لەمانگی ئایاردا ١٠ ژن لە باشوری کوردستان کوژراون

لەباشوری کوردستان لە مانگی ئایاردا ١٠ ژن و ٣ منداڵ کوژراون یان بە شێوەیەکی 'گوماناوی' گیانیان لەدەستداوە.

لەباشوری کوردستان کوشتنی ژنان یا خود مردنی گوماناوی ژنان زۆر بووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ژنان (نوژنها) بەشێکی زۆری کۆمەڵکوژی ژنان لە هەرێم وەک 'ناموس و شەرەف' لەناو رای گشتیدا بڵاودەکرێتەوە. لەئەنجامی سیاسەتەکان لە هەرێم لە مانگی ئایاردا ١٠ ژن و ٣ منداڵ کوژراون یاخود بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

ئەو پیاوانەی پێشتر سکاڵایان لەسەر تۆمارکردبوو، ژنایان کوشتووە.

بەم پێیە لە مانگی ئایاردا لە باشوری کوردستان رووداوەکانی کوشتن و توندوتیژی بەم جۆرەن:

"*لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سلێمانی، لە گەڕەکی سەنگاوییەکان لە ٢ی ئایاردا پیاوێک ژنەکەی و سێ کەسی بە چەک کوشت، خەسووی خۆیشی بریندارکرد. بەر لەو کۆمەڵکوژییە سکاڵا لەسەر بکوژ تۆمار کرابوو.

*لە کەمپی ئاوارەکانی بێرسیڤ لە زاخۆ ژنێکی ئێزدی بە ناوی ئە.ق.ئە لە ٥ی ئایار گوشاری خۆکوشتنی لێکرا.

*لەگەڕەکی پەنجاعەلی کەرکوک ٥ی ئایار پیاوێک بە ناوی ناسر عەلی فەتاح هاوسەرەکەی بە ناوی لەیلا ساڵح محەمەد کوشت.

*لە گەڕەکی زەرگەتەی سلێمانی ژنێک شەوی ٥-٦ی ئایار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ بریندارکرا. کەسوکاری ژنەکە رایانگەیاند، هێرشبەرەکە سەرباری ئەوەی پێشتر سکاڵای لەسەر تۆمارکرابوو هەروەها دەستگیرکرابوو بەڵام دواتر ئازادکرابوو.

*لە گەڕەکی تاجیلی هەولێر لە ٩ی ئایاردا پیاوێک بە ناوی ئە.ت. م ژنەکەی بە ناوی بەهار زەکەریا فەتاح کوشت.

*لەگەڕەکی سەرهەڵدانی دهۆک لە ١٠ی ئایاردا ژنێک لە لایەن مێردەکەیەوە کوژرابوو.

*لەشارۆچکەی چەمچەماڵی سلێمانی پیاوێک بە ناوی د.ا.م هێرشی کردبووە سەر ماڵی ت.ی.م کە هاوسەری بوو، لەبەر توندوتیژی گەڕابووەوە ماڵی باوکی، لەو هێرشەدا کەسێک کوژرابوو.

لە گەڕەکی شۆڕشی هەولێر لە ١٤ی ئایاردا پیاوێک هێرشی کردبووە سەر بنەمالەی هاوسەرەکەی. لە ئەنجامدا ژنەکەی برینداربوو.

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پێنجوێن رایگەیاند، لە ١٧ی ئایاردا تەرمی منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ دۆزراوەتەوە.

*لە زاخۆ لە ٢١ی ئایاردا ژنێک بە کوژراوی بینرایەوە.

*لە شارۆچکەی بەردەڕەشی دهۆک لە گوندی نەزراوا لە ٢٣ ی ئایاردا پیاوێک ژنێکی کوشت کە هاوسەرگیری لەگەڵ کردبوو.

*لە کەورگۆسکی هەولێر منداڵێک لە ٢٣ی ئایاردا گوشاری لێکرا کە خۆی بکوژێت.

*لە هەولێر لە ٢٥ی ئایاردا تەمینە عەزیز بە شوێوەیەکی گوماناوی لەماڵەکەیدا ژیانی لەدەستدا.

*لە شارۆچکەی کەلاردا لە ماوەی هەشت کاتژمێردا تەرمی ژنێک و منداڵیک دۆزرایەوە".

هـ . ب