ستاتۆی كوردان لەمەترسیدایە

دەوڵەتی داگیركەری تورك ئامانجی لە بونیادنانی رێڕەوی بازرگانی نوێ، لەبنەمادا بۆ بێ كاریگەرهێشتنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و خنكاندنی هەرێمی باشوری كوردستان و لەگشتیدا هەڵوەشاندنەوەی ستاتۆی باشور و رۆژئاوای كوردستان و شەنگاڵە.

كوردی ئازاد ناسنامەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوین، ئەمە سەرناوی پەرتووكی مانیفستۆی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێیە كە رێبەر ئاپۆ لەساڵی ٢٠٠٢بۆ دادگای ئەسینا نووسیوویەتی. رێبەر ئاپۆ لەو مانیفستۆیەدا جارێكی تر راستینەی پەیوەندی كورد لەگەڵ گەلانی تورك و فارس و عەرەب و یۆنان هەڵدەسەنگێنێت و تیشك دەخاتە سەر رۆڵی پێشەنگایەتی كردنی گەلی كورد لەدۆستایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و دیموكراتیانە لەگەڵ ئەو گەلانەدا و هاوكات باس لەئیفلاسی پارادایمی سیستەمی جیهانی دەكات و راستینەی كوردی ئازاد و گرنگی شوناسی مرۆڤی ئازاد لەسەرلەنوێ دیزاین كردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ دەخاتە روو و ئەوە دەسەلمێنێت كە كوردی ئازاد ناسنامەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوینە و سەر لەنوێ دیزاینكردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوین بەبێ لەبەرچاو گرتنی كوردی ئازاد پێكنایەت و ئەوەش حەقیقەتێكە.

 لەبەر ئەوە ئەم كورتە باسم هێنایە سەرزار؛ چونكە ماوەی چەندین ساڵە دەوڵەتی داگیركەری تورك و حكومەتی ئاكەپە و هاوپەیمانی ئەردۆغان ـ باخچەلی ـ هۆداپار دەیانەوێت لە دیزاینی نوێی رۆژهەڵاتی ناویندا كوردان بێ بەری و هاوشێوەی سەدەی بیستەم بەسیاسەتی قڕكردن و كۆچبەری و توانەوە و ئاسیمیلاسیۆن و كۆمەڵكوژی و پاكتاویان بكەن. سەردانی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورك و سەرۆكی پێشووی دەزگای ئیستخباراتی میت لە ١٤ی ئاداری ٢٠٢٤و سەردانی سەرۆككۆماری دەوڵەتی تورك"رەجەب تەیب ئەردۆغان" لە ٢٣ی نیسان بۆ بەغداد و هەولێر لەسەر هەمان بنەما و رێچكەی سیاسی، دیبلۆماسی، پەیوەندی چەند لایەنە پێكهات. دەوڵەتی داگیركەری تورك و نوێنەری بەكرێگیراوی سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری لەرۆژهەڵاتی ناوین هەموو هەوڵەكانیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بەهاوكاری دەوڵەتانی تری داگیركەری سەر كوردستان و بەپاڵپشتی ناتۆ و ئەوروپا و ئەمریكا و هێڵی كوردی خائین و رادەستبوو، هاوپەیمانیەكی هەرێمی و نێودەوڵەتی نوێ لەبەرامبەر بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و دژ بەدەستكەوتەكانی كوردان پێكبهێنێت و زەبر لە هەوڵ و تێكۆشانی ئازادیخوازانە و ئاشتیخوازانەی پەكەكە و گەلی كورد بدەن.

