ئاڤێستا: بەرخۆدانی عەفرین، درێژەی بەرخۆدانی ٨ی ئادارە

سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە، سڵاوی خۆی ئاراستەی بەرخۆدانی سەردەم کرد و وتی: "ئاڵای تێکۆشانی ٨ی ئادار، ئێستا بەدەست ژنانی عەفرینەوە دەشەکێتەوە".

سۆزدار ئاڤێستا، دەربارەی بەرخۆدانی عەفرین و ئەو چالاکییانەی بەبۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکارەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئاژانسی فرات دوا و هەڵسەگاندنی کرد.

ئاڤێستا، بە ئاماژە بە بەرخۆدانی عەفرین کە ٤٠ڕۆژی لەپاش خۆی بەجێهێشتووە وتی: ''هەروەک چۆن هەڤاڵ چیاگەر، لە سووری ئامەد وتی کە 'ئەنجامەکانی ئەو بەرخۆدانییە، بێ‌وێنە دەبن'، هەروەک چۆن 'مەهمەت تونچ' لە جزیرە ڕایگەیاند کە' بێجگە لە بەرخۆدان و سەرکەوتن، ڕێگایەکی دیکەمان نییە' و هەوەک چۆن دایکانی عەفرین گوتیان؛ 'ئێمە بێ منداڵەکانیشمان دەتوانێن بژین بەڵام ژیانی سەرشۆڕی قەت قەبووڵ ناکەین'، ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی ئێمەش ئەوەیە کە ئەو قسانە بکەینە مانیفیستۆی تێکۆشانی خۆمان و لەو چوارچێوەیەدا بەرخۆدانی بکەین".

 

کەرامەتی مرۆڤایەتی دەپارێزن

سۆزدار ئاڤێستا، گوتی؛ ئاڵای تێکۆشانی ٨ی ئادار، بە دەست دایکانی عەفرینەوە دەشەکێتەوە. بەرخۆدانی عەفرین-یش، ئاڵقەیەکە لە تێکۆشانی ژنان لە بەرانبەر سیستەمی پیاوسالاری. سۆزدار هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی جارێکی دیکە وەبیردێنێتەوە و دەڵێ؛ ''گەلی بەشەڕەفی ئێمە ماوەی ٤٠ ڕۆژە لە خۆڕاگرییەکی بێ‌وێنە و بەشکۆدان. من لێرەوە لەسەر نێوی تەڤگەری ئازادی، سڵاو وڕێزی خۆم ئاراستەی گەل و شەڕڤانانی خۆمان دەکەم کە بە فیداکارییەکی مەزنەوە، کەرامەتی مرۆڤایەتی دەپارێزن".

شەڕی دوو ڕامان

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند: ''لە زێدی بەرخۆدان، لە عەفرین، دووهێز، دوو زێهنییەت و دوو سیستەم شەڕ دەکەن. یەکیان زێهنییەتی سەرمایەداری و هێزە سەردەستە فاشیستەکانە. یانی زێهنییەتێکە کە دوژمنایەتی ژنان، گەلان و سرووشت دەکات. ئەوی دیکەشیان هێزێکە کە هەتا دوایی لەبەرانبەر ئەو زێهنییەتە ڕادەوەستێ، هەتا دوایی ژیانی دێموکراتی دەپارێزێ و ئازادی ژنان و گەلان بە بنەما دەگرێت و بۆ بنیاتنانی ژیانێکی ژیانێکی ئازاد و هاوبەش تێدەکۆشێ. نێوی ئەو شەڕەش شەڕی جیهانیی سێهەمینە''.

 سۆزدار ئاڤێستا ڕەخنە لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە ئاست هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکان لەسەر عەفرین، دەگرێت و دەڵێ: ''سەرەڕای بڕیاری ئاگربەستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش، هێرشی چەتە فاشیستەکان لەسەر عەفرین هەر بەردەوامە. دەبێ ئەوە بزانن کە ئەوچەتانەی ئەمڕۆ جیهان لە ئاستیان بێ‌دەنگە، ڕۆژێک دەبنە بەڵا لەسەر سەریان".

کاتی ئەوەیە کە خاوەندارێتی لە عەفرین بکرێت

ئاڤێستا، دەربارەی عەفرین، داوا دەکات: ''گەلی ئێمە لە هەر شوێنێک هەن، گرینگە کە خاوەنداریی لەو نرخە پیرۆزانە بکەن. بانگەوازی ئێمە بۆ گەلەکەمان، هەر لە گەنجان هەتا هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، ئەوەیە کە کاتی خاوەنداریکردنە لە عەفرین. ئەگەر ئێستا خاوەنداریی لەو خاکە، لەو گەلە، لەژنان و منداڵان نەکرێت، ئەی کەنگێ دەکرێت؟ ئەوانەی کە خۆیان پێ ئازادیخواز، پارێزەری مافی ژنان، منداڵان و مافی مرۆڤە و ئەوانەی وەکوو ژینگەپارێز خۆیان بەنێو دەکەن، دەبێ لەو بارەیەوە دەستبکەن بە تێکۆشان".

سۆزدار ئاڤێستا، ئەوەشی گوت؛ ''ئەو چالاکییانەی بۆ ٨ی ئادار ئەنجام دەدرێن، نابێ لە چالاکییەکانی پشتیوانی بۆ عەفرین جیا بکرێنەوە. بەرخۆدانی عەفرین، درێژەی بەرخۆدانی ٨ی ئادارە. ئەوە بەرخۆدانییەکە کە لە 'ڕۆزا'کانەوە هەتا 'کلارا' و 'ئەمان گۆلدمەن'ەکان، لە 'بێریتان'ەکانەوە هەتا 'زیلان'، 'سارا'، 'ئاڤێستا' و 'بارین'ەکان، درێژەی هەیە".

سۆزدار ئاڤێستا، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی' : سەرکەوتنی بەرخۆدانی عەفرین، دەبێتە سەرکەوتنی هەموو ژنان.

 ئاڤێستا، داوای لە ژنان کرد لە هەرجێیەک هەن، با پشتیوانی بەرخۆدانی عەفرین بن و بەشداری بکەن لە ئاهەنگی خۆڕاگری و ئازادیدا.