ئاڤێستا: ئەردۆغان شكست دێنێت

سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی كۆنسه‌ی سەرۆکایەتی کەجەکە له‌ میانه‌ی به‌شداربوون له‌ به‌رنامه‌یه‌كی «چرا تی ڤی»، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین. ڕایگه‌یاند؛ ئەردۆغان لە به‌رانبه‌ر گەله‌كه‌مان شكست دێنێت.

ئاڤێستا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەوان «دەلیلا ئاخین»ی دایەوە:

هۆکاری هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین چییە؟

هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە، لە ساڵی ٢٠١٥ لە دژی گەلی کورد، شەڕی ڕاگەیاند. لەبەر ئەوەی لە باکووری کوردستان سەرنەکەوت، هێرشی برده‌ سەر ڕۆژئاوای کوردستان. هێرشی سەر عەفرین، هێرشی سەرجەم دەسکەوتەکانی گەلی کوردە. له‌ژێر ناوی هێرش بۆ سەر کورد، هێرشە بۆ سەر هەموو گەلان، باوەڕییەکان و بەهاکان. لە دژی هەموو ئەو ژنانەی وا بۆ ئازادی تێدەکۆشن و لە دژی مرۆڤایەتییه. دەیانەوێ دەسکەوتەکانی گەلی ئێمە کە بۆ گەیشتن به ژیانێکی ئازاد لەسەر بنەمای ئیرادە و پاراستنی به‌هاكان تێكۆشان دەکات، لەناوبەرن و درێژە بە سیستەمی فاشیستی خۆیان بدەن. به خەون و خەیاڵی عوسمانییەکانەوە هێرشی هەموو گەلان دەکەن. 

ئەوە ١٤ڕۆژە بە هەموو هێزی خۆیان هێرش دەکەن. ئایا سوپای تورکیا دەتوانێ لە عەفرین سەرکەوێ؟

دەوڵەتی تورکیا بەر لەوەێ هێرش بکات، لە ناوخۆ و دەرەوە ئامادەکاری بۆ ئەو هێرشە دەکرد و لەدوای بۆردوومان‌کردنی قورس، پێی وابوو دەتوانێ هەموو هه‌رێمه‌كه‌ داگیر بکات. دەولەتی تورکیا دەیگوت: '«ئێمە لە ماوەی ٣ کاتژمێردا عەفرین داگیر دەکەین»، ئەوە ١٤ ڕۆژە بە فڕۆکە بۆردومانی ناوچەکە دەکەن. ئەوانەی لە به‌رانبه‌ر دیکتاتۆریی ئەردۆغان و مەهەپە سەرکەوتوو بوون، یەپەگە/ یەپەژە، هەسەدە و گەلی عەفرینه. لەبەر ئەوەی کە خاوەنی بڕوایەکن کە دەتوان بۆ خاکی عەفرین و بۆ به‌هاكانیان، خۆیان فیدا بکەن. له‌ به‌رانبه‌ر گەلێکی ڕێكخراو کە خاوەنی ئیرادەیە و خۆی دەپارێزێت، دیکتاتۆری تەیب ئەردۆغان ناتوانێ خۆی له‌ شكستهێنان رزگار بکات. 

یەک لە فەرماندارانی یەپەژە به‌ ناوی ئاڤێستا خابوور لە ڕۆژانی دەسپێکی هێرشەکان، چالاکییەکی گیانبازی ئەنجامدا. پێویستە ئەو چالاکییە چۆن هه‌ڵسه‌نگێنرێث؟

به‌و چالاکییە سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد. ئاڤێستا خابوور بەو چالاکییەی خۆی پێشانیدا کە ئەردۆغان شکستی هێناوە. هەروەها پەیامێکیشی دا بە هەموو گەلان کە خاکی خۆیان بەجێ نەهێڵن و بە خۆڕاگری دەتوانن سەرکەون. ئاڤێستا خابوور بەو چالاکییە وتی «پێویستە چاوەڕوانی کەس نەبین بە هانامانەوە بێ، چی دەبێ با ببێ ئێمە بە گیانی خۆمان وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە». بەو هەڵوێستەی ڕێگه‌ی بەرخۆدانی پیشانی هەموو ژنان دا و پەیامەکەشی گەیشتە جێ و ئێستا بە هەزاران گەنج و لاو، ڕوو لە عەفرین دەکەن.

