لە ڕاگەیاندراوێکی نوسراودا ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لەدەرەوەی وڵات، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکییان شەرمەزارکرد و بانگەوازییان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد.
لەسەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە خەلکان شەرمەزارکراوە و هاتووە: " ئەو هێرشانە بووە هۆی شەهید بوونی باوکێک و دوو کوڕی بێ تاوان لە خەلەکان، ئەم کردارە نەک تەنها کارێکی قێزەون و ترسنۆکانەیە بەڵکۆ کارێکی تیرۆرستیانەیە و تەواو پێچەوانەی جاڕنامەی مافی مرۆڤە."
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە مەترسی بێدەنگییەکان لەبەرامبەر ئەو هێرشانە دەکات و دەڵێت: "ئەگەر بێدەنگی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر ئاوا بەردەوام بیت، دڵنیابن ناگاتە ساڵێکی تر هەموو چالاکوانان و ئازادی خوازان شەهید دەکرێن، وە تورکیا بەیەکجاری خاک و وڵاتمان داگیر دەکات."
لە کۆتاییدا بانگەوازی تێکۆشانی هابەش دەکات و دەڵێت: "پێویستە هەموومان بەبێ گوێدان بە لایەنە حیزبی و بۆچوونە جیاوازەکان خاوەن هەڵوێست بین و کوردانە بیربکەینەوە بەرامبەر بەم هەموو نادادی و داگیرکاریە ھەڵوێستمان یەکخەین."