'ئیرادەی خۆمان ڕادەستی کەس ناکەین'

ئەو ژنانەی بەشدارییان لە سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق کرد،ئاماژە بەوەدەدەن ئەمڕۆ ئەوان یەکگرتوو و یەک دەنگن لە عێراق، هەرچییەک ڕووبدات ئیرادەی خۆیان ڕادەستی هیچ کەس ناکەن.

سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق و ئێزدی لە ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە سەرپەرشتی کۆمەڵەی ژنانی عێراق و تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) و ڕێکخراوی ڕۆشنبیری ئۆر بۆ ژنان و منداڵان، بە دروشمی "بەتێکۆشانی هاوبەش لەدژی قڕکردنی ژنان ببە بەدەنگی خۆپاراستن"، لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا، فەرمانەکان، توندوتیژی دژی ژنان، خەباتی ژنان لە دژی سیستەمی پیاوسالاری، وە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک و چارەسەرەکان تاوتوێ کران.

ئەو ژنانەی بەشداربوون لە کۆنفرانسەکەدا سەبارەت بە گرنگی و ئامانجی کۆنفرانسەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوان هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.

'بەڵێن دەدەین تۆڵە بکەینەوە'

عەدۆل شەنگالی ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) ڕایگەیاند، ئەوان هەرگیز ئەو فەرمانە لەبیر ناکەن و وتی: "ئێمەی ژنانی ئێزدی و عەرەب لە زۆرێک لە ناوچەکانی عێراقەوە ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوینەتەوە، بۆ یادکردنەوەی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ کۆنفرانسێکمان سازکرد تاوەکو فەرمان لەبیر نەکەین، ئێمە بەڵێن بەو دیلانە دەدەین کە کەوتوونەتە دەستی چەتەکانی داعشەوە کە ناوەستین تاوەکو تۆڵەیان دەکەینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە هۆکاری ئەو فەرمانە بوون".

'تا ئەمڕۆش کچەکانمان لە بازاڕدا دەفرۆشرێن'

عەدۆل شەنگالی ووتیشی: "داوا لە هەموو وڵاتانی جیهانی دەکەین لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە بەهۆیانەوە فەرمان بەسەر کۆمەڵگای ئێزدیدا هات، ئەو کەسانەی کە بوونە هۆی ئەوەی کە کوشتن و بڕینی منداڵەکانمان و دایکیان ناچار بوون گۆشتەکەیان بخۆن و تا ئەمڕۆش کچەکانمان لە بازاڕدا دەفرۆشێن، بەساڵاچوانمان لە قەفەسدا سووتێنران، دەوڵەت نەما کچانی ئێمەی نەبردبێت ، کچە ٨ و ٩ ساڵانەکانمان دەستدرێژی سیکسی کرایەسەریان، ئەمە لە هیچ شوێنێکی جیهان قبوڵکراو نییە".

'دەیانەوێت لە داعش خۆشبین و بیانهێنینە سەر خاکی شەنگال'

عەدۆل شنگالی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، ڕایگەیاند کە ئەوان کۆمەڵگایەکی ئاشتیخوازن و ووتی: "ئێستا دەیانەوێت لە چەتەکانی داعش خۆشبین و بیناهێننە سەر خاکی شەنگال، ئێمەش وەکو دایکانی ئێزدی ئەمە قبوڵ ناکەین و دژی حکومەتی عێراق و هەموو لایەک دەوەستینەوە، کەس ناتوانێت لە داعش خۆش بێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ عێراق، بەداخەوە گەنجەکانمان هێشتا لە عێراق لە زیندانن و سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە و عێراق ئازادیان ناکات، بەڵام بەداخەوە دەیانەوێت ئێمەی ئێزدی لەچەتەکانی داعش خۆشبین".

'ئێزدی نەبێت ڕووناکی رۆژ نیە، سەرکەوتن بۆ گەلی ئێزدییە'

لە کۆتایی قسەکانیدا شەنگالی باسی لە پێکەوە ژیانی گەلان کرد لە ڕوانەی کۆمەڵگەی ئێزیدییەوە و وتی: "ئێزدییەکان هەموو ئایین و مرۆڤەکان قبوڵ دەکەن، ئێمە کۆمەڵگایەکی ئاشتیخوازین، جارێکی تر نابینە کۆیلەی هیچ کەس، ئەمڕۆش بەخۆمان خۆمان دەپارێزین و ئەوانەی ئێمە دەپارێزن کچ و کوڕەکانمانن، جارێکی دیکە خاکی شەنگال نادەین بە کەس، خاکی شەنگال هین شەهیدانی ئێمەیە وەکو زەردەشت و سەعید و دیژوارە، نابێت کەسانی وەک محەمەد خەلیل کە خۆی لەپێناو فرۆشتووە و پلانگێری لەدژی  پێکهاتەی ئێزدی دابنێن، ئەگەر بڵێت من ئێزدیم پێویستە وەک مرۆڤ بیربکاتەوە با خاوەنداری لە کچانی دیلگیراو بکات و هاوکاربێت لە ئازادکردنیان، ئێمە دەلین ئێزدی نەبێت ڕووناکی رۆژ نیە ئێمە گەلێکی ئاشتی خوازین، سەرکەوتن بۆ ئێمە، ڕۆژ ڕۆژی ئاشتی و سەرکەوتنە".

'ئێمەی ژنانی عێراق لەگەڵ ژنانی ئێزدی یەک دەنگین'

هەر لەو بارەی کۆنفرانسەکەوە ژنە ئەندازیار نەوال فەیلی باسی لە ئامانجی خۆی لە بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا کرد و ڕایگەیاند کە دەیەوێت دەنگی بکاتە پاڵ دەنگی ژنانی ئێزدی و پاڵپشتی یەکبن و بەم شێوەیە قسەکانی کرد: "ئەمڕۆ بەشداریمان لە سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی ئێزدی کرد، کە کۆنفرانسەکە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی فەرمانەکەی ساڵی ٢٠١٤ دژی ژنانی ئێزدی ئەنجامدرا،  ئەمڕۆ ئێمەی ژنانی عێراقی لەگەڵ ژنانی ئێزیدییە پێکەوە یەک دەنگین لەدژی ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانە قێزەونانەین کە لەدژی ژنانی ئێزیدی ڕوویدا، ئێمەش وەکو ژنانی عێراق پاڵپشتی ژنانی ئێزدیین و لە هەموو ئازارەکانی هاوبەشین".