رەژاک: بە تێکۆشانمان سیستمی پیاو-دەوڵەت دەڕوخێنین
رەژاک لە یەکەم ساڵیادی کۆمەڵکوژی دووەمی پاریسدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند: "بە تێکۆشان و ئیرادەمان سیستمی پیاو-دەوڵەت دەڕوخێنین".
رەژاک لە یەکەم ساڵیادی کۆمەڵکوژی دووەمی پاریسدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند: "بە تێکۆشان و ئیرادەمان سیستمی پیاو-دەوڵەت دەڕوخێنین".
رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک) بە بۆنەی یەکەم ساڵیادی کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
"کۆمەڵکوژی ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پاریس لەلایەن سیستمی پیاو-دەوڵەتەوە ئەنجامدرا. لە کەسایەتی شۆڕشگێڕ و پێشەنگی ژنان ئەڤین گۆیی هێرش کرایە سەر تێکۆشان و بەهاکانی دایکە ژنی پێنج هەزار ساڵە، لە کەسایەتی هونەرمەندی کورد میر پەروەر هێرشکێک بوو بۆ سەر کولتور و ناسنامەی کورد و لە کەسایەتی وڵاتپارێز عەبدولرەحمان کزڵدا هێرشێک بوو بۆ سەر ئەو هۆگری و پەیوەستبوونەی گەلی کورد بە پاڕادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژن.
وەک درێژکراوەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەر ئاپۆ راوەستە لەسەر ئەو کۆمەڵکوژیە دەکەین، هەروەها درێژەی ئەو کۆمەڵکوژیەیە کە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە دژی شۆڕشگێڕی ٤٠ ساڵ خەبات هەڤاڵ سارا و هەردوو هەڤاڵانی ئەنجامدرا و بەردەوامی ئەو کۆمەڵکوژیە زەنگی مەترسیبوو کە تا چ ئاستێک ئەقڵیەتی سەرمایەداری و نەتەوە- دەوڵەت لە دژی تێکۆشانی ژنانی ئازاد قووڵ و بێ پشوودرێژییە.
کردنە ئامانجی ژنان، شۆڕشگێڕان و پێشەنگان لە ئەنجامی هەڵوێستی قارەمانانەیان بوو. لەبەر ئەوەی ئەو تایبەتمەنیانەی لە کەسایەتی خۆیاندا بونیادیاننابوو لە دژی ئەو سیستمەبوو، لە دژی ئەو ئەقڵیەتەبوو کە هەموو رۆژێک ژنان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتداری خۆیان دەکاتە قوربانی. ئەو هێرشە، هێرشێکی پلانبۆداڕێژراوی رەگەزپەرستی و سەرمایەداریبوو. هێرشێکە لە دژی شۆڕشی ژیان، ژیان، ئازادی. هەربۆیە داوا لە هەموو ژنان دەکەین کە بە یەک گیان و یەک دەنگ شەپۆلی تێکۆشان بەهێزتر بکەن. ئێمەش وەک رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ئەو کۆمەڵکوژیە بە توندی شەرمەزار دەکەین و بەڵێنی بەردەوامی و گوڕدان بە تێکۆشانی ئازادی ژنان دووبارە دەکەینەوە. وەک ژنان ئێمە بە تێکۆشان، رێکخستنبوون، ئیرادە و یەکێتی خۆمان سیستمی پیاو دەوڵەت دەڕوخێنین و تێکۆشانی ئازادی دەگەیەنینە سەرکەوتن. بە تێکۆشانی ژنان تۆوی ئازادی لە تەواوی جیهان ومرۆڤایەتی گەشە دەکات".
هـ . ب