تاژک – ئەوروپا: ئازادیى ژن خەون نییە و ڕاستییە

بزووتنەوەى ژنانى کورد – ئەوروپا، بە بۆنەى رۆژى جیهانیى ژنانەوە "دەبێت ژنانى جیهان بە هێزەوە خاوەنداریى لە ڕۆژئاوا بکەن. ئێمە بەو شێوەیە دەتوانین باشترین مانا و وەڵامى دروست ببەخشین بە ڕۆژى ژنانى زەحمەتکێشى جیهان، چونکە ئازادیى ژن خەون نییە و ڕاستییە.

 

بزووتنەوەى ژنانى کورد – ئەوروپا (TJK-E) بە بۆنەى ٨ى ئازار، ڕۆژى جیهانیى ژنانى زەحمەتکێش ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەوان بە ئومێد و بڕیارمەندیی گەورەى ئازادییەوە، بە ڕۆحی تێکۆشانەوە پێشوازی لە ٨ى ئازار دەکەن. هەموو ژنانى زەحمەتکێش و بەرخودێر، کە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا خۆڕاگرییان کردووە و ژیانى خۆیان بەخشیوە و کەرامەتى ژنیان بەرزکردووەتەوە، بە ڕێزەوە و بە پێزانینەوە یاد دەکەینەوە.

بزووتنەوەى ژنانى کورد – ئەوروپا (تاژک - ئەوروپا) ئەوەشى خستووەتەڕوو، ژنانى کوردستان ٨ى ئازاری هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی گەشانەوەى تێکۆشان و بەرخۆدان دەبینن و نووسیویانە "هەوڵ دەدەین بە بەهێزکردنى تێکۆشانى یەکسانیخوازانە، دیموکراسیانە، ئازادیى ژنان، گەلانى بندەست لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بە خوڵقاندنى ڕێکخستنى ژن و دامەزراندنى سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمى دیموکراتیک باشترین وەڵامى ڕاست و دروستى مێژووییانە پێشکەشى پێشەنگەکانى ئازادیى ژن لە مێژوویى مرۆڤایەتیدا بکەین".

لە ڕاگەیاندراوەکەى تاژک – ئەوروپادا ئەوەش هاتووە، بزووتنەوەى ئازادیى ژنانى کوردستان نزیکەى ٣٠ ساڵە بەو تێکۆشانە و بەو ڕۆحە، خۆى لە ئاستى سیاسى، ئابووری، ڕامیاری، فەلسەفی و خۆپاراستندا، خۆى بە ڕێکخستن دەکات و ئەوەشیان نووسیوە "لە چیاکانى کوردستانەوە تاوەکو کۆبانێ و عەفرین، کە ئێستا بەرخۆدانى سەردەمى تیادا بەڕێوە دەچێت، لە دژى کاپیتالیزم، فیۆدالیزم، کۆنەپەرستی باڵادەستانە لەسەر دەستى پیاو، لە دژى هێرشەکانى کۆمارى تورکیا، داعش، بەرەى نوسرە، ئێمە قارەمانانە خۆڕاگرى دەکەین. عەفرین، کە کانتۆنێکى فیدراسیۆنى باکوورى سوریایە، بۆ جارێکیتر شایەتى بۆ ئەو قارەمانیەتییە دەدات، کە لە منداڵەوە تاوەکو کەسانى بە تەمەن، ژنانى کورد، عەرەب، تورکمەن، چیچیانى، ئەرمەنی پێکەوە لە دژى داگیرکاریى فاشیزمى دەوڵەتى تورک و بۆ ئازادى تێدەکۆشن".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "هەر چۆن لە شەنگال و کۆبانێ هێرشەکان تەنها لە دژى کورد ئەنجام نەدران، بەڵکو هەوڵیاندا کولتور و مێژووى ژنیش لە ڕەگەوە هەڵبکێشن. ئێستاش دەیانەوێت لە کەسایەتیى عەفریندا لەناوبردن و کوشتارکردنى ژنان، بسەپێنن. سیستمى کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک لەوێ دامەزراوە، سیستمى ئازادی و دیموکراسیى ژنان و گەلانی بندەستە. ئەو سیستمە خەونى ئەو ژنە زەحمەتکێشانەیە، کە ٨ى ئازاریان ئافراندووە. هێرشە دڕندانەکانى فاشیزمی دەوڵەتى تورک، کە خۆی کردووە بە خاوەن و پشتیوانى داعش، هەر بەهۆى ترسیانەوەیە لە کۆمەڵگەى ئازاد، ژن – مرۆڤە ئازادەکان، کە لەو سیستمەدا دەئافرێنرێن. ئەو ترسە بە تەنهایى نەچووەتە  دڵى دەوڵەتى تورکەوە، بەڵکو چووەتە دڵى دەوڵەتە کاپیتالیستە ڕۆژئاواییەکانەوە. ئەو دەوڵەتانە بۆ بەرژەوەندیى خۆیان ئەو  جۆرە لە سیاسەت و بازرگانیکردنى قێزەون ئەنجام دەدەن. بۆ نمونە دەوڵەتى ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیى ئانگێلا مێرکل، تانک و تۆپ بە دەوڵەتى تورک دەفرۆشێت و ئەویش لە سوریا خوێنى کوردانى پێدەڕژێت و لەسەر خوێنى مرۆڤەکان پارە کۆدەکەنەوە".

تاژک ئەوروپا ئەوەشى بڵاوکردووەتەوە "لە ڕێگەى ٨ى ئازارەوە و لە دژى هەموو شێوازەکانى ئەو جۆرە لە سیاسەتین، کە شەڕ هەڵدەگیرسێنن و ڕێگا بۆ کوشتنى مرۆڤەکان خۆش دەکەن. ئێمە دەنگمان بەرامبەر هەموو دەوڵەتەکان بە تایبەتى دەوڵەتى ئەڵمانیان بەرز دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین، کە مافی خۆمان بۆ دروستکردنى گوشارى دیموکراسیانە بەکار دەهێنین بۆ ئەوەى پێشتیوانى لە سەرۆک کۆمارى تورکیا نەکەن، کە سەرکردایەتیى داعش و دەوڵەتى فاشیستى تورک دەکات. ئێمە دەنگ و هێزى خۆمان لەگەڵ ژنانی عەفرین، کە بۆ مرۆڤایەتى بەرخۆدان دەکەن، دەکەینە یەک دەنگ".

لە کۆتایى ڕاگەیاندراوەکەى تاژک – ئەوروپادا هاتووە "دەبێت ئێمەى ژن لە سەرتاسەری جیهان بە بەهێزیەوە خاوەندارى لەعەفرین و ڕۆژئاڤا بکەین. بەو شێوەیە دەتوانین باشترین وەڵامى مانادار و ڕاست و دروست پێشکەشى ڕۆژی جیهانیى ژنانى زەحمەتکێشى جیهان بکەین. ئازادیى ژن خەون نییە و ڕاستییە. ئازادیى ژن تەنها داوایەک نییە، بەڵکو ئیتر سیستمێکى کۆمەڵایەتیى شوێنگرەوە دادەمەزرێنێت. دەبێت ئێمە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تاوەکو ئەوروپا، لە ئەمریکاى لاتینەوە تاوەکو ئاسیا و ئەفریقا، لە ٨ى ئازاردا ئەو سیستمە بەهێز بکەین و بەرخۆدان و پشتیوانیى ژنان زیاتر و گەورەتر بکەین".

ر.م