لە زیندانی ئەوینی تاران هێرش کرایە سەر زیندانیان: وریشە مورادی بریندار بوو

زیندانی ئەوینی تاران کە بە ئەشکەنجەدانی زیندانیان بەناوبانگە، ژنان دژ بە لەسێدارەدان ناڕەزایەتیان نیشاندا. پاسەوانانی زیندان هێرشیان کردە سەر زیندانیان و ڕاگەیەندراوە وریشە مورادی بەندکراوی سیاسی کورد لە هێرشەکەدا بریندار بووە.

دوایین ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هێرشی پاسەوانانی زیندان بۆ سەر بەندی ژنانی زیندانی ئەوین کە دژی لەسێدارەدان ناڕەزایەتیان نیشاندا بوو، ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەم ئەنجامی هێرشەکاندا لانیکەم ١٧ زیندانی بریندار بوون، هەروەها وریشە مورادی لە نێو بریندارەکاندایە.

لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاژانسی هەواڵی ژنان (ژنها) بڵاوی کردووتەوە، باس لەوە دەکرێت کە وریشە مورادی، سپیدە قولیان، سامانە ئەسغەری، ڕیحانە ئەنساری نەژاد، سارینا جەهانی، مەحبوبە ڕەزایی، نەرگس محەممەدی، پەریوش موسلمی، نەسرین خزری جەوادی ، ڕەعنا کۆرکور سەروناز ئەحمەدی و حورا نیکبەخت لەو بەندکراوانەن کە لە ئەنجامی هێرشی پاسەوانی زیندان بۆ سەر ئەو ژنانەی کە بەرامبەر لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی ناڕەزایەتیان دەربڕی، بریندار بوون.

لە ئەنجامی هێرشی پاسەوانی زیندان بۆ سەر ژنانی زیندانی سیاسی زیندانی ئەوین، لانیکەم ١٥ ژن لە بریندارەکان، تا ئێستاش چارەسەری پزیشکییان بۆ نەکراوە و بێبەشن لە چارەسەری و دەرمان.