بەرپرسی کۆمیتەی دیپلۆماسی کۆمەڵگەی ئازادی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) ڕۆزەرین کەمانگەر بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'ژنانی گەنج بوون بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی'
ڕۆزەرین کەمانگەر ئاماژەی بەوەکرد لە دووەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نزیک دەبینەوە کە ئەو شۆڕشە لەسەر بنەمای زهنی، کۆمەڵایەتی و کلتووری بە پێشەنگایەتی ژنان دروست بوو بەمجۆرە دوا: "بە پێشەنگایەتی ژنانی گەنج کە بوون بە هۆکاری ئەوەی ئەو شۆڕشە لە تەواوی ئێران و نەتەوەکان بڵاو بێتەوە. ببێتە هۆکاری گەلێک گۆڕانکاری گرنگ چونکە بنەمای شۆڕشەکە زهنی و کلتووری و کۆمەڵاتی بووە، گۆڕانکارییەکانیش هەمان شێوازن و هەربۆیە چۆن دەستی پێکردووە تاوەکو ئێستاش هەمان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە جێهێشتووە و بەردەوامە.
شۆڕشەکە زۆر ڕادیکاڵ بووە بە پەیامی ڕادیکاڵانە دەستی پێکرد و هەربۆیە تاوەکو ئێستاش بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانە بەردەوامە. گەورەترین کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە؛ گۆڕانکاری زهنییەت و شێوازی تێکۆشان بووە، واتا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی سەرکوت نەکراوە و بەردەوام تەنها هێزەکە بەشێوەیەکی تر کەناڵیزە بووە. یەکێک لە هەڵوێستە ڕادیکاڵەکانی گەل، نەڕۆشتنە بۆ دەنگدان چونکە ئەو دەسەڵاتە قبوڵ ناکات و بە چارەسەری نابینێت وە گەل خواستی گۆڕانکاریی پیشاندا و خۆی پێشەنگایەتی دەکات."
'کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێشەنگایەتی ژنان دەترسێت'
لە درێژەی قسەکانیدا ڕۆزەرین کەمانگەر باسی لەوەکرد هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕۆژانە دەیکاتە سەر گەل و ژنان، نیشانەی ترسییەتی لە پێشەنگایەتی ژنان و گەل بۆیە هەوڵی سەرکوتکردنی دەدات و گوتی: "دوو ساڵ بەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تێپەڕ دەبێت، یەکێک لە سیاسەتە دژە مرۆڤەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران سێدارەیە و بەتایبەت لە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زیاتر پەرەی سەند، بۆ لە ناوبردنی هێزە پێشەنگەکانی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە هیوا و ئیرادەی نەبێت ڕۆژ بە ڕۆژ لە سێدارەدانی زیاتر کرد. ژنان و پیاوان لە زیندان ڕووبەڕووی ئەم هێرشە بوونەوە.
لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ژنان وەکو هێزی پێشەنگی کۆمەڵگە زیاتر لە هەموو بەشەکانی تری کۆمەڵگە بوونە ئامانجی ئەم هێرشانەی دەسەڵات. لە ماوەی یەک مانگدا حکومی لە سێدارەدان بۆ ژنانی سیاسی دەرچووە و ئیستا مەترسی لە سێدارەدان لەسەر چوار ژن هەیە. ژنان پێشەنگی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیین پەیامی ڕادیکاڵانەیان هەبوو. حکومەتی کۆماری ئیسلامی تۆڵە لە پێشەنگەکان دەکاتەوە، چونکە دەزانێت ئەو پێشەنگانە کاریگەری زۆریان لەسەر کۆمەڵگە هەیە و دەبنە هۆکاری گۆڕانکاری ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا. لە ئێستادا سیاسەتی لە سێدارەدان دروست بووە لە پێناو تۆڵە کردنەوەیە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی."
