تاژێ بانگەوازی بۆ بەهێزکردنی تێکۆشانی هاوبەشی ژنان کرد

تاژێ بە ڕێزدارییەوە یادی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' کردەوە و بانگەوازی بۆ بە هێزکردنی تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، کرد.

لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا لە لایەنی پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە کچە کورد ژینا ئەمینی شەهیدکرا. لە دژی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی گەل لە دەوری فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆبوونەوە و ڕژانە گۆڕەپانەکان. وێڕای ئەوەی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و بەردەوامە، لە بەرامبەر ئەمەشدا گوشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی سەرهەڵدانەکە لە ڕێگەی ئەشکەنجە، دەستگیرکردن و لە سێدارەدانەوە بەردەوامە.

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) بە بۆنەی دووەمیین ساڵەوەگەڕی سەرهەڵدانەکەوە ڕاگەیاندراوەێکی بڵاوکردوە و لە کەسێتی ژینا ئەمینی و شلێر ڕەسوڵیدا یادی قوربانیانی سەرهەڵدانەکەی کردەوە و وتی: " شەرمەزاری  دەسەڵاتداری ڕژێمی ئێران دەکەین، کە بە هیچ جۆرێک دان بە هەبوون و ئیرادەی ژناندا نانێت."

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " سیستەمی پیاو-دەوڵەت لە بنەمادا دووژمنداری ژنان، کۆمەڵگە و ژیانە. لەسەر بنەمای ئەو دووژمنایەتییە درێژە بە بوونی خۆی دەدات و هەڕەشەیە بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی. کوشتنی ژینا ئەمینی و چەندین ژنی دیکە دەرنجامی ئەم دەسەڵاتدارییە. وا دووساڵ بەسەر سەرهەڵدانەکەدا تێپەڕدەبێت، ڕژێمی ئێران لە بری ئەوەی گوێ بەداواکارییە ڕەواکانی ژنان بدات، کەچی هەزاران کەسی دەستگیرکرد، لە سێدارەدران. لە سێدارەدانی ژنان تاوانێکی سەختی ستەمکارانەیە لە دژی بەهاکانی مرۆڤایەتی. لە کەسێتی پەخشان، شەریفە و بەدەیان ژنی هاوشێوەی ئەواندا مەترسییەکانی لە سێدارەدان بەردەوامە. بۆیە پێویستە لە دژی ئەم مەترسیانە وەک ژنان تێکۆشانێکی هاوبەش و ڕادیکاڵ بەڕێوەبەرین و کۆتایی بەم ستەمە بهێنین."

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا تاژێ سەرنج دەخاتە سەر فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاماژەی بەوەداوە؛ وەک ژنان ئازادی خۆمان لە پارادیمەکانی پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکدا دەبیننەوە.

'زهنیەتی کوشتنی ژینا ئەمینی، هەمان زهنیەتی فەرمانی سەر کۆمەڵگەی ئێزدییە'

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدەکات تێکۆشانی ژن بۆ ئازادی لە مێژوودا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و دەڵێت: "لە سەردەمێکداین کوشتنی ژنان سیستەماتیک کراوە. ئەو زهنیتەی کە ژینا ئەمینی کوشت، هەمان ئەو زهنیتەیە کە فەرمانی بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هێنا. بۆیە تێکۆشانی هاوبەشی ڕادیکاڵی ژنان لەبەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتداری پیاو-دەوڵەتدا وەک مافێک دەبینین و پێویستی بە ڕێکخستنکاری بەهێزتر هەیە."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی بۆ تێکۆشانی هاوبەشی ژنان کراوە و دەڵێت: "بەم بیر و باوەڕدارییەوە بانگەوازی بۆ بە هێزکردنی تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ئێران، بەتایبەتی دەکەین. وەک ژنانی ئێزدی تا کۆتایی بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'یەوە لە دژی ناحەقی، قڕکردن و ستەم دەوەستینەوە."