لە هێرشی سەر گەلی کورد، داعش و چەتەکانی دیکە هەموو کاتێ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیان. ئێوە په‌یوه‌ندی ئەوان بە یەکەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشی ئەردۆغان بۆ سەر عەفرین، تۆڵه‌کردنەوەی داعشە. ناتوانێ خۆی له‌ به‌رانبه‌ر شکستی داعش لە ڕەقا، شنگال، مووسڵ و دێرەزوور، ڕاگرێت. دەڵێ مادام نەتانهێشت داعش سەرکەوێ، منیش هێرش دەکەمە سەرتان و ماڵ و حاڵ و شوێنەوارە مێژووییەکانتان هەڵدەوەشێنم. ئەوەی داعش پێی نەکرا، ئەردۆغان دەیەوێ بیکات. پێویستە ئەوە بزانرێت کە ئەردۆغان و چەتەکانی لە ژێر ناوی جیاجیادا لە کۆبانێ شكستیان هێنا و لە عەفرین-یش هەمان چارەنووسیان دەبێت و زیهنیه‌تی فاشیست دەڕووخێت.

هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆچی هەر تەمەشاکەرن؟ بۆ هەتا ئاستێک یارمەتیدەری ئەردۆغانن؟

ئێمە وەکوو ته‌ڤگه‌ری ئازادیی کوردستان، هێزه نێودەوڵەتییەکان دەناسین. لە گەلەکۆمەی ١٥ی فێبرییه‌وه‌ مێژووی نیزیکی خۆشمان دەناسین. شەڕڤانانی ئازادی هەموو کات بە ئیرادەی خۆیان و باوەڕی خۆیان بۆ ئازادی، تێکۆشانیان کردووە. دەبێ لەبیرمان نەچێ کە ئارین میرکانەکان بە چ ئیرادە، هەڵوێست و باوەرییەک گیانی خۆیان فیدا کرد. گەلی ئێمە کاتێک بۆ گەیشتن به‌ مافە زه‌وتكراوه‌كانی دەستی بە تێکۆشان کرد، پرسی به کەس نەکرد و بە تەمای کەسیش ئەو تێکۆشانەی دەست پێنەکردووە. دەوڵەتان تەنیا بەرژەوەندییە مادییەکان دەبینن و لەسەر ئەو بنەمایەش په‌یوه‌ندی درووست دەکەن. ڕەوابوونی تێکۆشانی گەلان، ئه‌وان تێر ناکات، هەر بۆیە گوێی خۆیانی لێدەخەوێنن.

گەلانی کوردستان و مرۆڤه ئازادیخوازەکان، پشتیوانی لە عەفرین دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش گەلێک چالاکی ئەنجام دران. ئایا ئەوە بەس دەبینن؟

خاوەنداری کردنی گەلان لە عەفرین، زۆر پڕ واتایە. بەتایبەتی من سپاسی گەلی خۆمان و ئەو هەزاران مرۆڤەی ئەورووپا دەکەم کە بۆ پاڵپشتی کردنی عەفرین، دەڕژێنە شەقامەکان. هەڵوێستی ئەوان، هەڵوێستێکی وڵات‌پارێزییە و پێویستە بەردەوام بێت. گەلی عەفرین ڕووبەڕووی هێرشێکی دڕندانە بۆتەوە و پێویستە کەس بێدەنگ نه‌بێت.

لە عەفرین، هێرشی سەر گوندە ئێزدینشینه‌كان دەکرێت. بە ڕای ئێوە ئەوە هەمان بەردەوامی فەرمانی ٧٤مینی سەر ئێزدییەکان نییە کە لەلایەن داعشەوە ئەنجام درا؟

ئەوە بابەتێکی زۆر گرینگە. ئه‌مڕۆ هێرشیان کردە سەر ٢٣ گوندی ئێزدییەکان. لە شه‌نگال ویستیان ئێزدییەکان لەناو بەرن، ئه‌مڕۆش هەمان فەرمان بەڕێوە دەبەن. لە قەستەل و باسوفان، درێژه بە فەرمانی قڕکردنی ئێزدییەکان دەدەن. یەکێک لە و شوێنانەی کە کۆمەڵگەی ئێزدی لەسەر بنەمای ژیانێکی ئازاد خۆی ڕێكخستووه‌، عەفرینه. پێویسته‌ لە هەموو شوێنێک، گەلی ئێزدی پشتیوانی لە یەپەگە/ یەپەژە بکات. هەروەک چۆن شەڕڤانانی ئازادی، خاوەندارییان لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد و بۆ ڕزگاری ژنان و منداڵانی بە دیل گیراوی دەستی داعش، گیانی خۆیان فیدا دەکرد، ئێستاش پێویستە کۆمەڵگەی ئێزدی خاوەنداری لە یەپەگە/ یەپەژە بکات.