"تاوەکو دەوڵەتى تورک لە عەفرین وەدەر نەنێین وەستان لای ئێمە بوونی نییە"

ژنانی عەفرین ڕایانگەیاند، هەتاکو عەفرین لە داگیرکەران پاک دەبێتەوە بەرخۆدان دەکەن.

وەحیدە خەلیل و عەریفە بەکر، ئەندامانی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی عەفرین، دەستنیشانیان کرد کە لەڕێگەی کەمپەینی "با ژنان بۆ عەفرین هەستنە سەر پێ" تێکۆشانی خۆیان بە تین تر دەکەن.

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر وێڕای چەتەکانی هێڕشیان کردە سەر عەفرین، کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی عەفرین دەستی بە کەمپەینی"با ژنانی عەفرین ڕاپەڕن" کردووە. قۆناغی دووەمی کەمپەینەکە دوێنێ بە ڕاگەیەندراوێک بۆ دەزگەکانی چاپەمەنی دەستی پێکرد.

هەریەک لە وەحیدە خەلیل و عەریفە بەکر، ئەندامانی کۆنگرەی ستار بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

" ژنانی عەفرین هیچکات دەست لە خاکى خۆیان هەڵناگرن"

وەحیدە خەلیل یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرەی ستاردەستنیشانی کرد کە هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی عەفرین، بە ئامانجی وەدیهێنانی خەونی دەسەڵاتی عوسمانییە و ئەوەشی وت: ئێمە دەستمان بە قۆناغی دوویەمینی کەمپەینی "با ژنانی عەفرین ڕاپەڕن" کردووە.

خەلیل ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەوان لە چوارچێوەی کەمپەینەکەدا ڕێپێوان، میتینگ و سمینار بەڕێەوە دەبرێت و لەم قۆناغەشدا بەردەوام دەبین لە چالاکی.

خەلیل ئاشکرای کرد، دەوڵەتی تورکیا وەک ئیمپراتۆری عوسمانی بە نیازی داگیرکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوینە، بەڵام ژنانی عەفرین تا کۆتایی بەرخۆدان بکەن وبەردەوام بن لە چالاکی.

خەلیل دەستنیشانی کرد کە هەتاکو سوپای داگیرکەری تورکیا وچەتەکانی لە عەفرین وەدەرنەنێن ڕاوەستان لای ئەوان بوونی نییە، خەلیل ئاوەها درێژەی بە قسەکانی دا: ئەو دەوڵەتانەی کە تا ئێستا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای نەبینیوە و بێدەنگ بوون، سەرێکی ئەو هێرش وداگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیان. عەفرین هیچکات ئەوە لەبیر ناکات، لەبەر ئەوەی ژنانی عەفرین ژیانی خۆیان لە پێناو بەرخۆدان دا داناوە.

ئەوانەی کە پێیان وایە ژنانی عەفرین دوای ٢٤ کاتژمێر چالاکی واز لە بەرخۆدان دەهێنن، دیارە هێشتا ژنی عەفرینی و ژنی کوردیان نەناسیوە. خەلیل داوای لە ژنان کرد کە بۆ پاڵپشتی عەفرین چالاکی بکەن.

"هەتاکو نەگەڕێینەوە، ڕانا وەستین"

عەریفە بەکر، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی  ئەندامی کۆنگرەی ستار، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ڕۆژی یەکەمی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەوان بەردەوام بوون لە چالاکی .

بەکر وەبیری هێنایەوە کە ئەوان ٥٨ ڕۆژ لەدژی سوپای داگیرکەری تورکیا بەرخۆدانییان کردووە و وتی: "ئێمە هیچکات خۆمان ڕادەست نەکرد. ئێمە لە ناچاریدا کۆچ مانکرد. سوپای تورکیا بە زۆر خەڵکی لە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان وەدەرنا. ئێمە لێرەدا بە ڕەنگی بەرخۆدانی عەفرین درێژە بە تێکۆشان بدەین و هەتاکو نەگەڕێینەوە بۆ عەفرین ڕاناوەستین. دەبێت دەوڵەتی تورک لەوە پەشیمان ببێتەوە کە هاتووەتە ناو شاری عەفرین".

ک.ش

ر.م