لە تورکیا لە مانگی نیساندا لانیکەم ٢٤ ژن کوژراون

پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان رابگرین رایگەیاند کە لە مانگی نیساندا ٢٤ ژن لە تورکیا کوژراون.

پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان رابگرین راپۆرتی مانگی نیسانی ٢٠٢٢ ئاشکرا کرد. بەپێی راپۆرتەکە لە مانگی نیساندا ٢٤ ژن کوژراون و ١٦ ژنیش بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە.

لە راپۆرتەکەدا دەگۆترێت کە ١٣ ژن بەهۆکاری نادیار کوژراون و ١٠ ژنیش کاتێک ویستویانە لە هاوسەرەکانیان جیاببنەوە کوژراون و ژنێکیش بەهۆکاری ئابوری کوژراوە.

لەو ژمارەیە ١١ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیان و یەکێکیش لەلایەن خۆشەویستە کۆنەکەی، ٧ کەسیش لەلایەن هاوسەرەکانی پێشوویانەوە، ژنێک لەلایەن کوڕەکەیەوە و ژنێکیش لەلایەن خزمێکیەوە کوژراون.

هەروەها لەو ژمارەیە ١٥ کەس لە ماڵەوە، ٤ لە کۆڵان، ژنێک لە نێو ئۆتۆمبێڵ، ژنێک لە کارگە، ژنێک لە پارک و ژنێک لە سەر رێگایەکی بێدەنگ کوژراون.

ف.ق