پەیامی کۆمیتەی ژنانی باشوری کوردستان لە دەرەوەی وڵات بۆ ٨ی ئادار

کۆمیتەى ژنانی باشووری کوردستان لە دەرەوەى وڵات پەیامێکیان بە بۆنەى ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکە

ئێمەش هەموو رۆژێک دەکەینە هەشتی ئادار

لە رۆژانێکدا کە ژنان بەربەستەکانی دەسەڵاتداران لە بەپاساوکردنی کۆرۆنا بۆ سەرکوتی کۆمەڵگەکان بە تایبەتی ژنان وەلاوە دەنێن و دەڕژێنە مەیدانەکان، ماسکی ساختەکارانەی سیستەم و دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەدڕینن، بانگەوازی دروشمی ئازادی ، ژیان و هیوا دەڵێتەوە، دەنگیان دەگەیەننە یەک و پەیمانیان بۆ یەکتر نوێ دەکەنەوە، یادی هەشتی ئادار دەکەنەوە، ئەوەی ئەمرۆ هەشتی ئاداری گەیاندۆتە واتای راستەقینەی خۆی و هەمو رۆژێکی کردۆتە هەشتی ئادار، بزوتنەوەی ئازادی ژنی کوردستانە کە بە قوربانیدان و تێکۆشانێکی بێوچان مۆری خۆی لە نیو سەدەی تێکۆشان داوە و بە خۆگەیاندنە ئاستێکی فراوانی خۆرێکخستن کردن و پراکتیزەکردنی فەلسەفەی دیموکراسی راستەوخۆ، ئازادی ژن و ئەکۆلۆژی یەکێکە زیندووترین بزوتنەوەکانی جێی ئومێد و ئیلهام لە هەموو جیهان دا نەک تەنیا لە کوردستان.

ئێمەی ژنانی باشوری کوردستانیش لە دەرەوەی وڵات بە ئیلهام وەرگرتن لەو فەلسەفەیە خۆمان رێکخستن دەکەین. روومان لە کوردستانە و هەم بە ئێش و ئازارەکانیەوە و هەم بە جۆش و بەرخودانییەکانیەوە دەژین، هەمیش لە نێو کۆمەلگەی کوردستان لە تاراوگە بەو بەرخودانە و خۆبونیادنانەوەی ژنان لە کوردستان ئێمەش هەموو رۆژێک دەکەینە هەشتی ئادار و پێهەڵگری ئەزمونەکانی ئەوان دەبین. بە باوەڕمان بە شۆڕشی ئازادی و هەست و درکردن بە هەر ساتەوەختێکی و خۆگەیاندنە ئاستی خۆرێکخستنکردنێکی فراوان، هەشتی ئادار لە هەموو ژنانی ئازادیخوازی جیهان، دایکانی شەهیدان  پیرۆز دەکەین یادی ئەو ژنانە دەکەینەوە کە لە پێناوی ئازادی دا ژیانیان لە دەستدا و هەم ئەوانەی لە ئەنجامی توندتیژی زهنیەتی پیاوسالاری، داگیرکاری و کۆنەپەرستی ژیانیان لێسەندرایەوە

ژ.ت