەزگا کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا دەبینین کە دۆخی ژنان باش نییە. رۆژانە کوشتنی ژنان دەبێتە مانشێتی هەواڵەکان. رۆژ نییە کە هەواڵی کوشتن ژنان رانەگەیەنرێت. لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ١٠ ژن کوژراون."

ف.ق