دەوڵەتی داگیركەری تورك لەعێراقدا لەسەر ناوی بازرگانی دەیەوێت یاری بەچارەنووسی كوردان و گەلانی عێراق و دەوڵەتی عێراقەوە بكات. لەلایەك دەیەوێت پەدەكە و بنەماڵەی بارزانی وەك هێڵێكی خیانەتكاری كوردی لەگەڵ سیاسەتەكانی خۆیدا راگرێت و لەبەرامبەر بەحكومەتی ناوەند"عێراق" و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان"پەكەكە" و كۆمەڵگەی ئێزیدی بەكاری بهێنێت. لەبەرامبەردا ئەردۆغان و رایەدارانی دەوڵەتی تورك بەڵێنی ئەوەیان بەپەدەكە داوە كە ئەو دەرگا كۆنە لە"سەرزێڕ"ی لەزاخۆ وەك دەرگایەكی فەرمی بۆ پەدەكە بكاتەوە و لەوێوە بۆ شڕناخ درێژ بكاتەوە.

ئەگەر سەرنج بدەن لەكاتی هەڵبژاردنە هەرێمیەكانی باكوری كوردستان و توركیا"شارەوانیەكان"، راگەیاندنەكانی پەدەكە و بەناو شرۆڤەكار و سیاسەتوانانی پەدەكە زۆر تەركیزیان لەسەر گرنگی شڕناخ دەكردەوە و هەموو هەوڵێكیان خستبووە گەڕ لەگەڵ ئاكەپە كە ئەو شارە لەدەست ئاكەپە دا بمێنێتەوە و نەكەوێتە دەست دەم پارتی و كوردان لەدیوی باكوری كوردستان، تەنانەت ژمارەیەك لەشرۆڤەكارانی پەدەكە پێیان وابوو كە ئەگەر ئاكەپە شكست بخوات لەو هەڵبژاردنانە ئەوا زیاتر پەرە بەپەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ حكومەتی ناوەند دەدات تا لەگەڵ پەدەكە و بنەماڵەی بارزانی.

لەلایەكی تر دەوڵەتی داگیركەری تورك هەوڵدەدات دەوڵەتی عێراق وەك نەیارێكی كۆن و هەمیشەیی لەپاڵ خۆیدا بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لەدژی هەرێمی باشوری كوردستان و گەلی كورد سود لەپەیوەندی چەند لایەنەی یەكتر ببینن بۆ سەركوتكردن و پاكتاوكردنی گەلی كورد و بزوتنەوە كوردیەكان و لەباربردنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد. سەردانەكانی پێشوو و ئەم دوایەی هاكان فیدان و شاندەكەی و رەجەب تەیب ئەردۆغان و شاندەكەی بۆ بەغدا لەهەمان ئاراستەدا پێكهات.

دەوڵەتی تورك دەیەوێت حكومەتی عێراق لەبەرامبەر بەپێدانی بەشە ئاو و بەردانەوەی بڕە ئاوی بەنداوەكان بۆ عێراق و لێخۆشبوون و بەخشینی سكاڵاكانی پاریس و دادگای نێودەوڵەتی لەمەڕ بەقاچاخ بردنی نەوتی عێراق و فرۆشتنی بەهەندێ وڵات كە بەلای دەوڵەتی عێراقەوە رێگە پێدراو نییە، حكومەتی عێراقی لەبەرامبەر بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان"پەكەكە" و ستاتۆی ئێزیدیان لە شەنگاڵ و رۆژئاوای كوردستان لەتەوەرەی سیاسەتی قڕكردنی كوردان لەپاڵ دەوڵەتی تورك دا جێ بگرن و دەوڵەتی توركی داگیركەریش بەڵێنی ئەوەی داوەتە رایەدارانی عێراق كە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتەش دەتوانن لەبواری سەرلەنوێ ئاوەدان كردنەوەی عێراق رۆڵ بگێڕن.

