لە ئیسپانیا ژنان سمیناری 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان'یان سازکرد
هەرەوەزی ژنان لە شاری سۆتۆ دی ریالی ئیسپانیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادی بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سمینارێکیان سازکرد.
هەرەوەزی ژنان لە شاری سۆتۆ دی ریالی ئیسپانیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادی بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سمینارێکیان سازکرد.
لە شاری سۆتۆ دی ریالی ئیسپانیا بە هاوکاری هەرەوەزی ژنانی فیمینیست و ئەنجومەنی شارەوانی لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سیمینارێک سازکرا.
نوێنەرانی رێکخراوەکانی ژنان و چەندین کەس بەشدارییان لە سمینارەکەدا کرد کە لە ناوەندی کولتوری چواز دی لا سیەرای لە ژێر ناونیشانی "شۆڕشی ژنانی کورد: مێژوو و دورنماکەی" بەڕێوەچوو. سمینارەکە لەلایەن نوێنەری گەلی ماپوچا، چالاکوان نەلیدا بەڕێوەبرا و وێڕای ئەزمونی ٤٥ ساڵەی گەلانی بزوتنەوەی ژنان ئەزمونی ژنانی رۆژئاوا لە لایەن نوێنەری کۆنگرەی ستار لە ئەوروپا رۆهاش شێخۆ هەڵسەنگێندرا.
چالاکوانی ژنان نەلیدا باسی لەوەکرد کە بزوتنەوەی ئازادیی ژنانی کورد تێکۆشانێکی شۆڕشگێری بەرەوپێش بردووە و بووەتە ئیلهامبەخش بۆ هەموو گەلان. نەلیدا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان بڕوایان وایە بە ئازادی ژنان کۆمەڵگەش ئازاد دەبێت و وتی: "لەبەرامبەر زۆردەستەیی دیکتاتۆریەت، باوکسالاری، کۆلۆنیالیزم و بەرژەوەندیپارێزی ئێمە لەپێناو ماف و ئازادیی ژنان دەبێت تێکۆشانی ئازادی ژنان بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد بناسین."
پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان شۆڕدەبێتەوە بۆ سەرجەم کایەکانی ژیان
نوێنەری کۆنگرەی ستار لە ئەوروپا رۆهاش شێخۆ باسی لەوەکرد کە هێڵی ئازادیی ژنان لە سەر بنەمای پاڕادایمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی رێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالان لە رۆژئاوا دەستەبەر بووە. شێخۆ هێمای بۆ ئەوەشکرد لە شۆڕشی رۆژئاوا شۆڕشێکی ژنانە و وتی، "کۆنگرەی ستار لە ناو سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی رۆژئاوادا رێکخراوێکی چەترئاسایە. لە بواری یەکسانی کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژیک، سیاسی، دیپلۆماسی و خۆبەڕێوەبەریدا خاوەن رۆڵێکی گەورەیە... هێندەی ئایدۆلۆژیای ئازادی ژنانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شۆڕبێتەوە بۆ کایەکانی ژیان، ئەوەندەش ژنان لە هەموو گۆڕەپان و بوارەکان ئیرادەیان بەدەستدەهێنن".
دیموکراسی رادیکاڵ بونیاد دەنێین
رۆهاش شێخۆ ئەوەشی خستەڕوو، کە لە رۆژئاوا لە دژی دڕندایەتی داعش بە پێشەنگایەتی ژنان بەرخودان و تێکۆشانێکی بێهاوتا گیراوەتەبەر و بەم جۆرە دوا: " لەلایەکەوە بەرخودان و تێکۆشانێکی دژوارکرا، لەلایەکی دیکەوە لەسەر بنەمای ئازادیی ژن و یەکسانی ئێمە پێشەنگایەتیمان بۆ بونیادنانی دیموکراسی رادیکاڵ کرد. ئێمە ئەمڕۆ لە ئابوریەوە تا ئیکۆلۆژی، لە سیاسەتەوە تا دیپلۆماسی لە رۆژئاوا لە هەموو کایەکاندا خۆمان رێکدەخەین. لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، هەموو چەشنە رەگەزپەرستیەک، ئەقڵیەتی باوکسالاری و سیسمی پیاوسالاری، لەپێناو رێکخستنی ژیانی ئەڵترناتیڤ ئێمە تێدەکۆشین. لە هەموو کایە و بوارەکاندا سیستمی هاوسەرۆکایەتی بە بنەما دەگرین. ژنان پەرە بە خۆپاراستن دەدەن. لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک هەم تێدەکۆشین و هەم کۆمەڵگەش پەروەردە دەکەین".
