سیروارت مەلیکیان هاوسەری ئارام تیگران کۆچی دوایی کرد

لە بڕۆکسل سیروارت مەلیکیان، هاوسەری هونەرمەندی کۆچکردوو ئارام تیگران کۆچی دوایی کرد. یەکێک لە داخوازی و حەسرەتەکانی کۆچکردوو، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و سزادانی ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکانی کورد و ئەرمەنی بوو کە پێینەگەیشت و بەو حەسرەتەوە سەری نایەوە.

لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، سیروارت مەلیکیان، هاوسەر و هونەرمەندی کۆچکردوو ئارام تیگران کۆچی دوایی کرد.
مەلیکیان وێرای ئەوەی ٥٢ ساڵ هاوسەری ئارام تیگران بوو، هاوکات هاوڕێ و پێشتیوانێکی کارای کاروانی پێشکەوتنی تێکۆشانی هونەری و گۆرانیبێژیی تیگرانی هاوسەریشی بوو. ئەوان وێرای ئەوەی ئەرمەنی بوون، بەڵام پێکەوە خزمەتێکی گەورەی دونیای هونەر و گۆرانی و دۆزی کورد و کوردستانیان کرد و لەو پێناوەدا تێکۆشان و ڕووبەڕووی زەحمەتی زۆر بوونەوە.

پاس ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩دا کە ئارام تیگرانی هاوسەری کۆچی دوایی کرد، سیروارت مەلیکیان لە دۆزی کورد و کوردستان دوور نەکەوتەوە و وەك رابردوو بەردەوام بوو لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ کورداندا.
هاوکات ئەو خۆی بە دۆستی نزیکی ڕێبەر ئاپۆ دەزانی و تا ڕادەستکردنەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە تورکیا لە پیلانگێریەکی نێودەوڵەتیدا، ئەو دۆستایەتییە بە کردەیی لە ئارادا بوو.

لەو چوارچێوەیەشدا، ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ ئارام تیگیرانی هاوژینی، سەردانی رێبەر ئاپۆیان کرد بوو و لە نزیکەوە یەکدیان بینی بوو. لە دوای ڕادەستکردنەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە تورکیا، یەکێک لە داخوازی و حەسرەتەکانی سیراوات، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بوو و بۆ ئەوەش تێدەکۆشا.
هاوکات ئاواتی بوو ئەو ڕۆژە ببینێت کە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکانی گەلانی ئەرمەنی و کورد بەسزای خۆیان گەیشتوون و تۆڵەیان لێکراوەتەوە. بەڵام مەرگ بواری نەدا تا بە ئاواتەی بگات و بەو حەسرەتەوە سەری نایەوە.

سیروارت مەلیکیان، لە ساڵی 1941 لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە و پاشان کۆچبەری چەندین وڵات بوون و دوایین وێستەی ژیانی وڵاتی شەلجیکا بوو و دەرەنجام دوێنێ لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا لە بڕۆکسلی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ هەمیشە چاوەکانی لێنا و کۆچی دوایی کرد.

تا ئێستا لەبارەی شوێن و کاتی مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی کۆچکردوو سیروارت مەلیکیان لەلایەن بنەماڵەکەیەوە زانیاریان نەدراوە. بەڵام لەو بارەوە ڕۆژنامەوان کاکشار ئۆرەمار کە لە بنەماڵەکانی مەلیکیان و تیگران نزیکە بە ئاژاس هەواڵی فوڕات (ANF)ی ڕاگەیاند: ئەگەری زۆر هەیە تەرمی کۆچکردوو لە گۆڕستانی شارۆچکەی ژێتەی نزیک بڕۆکسل لە پاڵ گۆڕی ئارام تیگرانی هاوسەری بەخاک بسپێردرێت.

 

هـ.هـ