كه‌ژار ڕۆژبوونی ئۆجالان و ساڵیادی دامه‌زراندنی په‌ژاك پیرۆز ده‌كات

كه‌ژار پیرۆزبایی له‌دایكبوونی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و ساڵیادی دامه‌زراندنی په‌ژاك ده‌كات.

جوانە سەرحەد ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگه‌ی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - کەژار لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی ٤ی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پەژاك لە گەلی کورد، گه‌لانی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌كات:

«بە هاتنی ڕێبەر ئاپۆ درهختێكی سەوز بەرهەمهات»

ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە سەرۆکایەتیمان و تەواوی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو کەسانەی لەپێناو ئازادیدا گیانیان فیداکرد و بنەماڵەی شەهیدان پیرۆز دەکەین.

لەم ئانوساتەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەرکەوت، گەلی کورد بە گشتی و بەتایبەتی لە باکووری کوردستان شتێکی بەناوی بوون بۆ نەمابوویەوە. وه‌ك دارێکی وشکی لێهاتبوو کە هەناسەیه‌كی به‌به‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌. بەڵام بە هاتنی ڕێبەر ئاپۆ دره‌ختێكی سەوز بەرهەمهات و ئێستاش گەلی کورد لەژێر سێبەری ئەو دره‌خته‌دا تێکۆشانێکی گەورە دەكات. لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ تەنها لەدایکبوونی کەسێك نییە، بەڵکو لەدایکبوونی گەلێکە. ژنان کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشەنگایەتی تێكۆشان دەکەن، ئەمە بە فەلسەفەی سەرۆك ئاپۆ فەراهەم بووە. 

دەتوانین لەدایکبوون و ژیانی ڕێبەر ئاپۆ بە سێ قۆناغ دهستنیشان بكهین:

یەکەمیان: لە تەمەنی ٧ ساڵی تا دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان کە ڕێبەر ئاپۆ وەك قۆناغی یەکەم ئاماژەی پێده‌کات. تێکۆشانی یەکەمی ڕێبەر ئاپۆ و شۆڕشی یەکەمی هەر لەم قۆناغەدا دەستپێكرد، لێگەڕین و بەدواداچوونەکانی لەبارەی کۆمەڵگه‌، بنەماڵە و ئەو ئەقڵیەتەی کە یەکسانی و دادوەری ونکردبوو. ئەم بەدواداچوونانە هەر لە منداڵییەوە دەستی پێکردووە و تا گەیشتووە بە دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان كه‌ بە وتنی «کوردستان داگیرکراوە» ئاوا كرا.

«مرۆڤەکان دەبێت لێگەڕین و گۆڕانکاری لە زیهنیەتی خۆیاندا بکەن»

دووه‌م: قۆناغی دووەمی ژیانی لە دامەزراندنی پارتی کرێکارانەوە تاوەکو زیندانی ئیمڕالییە، کە ئەمە گرنگترین قۆناغە بۆ گەلی کورد، چونکە لە کاتێکدا کە دەوڵەتی تورکیای فاشیست زوڵمێکی زۆری دەسەپاند و ڕاستیی کوردی قبووڵ نەدەکرد، ژیانه‌وه‌ی تێکۆشان و هەنگاوی گەورە پێویستبوو. ڕێبەر ئاپۆش ئەم تێکۆشانەی لە کەسایەتی و زیهنیەتەوە ده‌ستپێكرد.  ئەمەی کرد بە هەنگاوی یەکەم بۆ ئەم تێکۆشانە و بوو بە بنەمایه‌ك لە ژیان و تێکۆشانی تەڤگەری ئاپۆییدا کە کەسایەتی تا گۆڕانکاری لە کەسایەتی و زیهنیەتی خۆیدا نەکات، ناتوانێت کۆمەڵگه‌ش بگۆڕێت. دیالێکتی یەکەمین کە ڕێبەر ئاپۆ لەناو کۆمەڵگه‌دا دروستی کرد ئەوەبوو کە مرۆڤەکان دەبێت لێگەڕین و گۆڕانکاری لە زیهنیەتی خۆیاندا بکەن. 

بابه‌تێكی دیكه‌ کە ڕێبه‌ر ئاپۆ ڕاستتر پێناسەی کردەوە مێژوو بوو، چونکە ئەو مێژووەی کە نووسراوەتەوە بە دەست و قەڵەمی هێزی سەردەست نووسراوەتەوە. مێژوویه‌ك کە هەموو پێناسەکانی بۆ سەردەستەکان بوو، هیچ یه‌كێك لە ژن، بندەست، گەنج، کرێکاران پێناسەیه‌کیان نەبوو لەناو ئەو مێژووەدا. ڕێبەر ئاپۆ پێناسەیه‌کی نوێی بۆ مێژووی کۆمەڵگه‌ کردەوە، ئەویش ئەوەبوو «مێژوو لە ئێمەدا شاراوەیه‌، مێژوو؛ ڕابردوو، ئەمڕۆ و داهاتوومانە.» ئەو مێژووەی کە تا ئێستا نووسراوەتەوە هەر دەوڵەت و دەسەڵاتدارێك به‌پێی بۆچوونی خۆی نووسیویه‌تیەوە، بەڵام ئەو مێژووەی کە ڕێبەر ئاپۆ نووسییه‌وە دەتوانرێت بگوترێت کە مێژوویه‌كی ڕاست و ئازادانە بوو.

