ڕەژاک: دایکە ئوەیش بوو بە ڕۆشنایی بۆ کۆمەڵگە

لە ساڵیادی کۆچی دوایی دایکە ئوەیش دایکی ڕێبەر ئاپۆدا، ڕێکخراوی ڕەژاک ئەو دایکە بە ڕۆشنایی بۆ کۆمەڵگە بەناو دەکات و سوپاسی دەکات ڕۆڵەیەکی وەکو ئۆجالانی بە کورد و مرۆڤایەتیی بەخشیوە.

لە ساڵیادی کۆچی دوایی دایکە ئوەیش دایکی ڕێبەر ئاپۆدا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- (ڕەژاک) بە ڕاگەیەندراوێک، دایکە وەیش بە ڕۆشنایی بۆ کۆمەڵگە بەناو دەکات و سوپاسی دەکات ڕۆڵەیەکی وەکو ڕێزدار ئۆجالانی بە کورد و مرۆڤایەتیی بەخشیوە.
ڕەژاک پێیوایە، هێز و پێداگری دایکە ئوەیش وای کرد، تا ڕێبەر ئاپۆ هێزی ژن بناسێت و لە کەسایەتی دایکدا تێکۆشانی ژنان زیندوو بکاتەوە و ڕێگای ئازادی پیشانی ژنانی کورد بدات.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ڕەژاک:

ساڵیادی کۆچی دوای دایکە ئوەیشەوە؛ 

سوپاسگوزارین بۆ دایکێک کە ڕۆڵەیەکی وەکو ڕێزدار ئۆجالانی بەخشی بەمرۆڤایەتیی، ژنێک پڕ لە هێز و میراتی مێ خواوەندەکانی قۆناخی نۆلیتیک بیرمەندێکی بەخشی بە گەلی کورد و توانی بەرامبەر بەتوانەوە و قڕکردنی کەلی کورد شۆڕش بەرپا بکات و
لە کەسایەتیی دایکە (ئوەیش)دا تێکۆشانی ژنانی زیندوو کردەوە و ڕێگای ئازادی پێشانی ژنانی کورد دا کە هەزاران ژن ڕوویان لەتێکۆشان کرد بۆ ئازادی.
هێزو پێداگری دایکە ئوەیش وای کرد هێزی ژن بناسێت.
دایکە ئوەش یەکەم خوێندنگا بوو بۆ ڕێبەرێک کە ئەمڕۆ شانازیە بۆ گەلانی جیهان، بە پارادیگما نوێیەکەی پیشانی داین کە پێویستە ژنان پێشەنگ بن لەپێناو ڕزگاری خاک و نیشتیمان و ئازادی ژناندا، مێژووی ژنی بەژن ناساند و ڕەنج و داهێنان و بەهاکانی ژنی ئاشکرا کرد و  شێوە و شیکارێکی فەلسەفی و مێژوویی پێ بەخشی و ئەیەوێت ژن بگەڕێتەوە بۆ ڕاستی و جەوهەرو هەبوونی خۆی، چونکە یەکەم کۆیلە ژن بوو کرا بەکۆیلە. لەبەرئەوەش ئەبێت ژن ئازاد بێت تا کۆمەڵگەش ئازاد بێت. ڕێزدار ئۆجالان کاتێ دەڵێ: (شۆڕشی باشور شۆڕشی ژنە) هەر لەخۆڕا نیە، چونکە لەکەسایەتیی ژندا تەواوی کۆمەڵگە قڕ دەکرێت، خاک داگیردەکرێت، چونکە ژن و خاک یەک ڕەگەزن و کاتێ خاک داگیر دەکرێت یەکەم جار دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژن و قوربانی سەرەکیە لەجەنگەکاندا لەهەرکوێی ئەم جیهانە بێت.
لەبەرئەوە پێویستە ئێمەی ژنان ئەو ڕاستیە ببینین و بزانین هۆشیاری ژن و تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی لە پێش هەموو ئەرکەکان و پێداویستیەکانەوەیە. ئەبینین ڕۆژانە لەم هەرێمەدا ژن قڕدەکرێت و بکوژانی ژنان سزا نادرێن، چونکە ژن وەکو کاڵا و موڵک تەماشا دەکرێت و دەخرێنە خزمەت سیستەمی دەستەڵاتخوازیەوە، دەکرێنە کاڵا لە بەرامبەر تێکۆشانی شۆڕشگێڕی ژنان. ناسینی مێژووی شاراوەی ژن و خاوەنداریکردن لێی ئەتوانێ ڕێگای ئازادیمان ڕۆشنتر بکاتەوە، تێگەشتن لە میراتی ژن ئازادیە.
سەری ڕێزمان نەوی دەکەین لەئاست دایکە ئوەیش و هەموو دایکانی شەهیدان و ژنانی تێکوشەر و گیان بەختکردوو، یادی کۆچی دایکە ئوەیش بەرز ڕادەگرین، گیانی شاد و ئارام بێت.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- (ڕەژاک)

 

هـ.هـ