ڕۆناهی سەرحەد: وانەیەکی مێژوویی لە ٨ی مارسدا درا

رۆناهی سەرحەد ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) ڕایگەیاند، ژنانی گەلانی جیاواز ڕژانە گۆڕەپانەکان بۆ ٨ی مارس و وانەیەکی مێژووییان بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دا.

ڕۆناهی سەرحەد ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) لەبارەی هەڵوێستی ژنان لە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ڕۆناهی سەرحەد لە سەرەتای وتەکانیدا سڵاوی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و بەبۆنەی ٨ی مارسەوە یادی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کردەوە و ٨ی مارسی شۆڕشگێڕان، زیندانیانی سیاسیی ژن و لە کەسایەتیی ئەمینە شەنیاشاردا لە هەموو دایکانی پیرۆز کرد.

ڕۆناهی سەرحەد ئاماژەی بەوەکرد، لە دژی هێرشی زایەندی، نەتەوەپەرەستی، ئایینپەرەستی، جینۆساید و پاکتاوکاری و فاشیستەکانی سیستمی پیاوسالاری، ژنان بە شکۆوە وەڵامیان داوەتەوە و لە گۆڕەپانەکانی ٨ی مارس دا وتیان "چالاکییەکانی ٨ی مارس ورە و موراڵێکی گەورەی بە کۆمەڵگە و گەلان دا و تێکۆشانی گەیاندە قۆناغێکی نوێ".

ڕاشیگەیاند، ژنان لە ساڵی ٢٠٢١دا لە دژی هێرشە پاکتاوکارییەکان، زایەندپەرەستی و توندوتیژییەکانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت – نەتەوە تێکۆشان و بەرەنگارییان کرد و تیادا سەرکەوتن و سەرکەوتنەکەشیان بە ٨ی ئادار تاجدار کرد.

ڕۆناهی سەرحەد وتیشی: "ئیرادەی ئەو تێکۆشانە، کە لە ٨ی مارسدا سەریهەڵداوە هەر لە ئێستاوە سەرکەوتنی ساڵی ٢٠٢٢ی دیاریکردووە و ڕێگای سەرکەوتنی نیشان داوە و ئەم هەڵسەنگاندنەی خوارەوەی کردو

"لە بەتەمەنترینەوە بۆ گەنجترین، ژنانی گەلانی کورد، عەرەب، تورک، ئەرمەن و سریانی بەرەو گۆڕەپانەکانی ٨ی مارس بەڕێکەوتن و وانەیەکی مێژووییان دا بە دەسەڵاتی تەکپەرەست و فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە. لە مێژووی تورکیادا دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە وەک دوژمنی گەل و ژنان، دەسەڵاتی چەوسێنەر و زۆردار، نەتەوەپەرەست و زایەندپەرەست گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. تاکە ئەڵتەرناتیڤی ئەم دەسەڵاتە ژنانن. ئەو ژنانە، کە بە بەرنامەی تێکۆشانی 'کات کاتی ژنانە' کەوتونەتەڕێ و بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' پێشوازییان لە تێکۆشانی ساڵی ٢٠٢٢ کرد، شۆڕشگێڕترین هێزی گۆڕانن. هەموو ژنێک و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەوانەى بڕوایان بەخۆیان هەیە. بەشێوەیەکی ستراتیژی لە یەکپارچە و یەکگرتووانە لە خەبات و ڕێکخستن و پاراستن نزیک دەبنەوە و ئەوەیان بۆ سەلێنراوە، کە سەدەی ٢١ دەتوانێت ببێت بە سەدەی ژنان و گەلان. جگە لە ژنانیش کەس ئەو هێزەی نییە".

ڕۆناهی سەرحەد ئاماژەی بەوەدا، ٨ی مارس مێژووی ڕاپەڕینی سەدەی ئێستایە و وتی: "مێژووی مرۆڤایەتی لە سەدەی ٢١دا بە تێکۆشانی ژنان دیاری دەکرێت، بۆیە ٨ی مارس تەنیا پیرۆزباییەک نییە، بەڵکو هاوکات پاراستنی بوونی ژنانە، ڕاپەڕینێکە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی. ژنان ئەکتەری گۆڕانی کۆمەڵایەتین، دینامیکترین هێزی شۆڕشگێڕن".

رۆناهی سەرحەد ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) لە بەردەوامیی شیکارییەکانیدا وتی: "دەرکەوتووە ژنان لە کوردستان هێزێکی کۆمەڵایەتین، لە ناوچەکە و جیهاندا وەک بزووتنەوەیەک لە دژی سیستم، بنەڕەتیترین و  کاریگەرترین هێزە، کە دەتوانێت هێڵی سیاسی ئەم سەدەیە پێناسە بکات. ئیتر ژنان داوای مافی خۆیان لە سیستمی نێرسالاری ناکەن. ژنان بۆ تێکشاندن و لە ناوبردنی سیستمی زایەندپەرەست و میلیتاریستیی نەتەوە – دەوڵەت لە ژێر باڵادەستیی پیاوی داگیرکەردا، سیستمە جوان و دادپەروەرانە و دیموکراسی و ئازادیەکەیان و کۆمەڵگەى نوێ دەئافرێنن".

ڕۆناهی سەرحەد ئاماژەی بەوەشکرد، کاتی ئەوە هاتووە لە دژی سیاسەت و باڵادەستیی پیاو، سیاسەت و هزری ئازادیخوازی ژنان بە چالاکیی کاریگەرترەوە ئەنجام بدرێت و وتی: "بۆیە هەڵمەتی 'کات کاتی ژنان"، کە بزووتنەوەی ژنانی کوردمان دەستیان پێکردووە هێڵی تێکۆشانی ساڵی ٢٠٢٢ دیاری دەکات"

ڕۆناهی سەرحەد باسی لە کاریگەریی گوڕ و تینی ٨ی مارس لەسەر نەورۆز کرد و وتی: "سەرهەڵدانی ئازادی بە پەرۆشییەوە، بە باوەڕبوون بە تێکۆشان، بیروبۆچوونە سیاسییەکان، هیوا بەهێزەکان، کە لە ٨ی مارسدا سەریهەڵدا، یەکگرتنە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ. تێکشکاندنی ئیمراڵی پەیمانی ئازادیی ژنانە، کە خۆیان گەیاندووەتە فەلسەفەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ. ئەو ژنانە، کە لە ٨ی مارس ڕژانەگۆڕەپانەکان بە دروشمی 'کات کاتی ژنانە'، بە دڵنیاییەوە ئازادی رێبەر ئاپۆ وەک ئازادی ژنان دەگەیەننە نەورۆز. ئێمە لە ئێستاوە نەورۆزی ڕێبەرایەتی لە هەموو ژنان پیرۆز دەکەین".

ژ.ت