پارێزەری ڤورگون: دەزگای داد و دادوەریش شەڕی تایبەت لە دژی ژنانی کورد بەڕێوەدەبات

پارێزەر ئۆزوم ڤورگون هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە / OHD) لە ئامەد ڕایگەیاند، هێرش لە دژی ژنانی تورکیا ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە دژی ژنانی کوردستان سیاسەتی شەڕی تایبەت و جیاکاریکردن بەڕێوەدەبێت و ئەو سیاسەتە لە دادگاکاندا دەبینرێت.

پارێزەر ئۆزوم ڤورگون هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە / OHD) لە ئامەد لە بارەی دادگایکردن و سزادانی ژنان لەم ساڵانەی دوایدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

پارێزەر ڤورگون ڕایگەیاند، تورکیا بە کشانەوە لە رێککەوتنی ئیستەنبووڵ نیشانی دا، کە لە ئێستاوە بەرامبەر بە ژنان ستراتیژی و سیاسەتێکی سەرکوتکارانە بەڕێوەدەبات و ڕایگەیاند، ئەو ستراتیژە بەتەواوی لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنی ژنان و نەهێشتن و لە ناوبردنی ژنان داڕێژراوە.

پارێزەری ڤورگون ڕایگەیاند، لە دژی ژنانی کورد یاسایەکی جیاوازی دوژمنکارانە پەیڕەو دەکرێت و وتی: بێگومان هێرشیش دەکرێتە سەر ژنانی تورکیا، بەڵام سیاسەتێکی تایبەت و جیاوازی شەڕ لە دژی ژنانی کورد پەیڕەو دەکرێت. مرۆڤ ئەو سیاسەتە لە دادگاییکردنەکانیشدا دەبینێت. بۆ نموونە چالاکوانانی بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (تەژا) زەلال بیلگین بە ١٠ ساڵ زیندانیکردن و عایشە گۆککانیش بە ٣٠ ساڵ زیندانیکردن حوکمدران.

 هەروەها پارێزەری ڕوشەن سەیدا ئۆغڵو بە ٦ ساڵ زیندانی و شازیە جانتەپە و چەندین چالاکوانی ژنی کورد سزایان لە دژ دەرکراوە. ئەو جەنگە سارد و تایبەتە لە دەزگای داد و دادگاکاندا بە عەقڵییەتی نێرینە بەڕێوەدەچێت. ئەو سیاسەتانەی شەڕی تایبەت، کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لە کاردان، ئەمڕۆ لە ئاستێکی زیاتر و جیاوازتردا لە کوردستان بەردەوامیی پێدەدرێت".

پارێزەری ڤورگون ڕایگەیاند، سیاسەتی شەڕی تایبەت بۆ نەهێشتنی تێکۆشان و عەقڵییەت و هۆشمەندیی ژنان لە کەسایەتیی موسا ئۆرهان و ئۆنور گەنجەردا پەیڕەو دەکرێت و وتی "ئەوە کردار و کاری بەرپرسانی گشتی بوو. بە جل و بەرگ و یونیفۆرمی فەرمییەوە خەڵکیان کوشت. ئەنجامدانی توندوتیژی بەو جل و بەرگانەوە لە ساڵانی ١٩٩٠ تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە.

لەکوردستان ئیدی ئێستا توندوتیژی بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت. هاوبۆچوون و هاو زایەندەکانمان کاتێک هەوڵ دەدەن و تێدەکۆشن ڕێگری لەو هێرشانە بکەن بە میکانیزمی دادگا و یاسا و لە رێگەى دەزگای دادەوە دەکرێنە ئامانج. بۆیە دەبێت باس لە دۆخ و پێگەى  دەستووریی ژنانی کورد بکەین.

 پێش ئەوەی پرسیار بکرێت بۆچی ئەو هەموو ساڵە سزا بۆ ئەو ژنە چالاکوانانە دەرکراوە، دەبێت پرسیار بکرێت، بۆچی دادگایی دەکرێن، چونکە لە بنەڕەتدا هەموو هێرشەکان بە ئامانجی هەراسانکردن و لاوازکردنی ژنان و کوشتنی ژنان ئەنجام دەدرێن".

"ئێمە دەستبەرداری تێکۆشانی خۆمان نابین"

پارێزەری ڤورگون ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی ژنان بەرەو پرۆسە و قۆناغێکی جیاواز دەڕوات و وتی: "لە دژی ژنانی کورد یاسای دوژمنکارانە پەیڕەو دەکرێت".

پارێزەر ئۆزوم ڤورگون هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە / OHD) ڕایگەیاند، لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەو سیستمە بۆ سەر ژنان ڕادەوەستن و بەرەنگاری دەکەن و وتی: "بەرخۆدان و شۆڕشی ژنان هەمیشە بەهێز دەبێت. بە کوشتار و زوڵم و زۆرداری پێمان ناوێرن. ئێمە هەرگیز واز لە دەستکەوتەکانمان ناهێنین و دەستبەرداری تێکۆشان نابین".

ژ.ت