«مێژووی کۆیلایه‌تی ژن نەنووسرا، بەڵام ئێستا مێژووی ئازادیی ژن لە نووسینەوەدایە»

بەتایبەت لە کەسایەتی ژندا ڕێبەر ئاپۆ سەرلەنوێ پێناسەی بۆ ژن، ڕاستینه‌ی ژن و هەبوونی کردەوە. ڕاستە کە مێژووی کۆیلایه‌تیی ژن نەنووسرا، بەڵام ئێستا مێژووی ئازادیی ژن لە نووسینەوەدایە. ئەمەش لەژێر بیر و فکری ڕێبەر ئاپۆدا کە ئایدۆلۆژیای ڕزگاری و ئازادیی ژنی پێشکەش بە هەموو ژنانی جیهان کرد و هەبوونێکی جیاوازتری هەمیشەیی بۆ ژنان دیاریکرد. 

«ڕێبەر ئاپۆ لە زینداندا ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانەی نەوەستاند»

سێیه‌م: قۆناغی سێیەمینیش قۆناغی ئیمڕاڵییە کە  پیلانگێڕی و گەلەکۆمەیه‌کی چەپەڵانە بوو. بەمە دوژمنان دەیانویست گەلی کورد لەم دوڕگەیەدا زیندانی بکەن، بەڵام ئەو بەرخۆدانە گەورەیه‌ی کە ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٠ ساڵه‌ دەیکات، بوو بە هۆکاری ئەوەی کە گەلیش بۆ بەرخۆدان و ئیرادە هانبدات. ڕێبەر ئاپۆ لە زینداندا ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانەی نەوەستاند، بە پێچه‌وانەوە ئەو پڕۆژە و پلانانەی کە پێشکەشی کۆمەڵگه‌ی ده‌كرد، قوڵتری کردەوە. بە پڕۆژە و بیروڕاکانی کۆمەڵگه‌ی دیموکراتی و ئازادی هاوشێوه‌ی ڕۆژئاوا بەرقەرار دەبێت.

«ڕێبەر ئاپۆ بەدوای دەرفەتدا نەبوو بەڵکو دەرفەتی خوڵقاند»

ڕێبەر ئاپۆ بە جەستە زیندانی کراوە بەڵام فکر و ڕامانی ئازادە و هەر ئەو فکر و ڕامانەشە کە بووە هۆکاری ئەوەی شۆڕشێك لە کەسایەتی خۆیدا بکات و بەمەشەوە نەوەستێت، ئەم شۆڕشە بگەیه‌نێتە ناو کۆمەڵگه‌ش. ڕێبەر ئاپۆ بەدوای دەرفەتدا نەبوو، بەڵکو دەرفەتی خوڵقاند بۆ خۆی و کەسایەتی کورد و كۆمەڵگه‌ی کوردی بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستی، ئیرادە و باوەڕی کە له‌ سایەی دەسەڵاتی سەردەستدا لێی وشك کرابوو، بیدۆزێتەوە و جارێکی دیكه‌ سەوزی بکات. 

«دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پەژاك، ژیانەوەیه‌كه‌ بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان»

هەر بۆیە دەبێت ئەم ڕۆژە وەك ژیانەوەی گەلێك ناوی ببه‌ین، لە هەمان کاتدا لە ڕۆژێکی وه‌هادا لەسەر ئەم فەلسەفە و فکرەدا دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پەژاك ژیانەوەیه‌کە بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەبێت پیرۆز ڕابگیرێت. ئەوە لەبیر نەکەین کە تێکۆشانێکی زۆر كراوه‌ و کەسانێکی زۆر گیانی خۆیان لەم ڕێگەیەدا فیدا کردووە. دەتوانین ئەمە وەكو مێژوویه‌کی ئازادیی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسه‌ر بنەمای فکری ئاپۆییدا پێناسە بکەین. 

«گەلی ڕۆژهەڵات، بە ڕۆحی نەورۆزی ئەمساڵ خاوەنداره‌تی لە ڕێبەری مرۆڤایەتی بکەن»

لە کۆتاییدا جارێکی دیكه‌ ئەم ڕۆژە لە هەموو لایه‌ك پیرۆز دەکەین و دووبارەی دەکەینەوە کە ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانەی لە دوڕگەی ئیمڕالیدا دەکرێت، پێویسته‌ قوڵتر و بەرفراونتری بکەین. چونکە پلانێکی چەپەڵانە کە لە ساڵی ١٩٩٩دا لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر گەلی کورد ده‌ستی پێكرد، تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ و لە  هێرش و داگیرکاری سه‌ر عەفریندا و بە گۆشەگیری سەر سەرۆك درێژه‌ی هەیە. پێویستە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر وەك چۆن جەژنی نەورۆزی ئەمساڵیان بە دەنگ و ڕەنگی بەرخۆدانی عەفرین پیرۆز کرد، دەبێت جارێکی دیكه‌ و لە ڕۆژێکی وه‌هادا دەنگی خۆیان هەڵبڕن و خاوەنداره‌تی لە ڕێبەری مرۆڤایەتی ڕێبەر ئاپۆ بکەن. جارێکی دیكه‌ ئەم ڕۆژە لە تەواوی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆزبێت. 

s.m