'لە نامەکانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی پرسی چارەسەری کورد و ژن دەستنیشانکراوە'
ڕۆزەرین کەمانگەر ڕاشی گەیاند لە نامەکانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی پەیامی ڕادیکاڵی تێدا بووە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "نامەکانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی هاوتەریبن لەگەل پەیامەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی باسی کێشەی کۆمەڵایەتی، کێشەی ژن و نەبوونی دیموکراسی و جیاوازی نەتەوەی، هێرشەکان کە لە قاڵبی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و دەوڵەت نەتەوەکان دەکرێت. سەڕەڕای ئەوەی کە کۆی ئەم کێشانە دەست نیشانکراوە لە هەمانکاتدا بەدیلەکەشی باسکراوە، کە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییە کە چارەسەری پێیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و کۆی جیهان. لە نامەکاندا کە باس لە پرسی ژن و نەتەوەی کورد دەکرێت کە ڕەگەزێک پەراوێز خراوە، لە هەمانکاتدا باس لە گەلێک لە نەتەوەکان دەکرێت کە دەسەڵاتی ناوەندی هێرشی دەکاتە سەر.
ئەو دوو نامەیە لە بنەڕەتدا قسەی گەلێک لە ژنانی تێکۆشەر بوون بەهەموو جیاوازییە نەتەوەیی و ئاینییەکانیان. ئەو نامانە بوون بە دەنگی ژناننێک کە تێکۆشان دەکەن و ئەو نامانە بوون بە دەنگی ژناننێک کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە. لە نامەکان پرسی چارەسەری بۆ کۆی کێشەکان باسکراوە، زۆر باش ڕێگە چارەسەری ئازادی دەبینین، باس لەوە کراوە سنوورەکان ناتوانن ببنە هۆکاری بێدەنگ بوونی ژنان، سنوورەکان ناتوانن ببنە بەربەست لە بەردەم ئەو گەلانەی کە چەوسێنراونەتەوە.
لە دوای بڵابوونەوەی ئەم نامانە هەڵوێستی زۆر ڕادیکاڵمان بینی بەتایبەت لە زیندان بە پێشەنگایەتی گەلێک لە ژنان، پاڵپشتیەکی زۆر لە کەیسی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی کرا. هەموو ئەمانە ئەوەمان پیشاندەدات دەنگی ئازادیخوازی ژنان یەکە و تێکۆشانی هاوبەش بەڕێوەدەبن. ئەو سیاسەتی ئەشکەنجە کە دەسەڵات لە زیندان بەڕێوەی دەبات چیتر دادی نادات. زیندان بووە بە شوێنێک دەنگی ئازادی تێدا بەرزدەبێتەوە وە هەموو کۆمەڵگەش بەشداری ئەو پرۆسەیە بووە. کاتێک دەڵێم شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی سەرکووت نەکراوە و بەردەوامە ئەوەیە پێشەنگەکانی ئەو شۆڕشە لە زیندان تێکۆشان دەکەن. کەسایەتییەکی وەک زەینەب جەلیلیان لە ئاستی جیهاندا دەنگی داوەتەوە لەبەر خۆڕاگری. لە زیندانی ئێڤین لە دوای بڵاوبوونەوەی نامەکان مانگرتن لە فراوانبووندایە."
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕۆزەرین کەمانگەر ئاماژەی بەوەکرد لە دوای بڵاوبوونەوەی نامەکان لە ڕۆژئاوا و باکوور پاڵشتییەکی زۆر هات و گوتی: "کەسانێکی وەکو پەخشان عەزیزی، وەریشە مورادی و شەریفە موحمەدی کە تێکۆشان بۆ ئازادی و مرۆڤبوون دەکەن بێگومان پاڵپشتیان بۆ دێت. بەڵام ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کۆتایی بە سیاسەتی دژە مرۆڤانە بێنین و ببینە دەنگی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی و گەلێک لە کەسانی ئازادیخواز لە زیندان.
پێویستە کار و خەبات بەرفراوان بکەین، کەمپینی زۆر کراوە بۆ زیندانیانی سیاسی ئەگەر واژۆ کۆدەکرێتەوە بەشداربین و ئەگەر چالاکی دەکرێت شەقامەکان پڕ بکەین لە دەنگ، بە هەرشێوازێک دەکرێت ڕۆژەڤ سازبکەین بۆ ئەوەی ببینە دەنگی ئەم ژنە تێکۆشەرانە. وەک ژنان پیشانمان دا کە خاوەنی چ هێز و ئیرادەیەکین، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەم ڕاستییەی سەلماند."