ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستاری قامیشلۆ: دەبێت ئازادی بەدەست بهێنین

کۆنگرەی ستاری قامیشلۆ سەبارەت بە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری قامیشلۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند دەبێت تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی بەردەوام بێت.

ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستاری شاری قامیشلۆ، بە بۆنەی ٢هەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد و تا هێندوستان بڵاو بووەتەوە، لە شاری قامیشلۆ بەیاننامەیەکی خوێندەوە.

لە دەستپێکی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزە دەسەڵاتدار و سەرمایەدارییەکان، کۆیلایەتی بەسەر ژناندا دەسەپێنن و وترا: "بەهەزاران ساڵە ژن کۆیلە دەکرێن دەچەوسێندرێتەوە، لەناودەچن، کۆمەڵکوژ دەکرێن و لەلایەن عەقڵیەتی ڕەگەز پەرەستی، دینی و ناسیۆنالیستیەوە داگیرکراون. سیستەمەکان هێزی دەسەڵاتدار و پیاوسالار گرنگی بە ژنان نادەن و مافەکانیان پێشێل دەکەن و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنن.

'بە بیرۆکە و فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆەو دەستیان پێکرد'

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ژنان بۆ بەها مرۆییەکان تێکۆشان دەکەن، ماوەیەکی زۆرە ژنانی پێشەنگ لە چیا ئازادەکانی کوردستانەوە لەپێناو ئازادی خۆیان، بوونیان، ناسنامە، یەکسانی جێندەری، ئازادی گەلی کورد و مرۆڤایەتی بەرخۆدان و تێکۆشان دەکەن. وەک دەزانرێت شۆڕشی ژنان لە ڕۆژائاوا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کە دوژمنی ژنە دەکرێتە ئامانج. هەڵبەت نەک هەر لە ڕۆئاوا، بەڵکو لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان و بە تایبەتی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە هێزی خۆی لە شۆڕشی ڕۆژئاوا وەرگرتووە، لە لایەن زلهێزە دەسەڵاتدارەکانەوە دەکرێتە ئامانج. لەم نێوەندەدا ڕژێمی ئێران هەوڵ دەدات ژنان هەربەوشێوەیە بمێننەوە و هیچ ڕۆڵێکیان کاروبارەکانی ژیاندا نەبێت، بەڵام ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران به بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان دەستپێکرد و ئیلهامێکی گەورەی بۆ هەموو ژنانی جیهان بەخشی. بە بۆچوون و ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ ئەم سەدەیە سەدەی ئازادی ژن دەبێت.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە دەیان ژنی سەرهەڵدێر لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کوژران و هەروەها هاتووە: "بە دەیان ژن کە لە دژی سیستەمی ئێران سەرهەڵدانیان کردووە، دەستگیر و سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. نموونە زەینەب جەلالیان، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی و دەیان ژنی ترە. هەروەها لە باشووری کوردستان، ژنانی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین، ناگیهان ئاکارسەل، لە پاریس ساکینە جانسز، ئەڤین گۆیی، لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڤرین، زەینەب، ژیان تۆلهەڵدان، ڕیحان عامودێ، یوسرا دەروێش، خالیدە محەممەد، سیوان فاتمە و سەدان ژنی قارەمان لەدژی ئەو عەقڵیەتە بوونەوە و شەهید بوون. جیا لەوەش ژنانی ئەفغانستان و هێندوستان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' ڕاپەڕیون و تێکۆشان دەکەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ٢هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' پیرۆز کراوە و ڕایدەگەیەنن: "ئێمە وەک ئەنجومەنی کۆنگرەی ستاری شاری قامیشلۆ، بە ڕێزدارییەوە هەموو ئەو شەهیدانەی لە پێناو ئازادیی و ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادیی دا گیانیان بەختکرد، بەبیر دێنینەوە و بەڵێن دەدەین بۆ بەدیهێنانی خەونی شەهیدان درێژە بە تێکۆشانمان بدەین. هەروەها داوا لە هەموو ژنانی ئازادیخواز و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەوانەی لە پێناو ئازادیدا تێدەکۆشن دەکەین، خاوەنداری لە کەمپەینی 'نا بۆ لە سێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانێکی ئازاد' بکەن و هەروەها خاوەنداری لە کەمپەینی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیمۆکراتیک بۆ پرسی کورد' بکەن. چونکە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانن کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکان بن لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا. ئاستی تێکۆشان و بەرخۆدانمان بەرز دەکەینەوە و شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەینە ناوەندێک بۆ هەموو ژنانی جیهان."