سەباحەت تونجەل: لەڕێگەی تێکۆشانەوە ژیانێکی ئازاد بەدەست دەهێنین

ژنان لە وۆرک شۆپی پلانسازیی ستراتیژیی ژنان لەسەر پێشنیارەکانی چارەسەر قسەیان کرد. سیاسەتمەدار سەباحەت تونجەل گوتی: "گەر تێکۆشان هەبێت، سەرکەوتنیش هەیە. ئێمە لەڕێگەی تێکۆشانەوە ژیانێکی ئازاد بەدەست دەهێنین".

وۆرک شۆپی پلانسازیی ستراتیژیی ژنان ٢٠٢٥-٢٠٢٩ لەلایەن شارەوانی گەورەشاری وانەوە لە هۆتێلێک ئەنجامدرا، بە بەشداری نوێنەری پارتە سیاسیەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان بەڕێوەچوو.

سەرۆکی فەرمانگەی سیاسەتەکانی ژنانی شارەوانی وان، ڕەفیقە سۆنمەز قسەی کرد، داوای کرد ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵی چالاک بگێڕن، بۆ بوژانەوەی شارەکە و جڤاک. گوتی: "پێویستە ژنان لەم پلانسازییە ستراتیژییەدا جێ بگرن".

هەروەها پەرلەمانتاری دەم پارتی سومەیە بۆز، ڕایگەیاند ژنان لە بواری ئیدارەی خۆجێی دەتوانن ڕۆڵی هەرە باش بگێڕن، گوتی: "وێرانکارییەکانی قەیوم شارەکەی بێ کاریگەر کردووە. ئەم پلانسازییە ستراتیژییە هێزی ژنان بەهێزتر دەکات".

سیاسەتمەدار سەباحەت تونجەل دەربارەی بابەتی "ئیدارەی خۆجێی و سیاسەتی ژنان" دوا، ڕایگەیاند ڕۆڵگێڕانی ژنان لە سیاسەتدا ئاسان نییە، دووپاتی کردەوە ڕۆڵی ژنان دزراوە و ڕەنجیان لەناوبراوە، گوتی: "زیهنیەتی پیاوسالاری ڕەت دەکەینەوە. ئێمە ئیدارەیەک بنیات دەنێین کە لێمان تێدەگات و لە ڕێگەی گفتوگۆوە بەڕێودەبرێت. زۆر گرنگە ئیدارەی شار نوێنەرایەتی لەم بابەتەدا هەبێت. نیوەیان ژنن. ئیدارەیەکی دیموکراتیک بەبێ ژن نامومکینە. ئێمە سیستەمێکمان بنیات ناوە کە دەبێت ژنانی تێدابێت. سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە جڤاکیشدا قبووڵ کراوە. ئێمە دەڵێین تا ژنان ئازاد نەبن جڤاک ئازاد نابێت".

پاشان ژنان پێشنیار و سەرنجەکانیان لەسەر پلانە ستراتیژییەکە دەربڕی.

ڕاگەیاندرا کە ئەنجامنامەی وۆرک شۆپەکە لە ڕۆژانی ئایندە ئاشکرا دەکرێت.