ژنانی عەرەبی شەنگال: بە فیکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ هەبوونی خۆمان ناسی

ژنانی عەرەب لە گوندی حەسەویک لە شەنگال بە بۆنەی ٤ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان نەمامیان چاند و ڕایانگەیاند، بە فکر و هزری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ژیانی ئازادیان ناسیوە.

لە شەنگال چەندین چالاکی بە پێشەنگایەتیی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) بە بۆنەی ٤ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو. ژنانی عەرەب لە گوندی حەسەویک بە بۆنەی ڕۆژی ٤ی نیسان نەمامیان چاند و جەژنی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان لە هەموو گەلان پیرۆزکرد.

"بە بیر و بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە کۆیلایەتی ڕزگارمان بوو"

سیهام محەمەد ژنێکی عەرەبی گوندی حەسەویکە لە شەنگال و ڕایگەیاند، خۆیان بە فکر و ڕامانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخستووە و وتی: "دوای ئەوەی بیر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆمان ناسی، ئێمە لە هەموو ڕوویەکەوە خۆمان پەروەردە کرد و خۆمان رێکخستووە. بە بیر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە کۆیلایەتی ڕزگارکراین. ئێمە شانازی بە ناسینی رێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیی کورد دەکەین. پێشتر نەماندەتوانی ماڵ بەجێبهێڵین و لە ماڵەوە بچینە دەرەوە، بەڵام بە ناسینی بیر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئێمە بووینە خاوەنی هێز و ئیرادەی خۆمان. ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو گەلانی جیهان و بەتایبەتی ژنان پیرۆز دەکەم. هەروەها پیرۆزبایی لە خوشکە ئێزدیەکانم و هەموو شەڕڤانانمان دەکەم".

"ئێمە بووینە خاوەنی هێز و ئیرادە"

هەروەها هالە ساڵح ژنێکی گەنجە و ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی پیرۆزکرد و وتی: "فکر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ ژیانی پێبەخشیین و ڕێگای ئازادیی نیشان داین. لە سایەی ڕێبەر ئاپۆدا خۆمان ڕێکخستووە و دەتوانین خۆمان بپارێزین، چونکە ئێمە بووین بە خاوەنی هێز و ئیرادە".

ژ.ت