رۆهاش شێخۆ باسی لەوەکرد کە خەباتی دیموکراتیکی رادیکاڵی کۆنگرەی ستار لە کۆمۆن و ئەنجومەنەکان پێکدێت، لە گوندەکانەوەتا گەڕەک وشارەکان بە شێوەیەکی هەرەوەزی و پێکەوەیی و یەکسان خۆی رێکخستووە و خەبات بەڕێوەدەبات. رۆهاش شێخۆ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرشەکانی عەقڵیەتە وەحشی و دڕندەکانی وەک دەوڵەتی تورک و داعش بۆ سەر رۆژئاواکرد و جەختی لەوەکردەوە، لە شۆڕشی رۆژئاوا لەسەر بنەمای پاڕادایمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی ئازادی ژنەوە، سیستمی خۆی بونیادناوە و هۆکاری سەرەکی هێرشەکانیش بۆ سەر رۆژئاوا دامەزراندنی سیستمی ئازادی ژنان و ئیکۆلۆژیکە، کە لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. ئەقڵیەتی نەتەوە-دەوڵەتی کۆلۆنیالیست دەزانێت ئەگەر ئەو سیستمە بەرەوپێش بچێت، کۆتایی بە هەبوونی ئەوان دەهێنێت. هەر ئەمە هۆکاری پەلامارەکانی سەر رۆژئاوایە لەلایە دەوڵەتانی سەردەستی-کۆلۆنیالیست، دەوڵەتانی سەرمایەداری، هێزە دواکەوتووەکان و لایەنگرانی ئەوان. پاراستنی شۆڕشی رۆژئاوا پاراستنی شۆڕشی ژنانە".
هێرشەکانی نەتەوە-دەوڵەت
لە سمینارەکەدا لەسەر مێژووی تێکۆشانی ژنانی کورد، روانگە فەلەسەفی و ئایدۆلۆژیەکانی و بنەما سەرەکییەکانی گفتوگۆکرا و باسی کاریگەرییەکانی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. هەروەها تێکۆشانی ژنانی کورد کە چۆن سیستمی پیاوسالاری، نەتەوە-دەوڵەت و کولتوری باڵادەستی پیاوی هەژاندووە، خرایەبەرباس. لە سمینارەکەدا ئەوە خرایەڕوو کە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە سەرووی دروشمێکەوە هێڵی ئازادییە و تەئکید لەوەکرایەوە کە هێڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئازادی ژن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەچەسپێندرێت.
دواتر دەرگا بۆ گفتوگۆ و پرسیار کرایەوە. ژنانی ئیسپانی کە بۆ یەکەمجاربوو لە نزیکەوە لەگەڵ بزوتنەوەی ژنانی کورد کۆدەبوونەوە باسیان لەوەکرد کە پارادایمی رێبەری گەلی کورد جۆش و خرۆشێکی زۆری پێبەخشیون. بۆ زیاتر لە نزیکەوە ناسینی بزوتنەوەی ژنانی کورد باسی گرنگی یەکگرتن و تێکۆشانی هاوبەش کرا. ژنان سەرنجیان بۆ سەر ئەوە راکێشا کە دەبێت بە زووترین کات لەگەڵ بزوتنەوەی ژنانی کورد تۆڕێکی یەکگرتن سازبکەن.