ئەردۆغان لەكۆنفرانسە راگەیاندنیە هاوبەشەكەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فدراڵ باسی لەگەشەی ئابوری و پەرەپێدانی بواری بازرگانی و پێشخستنی كەرتی تەندروستی و پەروەردەیی و ئەمنی ـ ئاسایشی و سیاسی كرد و رایگەیاند كە ئەوان لەدیدارەكانیاندا باسیان لەراكێشانی هێڵی شەمەندەفەری رێگەی بەسرە ـ موسل ـ تڵكۆچەر ـ عەندیوەر ـ سلۆپی كردوە. ئەردۆغان نەگەڕایەوە توركیا بڵاوكرایەوە كە گوایە توركیا، عێراق، ئیمارات و قەتەر لەسەر پرۆژەی گەشەپێدانی ئابوری نێوانیان رێككەوتنێكیان واژۆ كردوە. ئەم رێڕەوە بازرگانیەی دەوڵەتی تورك لەكاتی تۆرگۆت ئۆزالەوە لەسەری كاردەكەن. ئەڵتەرناتیڤی هەمان رێڕەوی بازرگانی ئەمریكا ـ ئەوروپا ـ ئیسرائیل كە دەیانەوێت لەهندستانەوە بۆ دەریای سور و لەوێوە بۆ ئیسرائیل و یۆنان و ئەوروپا رایبكێشن؛ چونكە لەو پرۆژەی ئەمریكا ـ ئەوروپا ـ ئیسرائیلەدا دەوڵەتی تورك بەهۆی سیاسەتی دژە كوردەوە لەدەرەوە دەمێنێتەوە و ناتوانێت قازانج لەو پرۆژەدا بكات. بۆیە دەوڵەتی تورك بە دنەدانی حەماس و هاندانی ئیسرائیل بۆ تۆڵەسەندنەوە لەحەماس شەڕێكی خوێناوی لەنێوان فەلەستینیەكان و ئیسرائیلدا هەڵگیرساندوە و ئێستاش دەیەوێت پرۆژەی گەشەپێدان بەسەر دەوڵەتی عێراقدا بسەپێنێت.

دەوڵەتی داگیركەری تورك ئامانجی لەپرۆژەی گەشەپێدانی ئابوری و بونیادنانی رێڕەوی بازرگانی نوێ، لەبنەمادا بۆ بێ كاریگەرهێشتنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و خنكاندنی هەرێمی باشوری كوردستان و لەگشتیدا هەڵوەشاندنەوەی ستاتۆی باشور و رۆژئاوای كوردستان و شەنگاڵە، دیارە پێشتر و لەكاتی سەردانی بۆ بەغدادیش ئەو بابەتەی لەگەڵ بەرپرسانی رژێمی ئێران، سوریا و عێراقدا گفتوگۆ كردوە و رێككەوتنیان لەو بارەوە واژۆ كردوە.

دەوڵەتی تورك لەساڵی ٢٠١٤ەوە كە گروپە چەتەكانی داعشی بەئاراستەی كۆبانی و شەنگاڵ هاندا بۆ هەمان مەبەست بوو. لەو كاتەوە بەشوێن دەرفەتێكدا دەگەڕێن كە گەلی كورد كۆمەڵكوژ بكەن و بەخەیاڵی خۆیان بۆ ئەوەی شەڕی كوردان لەكۆڵ بكەنەوە. بۆیە بەپیلان و بەرنامەی پێشوەختە چەتەكانی هاوكاریان بەرەو ناوچە كوردنشینەكان پاڵ پێوەنا و ویستی ئەوەیان هەیە بەپلەی یەكەم گەلی كورد لەسەر ئەو رێڕەوە بازرگانیە بەهەرنرخێك بووە دووربخەنەوە تا كوردان لەداهاتوودا نەتوانن لەو پرۆژەیە سوودمەندبن. ئەم بابەتە لەساڵی ٢٠٠٧ەوە رێبەر ئاپۆ بەڕێگەی پارێزەرەكانی گەلی كوردی لەو مەترسییە ئاگادار كردبوویەوە. پەلامارەكانی سوپای داگیركەری تورك بۆ سەرچیای مەتینا و زاپ و ئاڤاشین و گردی ئێف ئێم لە ٢٠١٤ەوە بۆ ئەو مەبەستە روو دەدەن.

