ژنانی کورد لە کەنەدا ٨ی مارسیان پیرۆزکرد

ژنانی کورد لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا ٨ی مارسیان پیرۆزکرد و وتیان: "ئازادیی ژنان بە ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان و جێبەجێکردنی پارادیگماکانی بەدی دێت".

لەسەر بانگهێشتی کۆمۆنی ژنانی سارا ئۆزگور لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا، ژنانی کوردستانی لە ناوەندی کۆمەڵگەی کورد لە تۆرۆنتۆ کۆبوونەوە و ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێشیان پیرۆزکرد.

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی ١٢٩ ژنی کرێکار و زەحمەتکێش دەستیپێکرد، کە لە کاتی مانگرتنەکانی ساڵی ١٨٥٧دا لە کارگەکانی نیویۆرک کۆمەڵکوژکران و هەروەها بۆ یادی ئەو ژنانە، کە لە تێکۆشانی ئازادیی کورددا شەهید بوون ئەو ڕێزگرتنە بەڕێوەچوو.

دوای سەیرکردنی سینەفیزیۆنێک لەسەر ٨ی مارس، دیمەنەکانی بانگەوازی یەکێتیی کۆمەڵەکانی ژنانی زەحمەتکێش لە تۆرۆنتۆ (IWD Toronto)  بە بۆنەی ٨ی مارسەوە بە ئۆنلاین نمایشکرا.

"یەکسانی بە رێکخستنکردن بەدی دێت"

هاووتەبێژی کۆمۆنی ژنان سارا ئۆزگور، بە ناوی کۆمۆنەکەوە بەیاننامەیەکی خوێندەوە و وتی: "ژیانی یەکسان بە رێکخستنکردن بەدی دێت. پێویستە ژنانی کوردستانی لە کەنەدا لە ژێر چاودێریی کۆمۆنی ژنانی سارا ئۆزگور دا کۆببنەوە و تێکۆشان زیاتر و گەورەتر بکەن".

پاشان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی کورد لە تۆرنتۆ وتی: "ئێمە لە کات و سەردەمێکداین، کە هێشتا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنان بە نەبوو دەزانرێن. ئازادیی ژن و کورد بە ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و جێبەجێکردنی پارادیگماکەی بەدی دێت".

بەرنامەکە بەنمایشێکی کولتوری کوردی لەلایەن منداڵانەوە بەردەوامی پێدرا.

پاشان گۆڤەند و هەڵپەڕێکی کرا و  ئاهەنگەکە بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی پێهات.

ژ.ت