ڕۆناهی سەرحەد: هەڤاڵ بێریڤان گەریلایەکی پێشەنگ و فەرماندەیەکی قارەمان بوو

ڕۆناهی سەرحەد باسی لە بێریڤان زیلان کرد، کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە هێرشی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوو و وتی: "لەو ڕۆژەوە بەشداری ریزی تێکۆشان بوو بووە گەریلایەکی پێشەنگ، بوو بە فەرماندەیەکی قارەمان".

 

ڕۆناهی سەرحەد ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) بە رێزەوە یادی بێریڤان زیلان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پاژک کردەوە، کە ڕۆژی ١٧ی حوزەیران لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیادا شەهید بوو.

ڕۆناهی سەرحەد قسەی بۆ تەلەفزیۆنی ژن تیڤی کرد و ڕایگەیاند، شەهید بێریڤان زیلان لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا و زۆر لە ناوچەکانی کوردستان تێکۆشاوە و شەڕی کردووە و وتی: "هەڤاڵ بێریڤان زیلان بە ماوەیەکی کەم لەوە پێش شەهید بوو. لە کەسایەتی هەڤاڵ بێریڤان زیلاندا بە رێز و پێزانییەوە یادی هەموو هەڤاڵە شەهیدەکانمان دەکەمەوە و سەری ڕێز و نەوازیشیان بۆ دادەنەوێنم. شەهیدبوون لە کوردستان واتایەکی زۆر گەورەی هەیە. بێگومان هەموو شەهیدێک لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژوودا هەڵداوەتەوە و بە تێکۆشانی ئەوان داهاتوومان ڕووناک بۆتەوە. ئێمە قەرزداری ئەوانین، کە پێشەنگایەتیان بۆ تێکۆشان و ئازادی کردووە. لە سەرەتای دامەزراندنی حزبەکەمانەوە شەهید دەدەین. بۆ وەڵامدانەوەی خەون و ئامانجی شەهیدەکانمان پێویستە، چالاکیی گەورە ئەنجام بدرێت.

هەڤاڵ بێریڤان بە خیانەتێک شەهید بوو. دوژمن دەیەوێت بە خیانەت لەو شەڕە، کە ئێستا لە بادینان و ناوچەکانی دیکە بەردەوامە ئەنجامێک بەدەست بهێنێت، بەڵام بەڵێنمان بە شەهیدەکانمان داوە، بەڵێنی ئازادیمان داوە، کە خاوەندارییان لێ بکەین و وەک ئەوان تێبکۆشین و شەڕ بکەین. هەڤاڵ بێریڤان زیلان لە ساڵی ١٩٩١ەوە و لە کاتی بەشداربوون لە ناو ژیان و تێکۆشانی دا هێڵی ڕێبەرایەتیی بۆ خۆی کردە بنەما. لە ناخی دڵەوە دڵسۆزی ئازادی و تێکۆشان بوو. هەم لە چیاکانی کوردستان و هەم لە هەرێمەکانی دیکە پێشەنگایەتیی کرد، ئەوە کارێکی ئاسان نییە، کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە لە ناو خەبات و تێکۆشاندا بمێنیتەوە. ئەو بۆ چەندین ساڵ لە دژوارترین بارودۆخی شەڕ و تێکۆشاندا درێژەی بە تێکۆشان دا. لە هەموو بارودۆخێکدا لە دژی هەموو سەختی و زەحمەتییەک دەوەستایەوە و بۆ سەرکەوتن تێدەکۆشا.

پێش هەموو شتێک بەهۆی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان و بە هۆی کۆمەڵکوژییەکانی تر، کە لە کوردستان ئەنجامدران هەڤاڵ بێریڤان زیلان ڕق و کینەی گەورەی لە دوژمن هەبوو. هەڤاڵ بێریڤان بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە دڵسۆزی ڕێبەرایەتی بوو، بۆیە ئازادیی جەستەیی ڕێبەرایەتی یەکێک بوو لە ئامانجە هەرە گەورەکانی هەڤاڵ بێریڤان. ئێمە وەک شۆڕشگیڕان و جەنگاوەرانی ئەم پارتە بۆ ئەو مەبەستە شەڕ دەکەین و تێدەکۆشین، بەڵام هەڤاڵ بێریڤان ویستی پێشەنگایەتیی بۆ تێکۆشانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرایەتی بکات و ئەو زۆر لەو پێناوەدا تێکۆشا. هەڤاڵ بێریڤان زیلان لە منداڵەوە تاوەکو بەساڵاچووان، لەگەڵ هەموو کەسێکدا بە شێوەی گونجاو دەجوڵایەوە و جوانترین نمونەى لە تێکۆشان نیشانی هەموان دەدا".

بە فەلسەفەی ئازادییەوە ژیا

ڕۆناهی سەرحەد ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پاژک ڕاشیگەیاند، شەهید بێریڤان زیلان ناوی بەنەفش ئاگال (بێریڤان)ی بۆ خۆی لە ناو پارتیدا هەڵبژارد و وتی: "هەڤاڵ بێریڤان زیلان هەمیشە دەیوت، 'دەمەوێت بەم ناوەوە وەک بەنەفش ئاگال پێشەنگایەتیی بۆ ڕاپەڕینەکانی گەل بکەم'. لە کاروباری ناو گەل دا بە ڕۆحی هەڤاڵ بەنەفش ئاگال ڕەفتاری کرد. لەناو پارتیدا لەسەر هێڵی زیلان تێکۆشا و شەڕی کرد و ڕۆڵی پێشەنگایەتیی گێڕا، ئەو زۆر دڵسۆزی ڕێبەرایەتی و هێڵی ئازادی بوو. هەڤاڵ بێریڤان بە فەلسەفەی ئازادییەوە ژیا. ئەو لەلای هەڤاڵەکانی زۆر خۆشەویست بوو. ئێمە ئەو هەڤاڵە زۆر جوانەمان لە دەست دا، بەڵام هەرگیز لە مێژوودا شەهیدەکانمان بەتەنیا جێناهێڵین، ئێمە هەمیشە خاوەندارییان لێدەکەین و یادیان بە زیندووی ڕادەگرین.

ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی تێکۆشانی ئازادیی ژنان دا هەبوو

هەڤاڵ بێریڤان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی بینی لەگەشەپێدانی تێکۆشانی ئازادیی ژنان دا. لە بەشداربوونیەوە لە ناوچەی سەرحەد، خواکورک، زاگرۆس و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بوو بە گەریلایەکی پێشەنگ و فەرماندەیەکی ئازا و قارەمان. لە هەمان کاتدا بۆ پەروەردەکردنی هەڤاڵەکانی زۆر تێکۆشا و کاری زۆری ئەنجامدا. ڕۆڵێکی سەرەکیی بینی لە گۆڕینی عەقڵییەت و شۆڕشی زیهێنی دا. بۆیە زۆر خۆشحاڵ بوو، کە لە ئەکادیمیای زەینەب کناجی وانەی مێژووی کوردستانی دەوتەوە. هەروەها بایەخ و پەرۆشییەکی زۆری بە مێژووی تەڤگەری ئازادیی کورد دەدا. هەڤاڵ بێریڤان لەو کاتەوە، کە وانەى مێژووی کوردستان و بزووتنەوەکەمانی دەدایەوە، هەر خۆیشی وەک هەموو هەڤاڵان خۆی نوێدەکردەوە. ئەو بە عەشق و خۆشەویستییەوە دڵسۆزی ژیان بوو.

وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری یەکەمین پێوەرە لەناو پارتەکەمان پاژک دا، هەڤاڵ بێریڤان بە دڵسۆزی بۆ خاک و مێژوو لە قوڵبوونەوە لە ئازادیی ژن دا لە کەسایەتی خۆیدا نوێنەرایەتییەکی گەورەی بۆ ئازادیی ژن دەکرد. بە پێوەرەکانی ئازادی دژی باڵادەستی ی پیاو و توندوتیژیی پیاو ڕەفتاری کردووە. هەڤاڵ بێریڤان لە هەموو شوێنێک بە پێی پێوەری ئازادی تێدەکۆشا و لە هەموو شوێنێکدا تێدەکۆشا بۆ ڕێکخستنی  ژنان و یەکێتیی ژنان و خۆشەویستیی ژنان و خۆشەویستی ژنان بوو. هەڤاڵ بێریڤان ئەمەی بە ژیانی خۆی لە تێکۆشاندا دروستکرد".

هێرش دژی هێڵی ئازادی ژنانە

ڕۆناهی سەرحەد ڕایگەیاند، شەهید بێریڤان زیلان ماوەی ٣٠ ساڵی تەواو و چڕوپڕی لە ناو تێکۆشانی ئازادیدا بە سەرکەوتویی تێپەڕاند و وتی: "هەڤاڵ بێریڤان هەر ئەو جۆش و خرۆش و پەرۆشیەیی سەرەتای بەشداربونی بۆ بەشداریکردن لە کار و ئەرکەکانی پارتی دا تیادا بوو. سەبارەت بە تێکۆشان و هەڤاڵان وێنە، شێعر و نووسینەکانی کۆدەکردەوە، واتە هەم بیر و هۆش و یادگەى مێژووی دەپاراست هەم نەیدەخواست ئەو شتانە ون ببن. پەرۆشی و وەفای بۆ شەهیدان، هەڤاڵان، ئازادی، تێکۆشان و گەل بە دڵسۆزی بۆ ڕێبەرایەتی پێناسە دەکرد، بۆیە بۆ هەڤاڵ بێریڤان خۆشەویستنی وڵات، خۆشەویستنی ژنان خۆشەویستنی ئازادی بوو. بە ناوی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانەوە، ئێمە هەرگیز هەڤاڵ بێریڤان لە بیرناکەین. ئەو ئەندامی ئەنجومەنی پاژک بوو. لە هەمان کاتدا لە چیاکان و لەناو کۆمەڵگەدا ڕەنج و زەحمەتێکی زۆری کێشابوو. ئێمە هەمیشە خاوەنداری لەو ڕەنج و زەحمەتانەى دەکەین. بێگومان بەشداریکردن لەو ڕەنج و زەحمەتکێشانەى، وەڵامێکە بۆ شەهیدان، کە مانای سەرخستنی ئەم شەڕ و تێکۆشانە دێت.

ئێمە دەزانین کە ئەم هێرشە دژی هێڵی ئازادی ژنانە. دوژمن دەیەوێت هێڵی ئازادی لە کەسایەتیی هەڤاڵ بێریڤان و شەڕڤانانی یەژاستاردا لە ناوببات، بەڵام هێڵی ئازادی لە کوردستان ئیدی ئێستا فەلسەفە و هەڵوێست و ئیرادەیە. لە شاخەوە تا شارەکان، لە کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات، ئەم هێڵی ئازادییە بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبووەتەوە. کەس ناتوانێت ئەم هێڵە تەنها بە هێرشی سەربازی لەناوببات، بۆیە ئێمە ئەم شەڕە بە سەرکەوتن بە ئەنجام دەگەیەنین، بۆیە بەڵێنمان داوە، کە ئازادیی جەستەیی ڕێبەرایەتی مسۆگەر بکەین. جارێکی تر لە کەسایەتیی هەڤاڵ بێریڤان زیلان دا، بە سوپاس و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدانی کوردستان  دەکەمەوە".

ژ.ت