ئەو شەڕەی لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا ماوەی شەش مانگە درێژەی هەیە و ئەو هەموو خەڵكە بێ تاوانە لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر دەبنە قوربانی بەدرێژایی دە ساڵی تەواوە دەوڵەتی داگیركەری تورك و گروپە چەتەكانی هاوكاری لەسەر گەلی كورد ئەو شەڕ و كۆمەڵكوژیە بەڕێوە دەبەن بەو جیاوازیەی كە كەس نایەوێت باس لەهێرش و پەلامارەكانی سەر گەلی كورد بكات؛ چونكە گەلی كورد قوربانی دەستی سیستەمی جیهانی و نێودەوڵەتی و دام و دەزگاكانیانن. لەعەفرینەوە بگرە تا كۆبانی و سەرێكانی و حەسەكە و شەنگاڵ و كەركوك لەماوەی ئەم دە ساڵەدا بەدەیان هەزار رۆڵەی كوردیان كۆمەڵكوژ كردوە، بەسەدان هەزاریان لەشوێن و واریان كۆچبەر كردوە و بەدەیان هەزار كەسیش بریندار بوونە و بەسەدان هەزار كیلۆمەتر زەوی و زار و كەژ و كێوی كوردانیان داگیر و بارەگای سەربازیان تێدا دامەزراندوە و گروپی چەتەیان تێدا بەجێ كردوە.

سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتی و چەرمەسەرییەی بەسەر گەلی كوردیاندا هێناوە بەوەشەوە تێرنابن دەوڵەتی داگیركەری تورك و ئەردۆغان دەیەوێت بەراكێشانی دەوڵەتی عێراق بۆ شەڕی گەریلاكانی ئازادی كوردستان، ئامانجەكانی بەدی بهێنێت. هاتنی ئەردۆغان گەورە چەتە و نوێنەری راستەقینەی داعش و ئەلقاعیدە بۆ بەغداد و هەولێر و سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپا بەتایبەتی بۆ فەڕەنسا و چەند وڵاتێكی تر و هێرش و پەلامارەكانی پۆلیسی بەلجیكا كە بەناوەندی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و كۆپێنهاگ و ناوەندی ناتۆ دەزانرێت لەكاتژمێر دوازدە و نیوی شەودا و بەدور لەچاوی خەڵك پەلاماری هەردوو ناوەندی تەلەفزیۆنی ستێرك و مەدیا خەبەریاندا و زەرەر و زیانێكی زۆریان لەهەردوو تەلەفزیۆنی كورداندا. ئەوە لەحاڵێكدایە كە دادگای باڵای بەلجیكا ساڵی پار خەباتی پەكەكەی بەخەباتێكی رەوا لەپێناو ئازادی گەلێك بەناو كرد، كەچی دیارە وڵاتانی ئەوروپاش لە بەجیهانی بوونی بیروهزری رێبەر ئاپۆ و شكستی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنە هەرێمیەكانی توركیا و شكاندنی لووتی سوپای تورك لەسەردەستی گەریلاكانی ئازادی ناڕەحەتن و بۆیان هەرس ناكرێت، بۆیە بەو شێوەیە پەلاماری دام و دەزگا راگەیاندنیەكانی گەلی كورد دەدەن.

خاڵێكی تر كە لەم بابەتەدا پێویستە پەنجەی بخەینەسەر هاوكاری و پشتیوانی پەدەكە و بنەماڵەی بارزانیە لە پیلانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك. لەمێژە پەدەكە وەك مەقاشێك بەدەست هێزە داگیركەرە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكانەوە و بێ ئیرادە و بێ بڕیاری خۆیەتی و هاوشێوەی بەكرێگیراوێك گوێڕایەڵی هێزە هەژمونپارێزە هەرێمی و جیهانیەكانە. دەبێت گەلی كورد بەگشتی، هێز و لایەنە سیاسیەكانی گەلی كورد، دام و دەزگا مەدەنی و كەسایەتی رووناكبیر و ئاكادیمیست ئەو مەترسییانە لەبەردەم گەلی كورد و ستاتۆی كوردان بەئاگا بن و هەست بەبەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و دیموكراتیك بكەن و رێگە نەدەن پەدەكەش لەوە زیاتر بازرگانی بەخوێن و ماڵ و حاڵ و دەسكەوتەكانی گەلەكەمانەوە بكات.

هـ . ب