رێکخراوەکانی ژنانی باکوری ئەفریقا هاوسۆزی خۆیان بۆ ژنانی رۆژنامەوانی کورد دەربری

رێکخراوەکانی ژنان لە باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشەکانیان لە دژی رۆژنامەوانانی ژنی کورد بە توندی شەرمەزار کرد و ئاماژەیان بە گرنگی هاوپەشتی لە دژی رژێمە ستەمکارەکان کرد.

رێکخراوی هەماهەنگی ناوچەیی و جیهانی ژنانی باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی لە دژی رۆژنامەوانان لە سلێمانی شەرمەزار کرد، کە لە ئەنجامدا رۆژنامەوانان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون.

رێکخراوەکە داوای لە ژنانی جیهان کرد کە بەرامبەر بەو هێرش و گوشارانە یەک بگرن، بەرەی خۆیان بەهێز بکەن و راشیگەیاند، کە هەڵوێستوەگرتن لە بەرامبەر سیستمە ستەمکارەکان پێویستی بە هاوپشتی و پشتیوانی هەیە.

هەروەها رێکخراوەکە جەختیکردەوە، کە تاوانی لەو جۆرە تێکۆشانی ئەوان راناگرێت و رایگەیاند، "بەپێچەوانەوە خوێنی شەهیدان دەبێتە هەوێنی گەورەکردنی تێکۆشان تا بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری".