ژنانی عێراقی و ئێزدی لەدژی لەسێدارەدانی ژنان هاتنەدەنگ
ژنانی عێراقی و ئێزدی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دژی عەقڵیەتی لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران بڵاوکردەوە.
ژنانی عێراقی و ئێزدی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دژی عەقڵیەتی لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران بڵاوکردەوە.
دوێنێ پێنج شەممە لە بەغدا، سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق لە ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، بەسەرپەرشتی کۆمەڵەی ژنانی عێراق، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) و ڕێکخراوی ڕۆشنبیری ئۆر بۆ ژنان و منداڵان، لەژێر دروشمی "بە تێکۆشانی هاوبەش دژ بە قڕکردنی ژنان ببە بەدەنگی خۆپاراستن"، ژنانی عێراقی و ئێزدی لە کۆنفرانسەکەدا چەندین بابەتی گرنگیان سەبارەت بە خەباتی ژنانی ئێزدی و فەرمانی ٧٤ تاوتوێ کرد.
دوابەدوای کۆنفڕانسەکە، ژنانی عێراقی بە بەیاننامەیەک وەڵامی ئەو حوکمەی لەسێدارەدانیان دایەوە کە رژێمی ئێران بەسەر ڕۆژنامەنووسی کورد پەخشان عەزیزی و چالاکوان شەریفە محەممەدیدا سەپاندیان، لە بەیاننامەکەیاندا، ئەو ژنانە بە دروشمی "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد" دژایەتی خۆیان بۆ سزای لەسێدارەدان ڕاگەیاند.
جێگای ئاماژەیە، بەیاننامەکە لە هۆڵی "قەسر ئەلسەدیر" لە پایتەختی عێراق لەلایەن مونا ئەلهیلالی، بەرپرسی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کەلتووری ئۆر بۆ ژنان و منداڵان خوێندرایەوە.
"عەقڵیەتی لە سێدارەدانی ژنان ڕەتدەکەینەوە"
مونا ئەلهیلالی لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ووتی: "ئێران هەمیشە مرۆڤ و ژنانی بێتاوان لەسێدارە دەدات، ئێمە ئەم عەقڵیەتە ڕەتدەکەینەوە و شەرمەزاری دەکەین، ئێستاش سەبارەت بە شەریفە محەمەدی و پەخشان عزیزی بڕیاردراوە و زیندانییەکی دیکەش بە ناوی "وریشە مورادی" لە مەترسیدایە".
"ئافرەت دەبێت یەک دەنگ بێت"
مونا ئەلهیلالی، داوای لە ڕێکخراوەکانی ژنان کرد هەڵوێستی توند لەدژی بڕیارەکانی ئێران بگرنەبەر و ڕایگەیاند: "بەناوی ژنانی عێراقەوە حکومەتی ئێران شەرمەزار دەکەین و دەڵێین پێویستە ئێران ئەو بڕیارە پشتگوێ بخات کە دوورە لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی و دژی بەهاکانی مرۆڤایەتییە، لەهەمانکاتدا واز لە بڕیارەکە بێنن بۆ لەسێدارەدانی ژنان و بەتایبەتی ژنانی کورد، وەک ژنانی عێراقی داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی ژنان دەکەین کە هەڵوێستی بەهێزیان هەبێت بەرامبەر بەم بڕیارە نایاساییە، لە کۆتاییدا دەڵێین "نا بۆ سزای لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ئازادکردنی ژیان".
جێگای باسە، بەیاننامەکەی ژنانی عێراق و ئێزدی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.