تەڤگەری ئازادی: ھەشتی مارس، پیرۆزبێت لە بنەماڵەی شەھیدانی ئازادیی ژن

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە بۆنەى ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکە

ھەشتی مارس، پیرۆزبێت لە بنەماڵەی شەھیدانی ئازادیی ژن

ھەشتی مارس ڕۆژی جیھانی ژنان، پیرۆزبێت لە بنەماڵەی شەھیدانی ئازادی ژن و مرۆڤایەتی پیرۆزبێت لەژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز، پیرۆزبێت لە تەوارەکانی سەرچیا، لە رێبەری ئازادی

ھەشتی مارس وەک ڕۆژێکی پڕشکۆی خەبات و قوربانیدان گرنگە لە مێژووی خەباتی ئازادی ژندا بەرز بنرخێندرێت، ڕاستە ناکرێت و نابێت تەنھا ڕۆژێک بۆ خەباتی ژن دیاری بکرێت بەڵکو ھەموو ڕۆژەکانی ساڵ پێویستە تێکۆشانی ئازادیخوازان بەردەوام بێت دژ بە نادادی و ناھاوسەنگی و پێشێلکاری مافی ژن و مافی مرۆڤ، بەڵام ئەم ڕۆژە و دیاریکردنی تەنھا وەکو سیمبوڵێکی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانە و بیرھێنانەوە و ھاوکات جەخت کردنەوەیە لە خەبات بۆ فەراھەم کردنی ھاوسەنگی ڕەگەزی و ئازادی، بە تێکۆشان دژ بە سیستمی پاوانخوازی سەرمایەداری و زھنیەتی پیاوی سەردەست و فیوداڵیزم.

زیاتر لە سەدە و نیوێک پێش ئێستا ژنانی کرێکار وڕەنجدەر ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە نادادی دەسەڵاتەکەیان لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا، لە ئەنجامدا ١٢٩ ژن کۆمەڵکوژکران، دوای زیاتر لە نیوسەدە ژنانی چالاکوان پێداگریان لە ناساندنی ڕۆژی ھەشتی مارس کرد بە ڕۆژی ژنانی جیھان کە پێشنیاری ژنە سۆسیالیست و چالاکوان و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان لە ئەڵمانیا کلارا زەتکین بوو.

تا ئەمڕۆش کە لە قۆناغێکی دیکەی جیاوازداین و چەندین ھێز و دەسەڵاتی جیاجیا ھاتونەتە سەر حوکم، بەڵام پێشێلکاری بەرامبەر بە ژنان و نەبونی ھاوسەنگی ڕەگەزی لە ھەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بەردەوامە، سیستم و دەسەڵاتەکان ناو و رەنگیان گۆڕیوە، بەڵام ھەرگیز نەبوون بە خاوەنی زھنیەتێکی دیموکراتی کە ڕەگەز و ئەتنیک و ئاین و نەتەوە و تەنانەت ڕەنگی پێست لەبەرچاو نەگرێت و ھەمووان بە یەک چاو تەماشا بکات، ئەگەر ئەم دۆخە بۆ گشتی ژنانی جیھان ھەبێت، ئەوا بۆ ئێمەی ژنی کورد زۆر دژوارترە، لە وڵاتی ئێمە دا خاکمان داگیر کراوە ھەوڵدراوە کلتور و ناسنامە و فەرھەنگمان بسڕنەوە یان بشێوێنن، نەیارانمان ھەوڵدەدەن ھەر لەسەر ئەم خاکەی کە ژن تیایدا کشتوکاڵی دۆزیەوە، ھەر لەم میزۆپۆتامیایەی ژن مۆری خۆی لە کۆمەڵگەی ئازاد و یاکسان و دوور لە چینایەتیدا ژن ببێت بە کۆیلە و بە کاڵایەکی جەستەیی کە خزمەت بە سیستم و دەسەڵات بکات و تەنھا لە خزمەت خۆی و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکساندا نەبێت، ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی خاکی خوادەوەندەکانی مێژوودا ژنی کورد بە دەستێک ناموسی نیشتیمان و کەلتور و ناسنامە دەپارێزێت و بە دەستێکی تر پێشەنگایەتی بۆ ژنانی بندەستی ڕۆژھەڵاتی ناوین و جیھان دەکات، لە باشوری کوردستانیشدا وێڕای ئەوەی لە ئاستی حوکمڕانی و سیاسەتی ھێزی دەسەڵاتدا ژن نەک تەنھا ڕێبەرایەتی ناکات، بەڵکو ھەوڵدەدەن پاشکۆیەکی پاسیڤ و بێ ئەرزش بێت، سەرجەم تواناکانی دەسەڵات خراوەتەگەڕ بۆ دورخستنەوەی ژن لە خۆی، ھەوڵدان دەکرێت ژن ئەو ژنە بێت کە دەسەڵاتی ڕەگەزگەرا و پیاوسالار دەیخوازێت، ھەر بۆیە ئێمە لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان خۆمان بە بەرپرسیار دەبینین و خۆمان ئەرکدار دەکەین، بە پێچەوانەی سیستمی دەسەڵات و سیستمی قۆرخکار و پاونخوازی سەرمایە، خەباتی خۆمان وەک چۆن کردووە چڕتر بکەینەوە بۆ گەڕانەوەی ژن بۆ سروشتی خۆی و بۆ کارکردن لەسەر جەوھەری ژن بوون، گومان نیە ئەگەر ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت، بۆیە وەکو بزوتنەوەیەکی سیاسی و ھەم کۆمەڵایەتی ئەرکمانە لەم ڕەگەزە گرنگەی کۆمەڵگەوە خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکرات بکەین، لە کەسایەتی ھەموو ژنە شەھید و شۆڕشگێڕەکانی رێگای ئازادی ژن، کە نمونەی لەیلا قاسم و ڤیان جاف و دەستینا و سارینا و ڕوھەیڤ و کانی دنیزەکان سەر دائەنەوێنین و بەڵێن دەدەین لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژندا خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام بکەین تا ئازادی ژنانی شەنگال و تەواوی ژنانی ئازارچەشتووی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە.

ژ.ت