وتار

سیمبولی ژن و سەردەم لە هیندستان: ژن ژیان ئازادی

ڕووداوەکانی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئەم ڕووداوانە لە هیندستان، دیسانەوە دەریخست کە تێکۆشانی یەکسانیی ڕەگەزی چەندە گرنگ و دژوارە، درووشمی "ژن ژیان ئازادی" ڕۆڵێکی بەهێزی هەیە.

لە ساڵانی دواییدا، هێرشەکان بۆ سەر مافەکانی ژنان لە هیندستان و ناڕەزایەتییەکان دژی ئەم هێرشانە، کێشەی قووڵی کۆمەڵایەتی هێناوەتەپێش. بەتایبەت توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، لە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەدا تووڕەیی و سەرهەڵدانی لێ کەوتووەتەوە. لە هیندستان نەریتی پاشڤەڕۆیی، عادەتی باوباپیران لە بەکۆیلەدانان و بەکۆیلەکردنی ژنان کە سەر بە گرێدراوی یاسا و ڕێساکانی دەوڵەتە و بە ڕەوا دەبینرێن، لەمڕۆشدا بەردەوامە. سیستەمی قێزەونی دژ بە ژنان کە لە هەموو دەوڵەت و دەسەڵاتێکدا هەیە، لە هیندستانیشدا لە ئاستێکی بەرزدا ئەزموون دەکرێت. هەر بۆیە تا دێت ڕووداوەکانی وەک توندوتیژی، هەراسانکردن، دەستدرێژی، ئازاردان، پشتگوێخستن و کۆیلەکردنی ژنان بەردەوامن و زیاد دەبن. لەو چوارچێوەیەدا تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان لە هیندستان بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" کە بووەتە سیمبولی ژنانی جیهان، دووبارە دەرکەوتەوە.  

هێرش بۆ سەر مافی ژنان لە هیندستان

هیندستان وڵاتێکە لەڕووی مافی مرۆڤەوە، ساڵانێکی درێژە بەدەست کێشەی گەورەوە گیرۆدە بووە. ڕووداوەکانی وەک توندوتیژی ڕەگەزی، دەستدرێژی، هەراسانکردن و جیاکاری دژی ژنان کێشەیەکی بەربڵاوە لەم وڵاتە گەورەیەدا. ساڵانە سەدان ژن بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن پیاوانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان و دەکوژرێن و ئەم پیاو-دەوڵەتانەی کە ئەم کارە دەکەن بێ سزا دەمێننەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە زیاتر ببن. نۆرم و نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگە بە قوربانییەکان نادەن دەنگیان هەڵبڕن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم تاوانانە بەردەوام بن و ڕەوایەتییان پێ بدرێت. ئەم ڕووداوانە نیگەرانی جددییان لەبارەی سەلامەتی و مافی ژنان لە هیندستان دروست کردووە. ژنان لە فەزای گشتیدا هەست بە سەلامەتی ناکەن و لە ڕەوشێکدا کە یاسا بەگوێرەی پێویست ڕۆڵ ناگێڕێت، ناچارن مافەکانیان بپارێزن. ئەم ڕەوشە وا دەکات نایەکسانی ڕەگەزی و فشاری سەر ژنان قووڵتر ببێتەوە.

درووشمی "ژن ژیان ئازادی" بووە دەنگی بەرخۆدان

درووشمی "ژن ژیان ئازادی" یەکەمجار لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە گوترا، هەروەها لەلایەن تەڤگەری ژنانی کوردەوە بەکارهات و بووە سیمبولی ئازادی و بەرخۆدانی ژن. ئەم درووشمە نەوەک هەر بۆ ژنانی کورد، بۆ ژنانی جیهانیش وەک هیوا و یەکگرتن دەبینرێت، بەتایبەت لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی هیندستان بووە هۆی ئەوەی ئەم درووشمە لە وڵاتەکەدا دەنگ بداتەوە. لە شاری کالکوتای سەر بە ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوای هیندستان، لە ٩ ی ئابدا ژنە پزیشکێک لە لە نەخۆشخانە دەستدرێژی کرایەسەر و کوژرا. پاش ئەم ڕووداوە، لە زۆرێک لە ناوچەکانی هیندستان پزیشکان ڕژانە شەقامەکان و تووڕەیی خۆیان دەربڕی. ئەو پزیشکانەی لە زانکۆکانەوە تا گەراجی پاسەکان ڕێپێوانیان دەکرد، درووشمی "دادپەروەریمان دەوێت"یان بەرزدەکردەوە. هەر لەو چالاکیەدا، ژنان پانکارتی "ژن ژیان ئازادی"یان هەڵگرت کە بە کوردی و هیندی نووسرابوو. ئەم درووشمە بانگەواز دەکات بۆ بەرخۆدان لە دژی ستەم و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان. ئەم دەنگە بۆ پاراستنی مافی ژیانی ژنان و پاراستنی ئازادی ژنان و بەرەوپێشبردنی یەکسانی ڕەگەزی بەرزکرایەوە. لە هیندستانیش، ئەم درووشمەی ڕێبەر ئاپۆ جێگەی خۆی کردووە لە خۆپیشاندانەکان دژی ڕووداوەکانی دەستدرێژی. ژنانی هیندستان، بەم درووشمە دەیانەوێت، دەنگی خۆیان بگەیەنن بە ناوخۆی وڵات و تەواوی جیهان.

مزگێنی گۆڕانی کۆمەڵگا

ئەم ناڕەزایەتییەی لە هیندستان دژی دەستدرێژی و توندوتیژی بۆ سەر ژنان زیاتر دەبێت، تەنها سەرهەڵدانی چەند کەسێک نییە، هاوکات دەشێت وەک مزگێنی گۆڕینی کۆمەڵگە لێک بدرێتەوە. ژنان لە سایەی درووشمەکەی ڕێبەر ئاپۆدا خۆیان ڕێکدەخەن، دەنگی خۆیان دەگەیەنن، مافی خۆیان دەپارێزن، هەنگا دەنێن بۆ گۆڕانی ڕادیکاڵ لە هیندستان. تێکۆشانی ژنانی هیندستان دەگەیەنێت بە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی. ئەم تێکۆشانە نەوەک تەنها لە هیندستان، لە هەموو جیهان پرسی هاوبەشی ژنانە: مافی ژیانی ژن، ئازادی و یەکسانی پێشێل دەکرێن. ڕووداوەکانی دەستدرێژی لە هیندستان و ناڕەزایەتییەکان لەدژی ئەم ڕووداوانە دیسانەوە دەریخست کە تێکۆشانی یەکسانیی ڕەگەزی چەندە گرنگ و دژوارە، درووشمی "ژن ژیان ئازادی" بۆ بەرزکردنەوەی دەنگ و پاراستنی مافی ژنان ڕۆڵێکی بەهێزی هەیە. ئەم تێکۆشانە دژی فشار و زۆرداری بۆ سەر ژنان لە هیندستان و جیهان، دەبێتە پایەیەکی گرنگی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و خواستی یەکسانی.