ژنانی ئەفغانی لەدژی دەسەڵاتی تالیبان ڕاپەڕین

دوای ئەوەی تاڵیبان قەدەغەی کارکردنی ژنانی ڕاگەیاند، ژنانی ئەو وڵاتە ڕژانە سەر شەقامەکانی کابول و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، لەژێر دروشمی” بۆچی جیهان بێدەنگە لەبەرامبەر مردنی ئێمە؟” ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای مافی کارکردن و پەروەردە و تێکەڵبوون بە ژیانی گشتی کۆمەڵگایان کرد.

 خۆپیشاندەران ڕەخنەیان لە بێدەنگیی وڵاتانی جیهان گرت لەبەرامبەر ئەو دۆخەی لە وڵات دەگوزەرێت لەوەی کە منداڵ دەمرن، پیاوان بێکارن، قەدەغەی کارکردنی ژنان هەیە، خۆکوژیی بەڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە.

ژنانی ئەفغانستان دەشپرسن: ئایا تا کەی ژنان لە ناو ماڵ بمێننەوە  و نەتوانن بچنە دەرەوە؟.

بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان لەمبارەوە، هێزەکانی سەر بە تاڵیبان گەمارۆی خۆپێشاندەرانیان داوە و ڕێگەش نادەن ڕۆژنامەنووسان ڕووماڵی خۆپیشاندان بکەن.

زیاتر لە هەفتەیەکە چەکدارانی تاڵیبان بڕیاریان دەرکردووە کە نابێت ژنان بچنە دەرەوە و کاربکەن، ئەمەش ناڕەزایەتی ژنانی ئەفغانی لێکەوتووەتەوە و هەفتەیەکە چالاکی و خۆپێشاندان بەڕێوەدەبەن.

لەئێستاشدا، لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتەکەی تاڵیبانەوە، بەیاننامە بڵاوکراوەتەوە و ڕاگەیەندراوە”بەهۆی دۆخی ئەمنی وڵاتەوە، هەموو جۆرە خۆپیشاندانێک قەدەغەیە”.

ف.ق