تەژەکە-ئە: زیاتر لە ٢٠ هەزار ژن نامەیان بۆ سی پی تی ناردووە

بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) ڕایگەیاند، زیاتر لە ٢٠ هەزار ژن دژ بە گۆشەگیریی ئیمرالیی نامەیان بۆ سی پی تی ناردووە و ڕایگەیاند: "داوا لە سی پی تی دەکەین ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات."

تەژەکە-ئە بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و وتی: "لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆ کێشەی کورد'، هەڵمەتی ناردنی نامە بۆ سی پی تی کە لە ١٩ی نیسانەوە دەستیپێکردبوو لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا، بە بەشداری زۆرێک لە ژنان لە وڵاتانی جیاوازەوە، هەڵمەتەکە بەرێوە بردرا و تەواو بوو."

بەیاننامەکەی تەژەکە-ئە بەم شێوەیەیە:

"دەوڵەتی فاشیستی تورک ٤١ مانگە ڕێگەی بە بنەماڵە و پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ نەداوە لە گەڵی چاوپێکەوتن بکەن و بەمشێوەیە نادادپەروەرییەک ئەنجام دەدات کە هەرگیز لە جیهاندا وێنەی نەبینراوە. سیاسەتی گۆشەگیری دژی ڕێبەر ئاپۆ وەک درێژەپێدەری سیاسەتی کۆمەڵکوژی بەڕێوە دەچێت. ئەردۆغانی دیکتاتۆر ئامانجی ئەوەیە بە هێرشی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی کۆتایی بە تەڤگەری ئازادی کورد بهێنێت، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی خۆی. بەرخۆدانی گەریلا و تێکۆشانی دیمکراتیکی گەلی کورد ئەم پلانەی پووچەڵ کردووتەوە. پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ کە لەسەر بنەمای دیمۆکراتیک، ئازادیی ژن و ئیکۆلۆژی دامەزراوە، بووەتە بەدیلێک بەرامبەر بە سیستەمی سەرمایەداری کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە.

دامەزراوە نێونەتەوەییەکان درۆ دەکەن

دیکتاتۆر ئەردۆغان ئامانجی ئەوەیە زیاتر دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکات و حکومەتەکەی بۆ هەمیشە لەسەر پێ ڕابگریت، هەروەها وەک سەرکردەیەک  لە هەوڵی بەدیهێنانی خەونەکانی عوسمانی نوێیدایە و دەیەوێت ناوی لە مێژوودا بمێنێتەوە. لە پێناوی ئەو خەونەدا شەڕ، کۆمەڵکوژی، کۆچبەری، دەستگیرکردن و توندوتیژی دژی ژنان و دەستدرێژی لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدات و داگیرکاری و ئاژاوەگێڕی دەگوازێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونی گەل. وڵاتان و دامەزراوە دێموکراتیکەکان، کە گوایە لەسەر بنەمای دیموکراسی بنیات نراون، لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە کۆمەڵکوژییاندا بێدەنگی دەنوێنن. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە ئەوانیش پشتیوانی ئەم سیاسەتە کۆمەڵکوژییانەی دیکتاتۆر ئەردۆغان دەکەن.

هێزە نێونەتەوەییەکان بەرپرسیارن لە سیاسەتی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد و هەروەها گۆشەگیریی ڕەهای سەپێنراوە بە سەر ڕێبەرایەتیماندا. سی پی تی بەجۆرێک لەگەڵ ئەم سیاسەتە کۆمەڵکوژییانە کۆکە و لە دەرەوەی بازنەی ئەرکەکانی ڕاوەستاوە. پێویستە سی پی تی بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری ڕەها لە ئیمرالی هەنگاوی پێویست بنێت و ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە ئیمرالییەوە بخاتە بەردەستی گەلانی جیهان. ئەم دامەزراوەیە کە لە ژێر بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی ئەوروپادایە، دەبێت ئەرک وبەرپرسیاریەتەکانی وەکوو خۆی جێبەجێ بکات و ڕێگە نەدات سیاسەتە گڵاوەکانی دەوڵەتی تورک بەمشێوەیە بەردەوام بێت.

زیاتر لە ٢٠ هەزار ژن نامەیان بۆ سی پی تی ڕەوانە کردووە

وەک بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا، لە ١٩ی نیسان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد"، هەڵمەتی "نامە ناردن بۆ سی پی تی"مان دەستپێکرد. ئێمە بە بەشداری هەزاران ژن لە زۆربەی وڵاتانەوە هەڵمەتەکەمان بەڕێوەبرد و تەواومان کرد. ئێمە بۆ ماوەی ٣ مانگ بەردەوام بووین لە هەڵمەتی ناردنی نامە، لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٢٠ هەزار ژن نامەیان بۆ سی پی تی نارد، ژنان ئەرکەکانی سی پی تی-یان بەبیرخستنەوە و داوایان کرد ئەرکەکانیان وەکوو خۆی جێبەجێ بکەن. هەروەها داوا کراوە پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ بهێنرێت و ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخ و تەندروستی بەڕێزیان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت. جارێکی تر داوا لە سی پی تی دەکەین بە ئەرکەکانی خۆی هەستێ، ئەگینا لە بەردەم مێژوودا دەبێ وڵام بداتەوە.

وەک بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ سەرۆک ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد" بە هەڵمەت و چالاکی نوێ بەردەوام دەبین. ئێمەی ژنان ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بە ئازادی خۆمان دەزانین و تا ئازادیی بەڕێزیان بەردەوام دەبین لە تێکۆشان.

ژنانی کورد سەرهەڵدان دەکەن

لە هەمان کاتدا شەڕ و هێرشە داگیرکارییەکان کە حکومەتی فاشیستی تورک بە هاوکاری و خیانەتەکانی پەدەکە لە خاکی باشووری کوردستاندا ئەنجامی دەدات بەتوندی شەرمەزار دەکەین. حکومەتی فاشیستی تورک لە لایەک هێرشی داگیرکاری ئەنجام دەدات و لە لایەکی ترەوە سروشتی کوردستان دەسوتێنێت؛ هەموو ئەمانە بە ئاراستەی کۆمەڵکوژیی ئیکۆلۆژی ئەنجام دەدرێن. گەلی کورد و بەتایبەت ژنانی کورد وەک هەمیشە دژی ئەو هێرشانە دەوەستنەوە.

لەسەر ئەم بنەمایە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ سەرۆک ئاپۆ، چارەسەر بۆ پرسی کورد"، داوا لە هەموو گەلەکەمان، بەتایبەتی ژنان دەکەین پەرە بە تێکۆشانی خۆیان بدەن و لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان بەرخۆدان بەرفراوانتر بکەن."