ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی شەنگال، لەگەڵ نوێنەرانی یەبەشە و یەژەشە، ئاسایشی ئێزدخان، پادێ و تاژێ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شەنگال و پیرانی هەرێمەکە، كۆبوونەوە و بڕیاریان دا، بەرخۆدان بكەن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێزدخان.
دوای كۆبوونەوە فراوانەكە، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ساز كرد و جەختی كردەوە كە لەبەرامبەر هەموو هەڕەشەكانی سەر شەنگال، دەوەستنەوە و بەیاننامەیەكیان لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە كە لەلایەن سیهام شەنگالی، خوێنرایەوە.
لە بەیاننامەكەی تاژێدا هاتبوو: “ئێمە وەک ژنانی ئێزدی، تا کۆتایی خاکی خۆمان دەپارێزین و بەرەنگاری هەڕەشە و هێرشەكان دەبینەوە.
ئاماژەی بەوەیش كردوە: “لە دوای ئەوەی شەنگال لەلایەن گەریلاکانی ئازادیی كوردستانەوە، ئازاد کرا، ئێمە دەزگا و دامەزراوەی مەدەنی و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی خۆمان دامەزراندوە و کارەکەمان لەسەر بنەمای شەنگالێکی سەربەخۆ بوە كە لە بەرژەوەندیی وڵاتان نەبوو، بۆیە كەوتنە پیلانگێران لە دژی.
تاژێ، باسیش لەوە دەكات، “لەم دواییانەدا سوپای عێراق داوا دەکات، چیا پیرۆزەکانمان ببەزێنن و هێزمان لەو شوێنانە دابڕن”، بۆیە جەختیش دەكاتەوە لەوەی، “ئێمە ئەو هەڵوێستانە و دابەشبوونی ڕێکخستن و ئیرادەی شەنگال، شەرمەزار دەکەین و چیاكانی شەنگال، پیرۆزن و شوێنی پاراستنی ئێمەن و قبوڵی ناكەین دوژمنان دەستیان پێیان بگات.
لە كۆتاییدا، تاژێ داوا لە حکومەتی عێراق دەكات، هێرش و هەڕەشەکانی ڕابگرێت، بەڵام دەڵێت: ” ئەگەر ئەوان سووربن لەسەر هەڕەشەكانیان، ئەوا ئێمەش چەک هەڵدەگرین و پێکەوە شەڕ دەکەین بۆ پاراستنی خاک و چیاکانمان.
ک-ش