ژنانی وان لەدژی پیاوسالاری و گۆشەگیری هەستانە سەرپێ

ژنانی وان لەدژی عەقڵیەتی پیاوسالاری دەوڵەت و گۆشەگیری لە میتینگی ٨ی ئازاردا کۆبونەوە.

بە هەزاران ژن لە پارکی موسا ئانتەری وان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە دروشمی ' کات کاتی ئازادی ژنانە' کۆبونەوە.

ژنان هەڵپەڕکێیان کرد و دروشمی ' دەنیز پۆریاز راپەرینی ئێمەیە' ، ' غەریبە گەزەر نەمرە' ، 'ئێدی بەسە کات کاتی ئازادی ژنانە' وتەوە.

پۆلیسی تورک رێگەی نەدا پانکارتی ' غەریبە گەزە' و 'ئەکین وان' ببرێتە نێو میتینگەکە.

لەسەر ناوی کۆمیتەی ئامادەکار ئایشە میناز قسەی کرد. میناز ئاماژەی بە تێکۆشانی ژنانی کورد کرد و رایگەیاند، تێکۆشانی ژنانی کورد بۆ ژنانی جیهان بووەتە نمونە و وتی، " ژنانی کورد لە هەموو گۆڕەپانەکانی تێکۆشان شۆڕش دەکەن. کۆمەڵگایان گۆڕی، خۆیان گۆڕی و بۆ نەوەی نوێ میراسێکی گەورەیان بەجێ هێشت. بوون بە سەرچاوەی هێز کە بۆ تێکۆشانی ژنانی جیهان بووەتە نمونە. کاتێک مێژووی ژن سەرلەنوێ نووسرایەوە، سەختی و زەحمەتیەکانی ئەم جۆگرافیایە، تێکۆشانی ژنانی کورد بە پیتی زێڕین نووسرایەوە."

هاندان کاراکۆیون هاوسەرۆکی هەدەپەی وان رایگەیاند، ژنانی کورد ئێدی ئازادیان دروست کردووە و وتی، " تێکۆشانی ژنانی کورد لەدژی بکوژ و تەجاوزکاران بەربەستە و وتی، " بزانن، ئێمە ئەم جیهانە بەسەر ئێوەدا هەڵدەوەشێنین و حسابی هەموو تاوانەکان دەپرسین. دەستی قێزەونی خۆتان لەسەر ژن و منداڵان بکێشنەوە و بچن بۆ جەهەنەم."

گولدەرەن ڤارلی هاوسەرۆکی دەبەپەی وانیش وتی، " ژنان لەنێوان بەڵێ و نەخێردا رەنگێکن. بۆ ژیان، خۆشەویستی و ئاشتی، ئازادی دەڵێن بەڵێ، بە ئیرادەیەکی پۆلا بە زوڵم، دەستدرێژی و کین و نەفرەت دەڵێن نا."

ف.ق