دوو ژنه‌چالاكی ئێرانی له‌ زیندان مانیان گرتووه‌

دوو ژنه‌چالاكی مه‌ده‌نی به‌ ناوه‌كانی «ئاتینا دائیمی» و «گوڵروخ ئیرایی» له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی «گرتووخانه‌ی ئه‌وین» به‌ لێدان بۆ «گرتووخانه‌ی قه‌رچه‌ك وه‌رامین» گواستراونه‌ته‌وه‌. ئه‌وانیش وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ستیان به‌ مانگرتن كردووه‌.

هەردوو ژنه‌چالاکی مەدەنی لە نامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ زیندانه‌وه‌ بۆ ئاژانسی هرانایان ناردووه‌، ڕایانگه‌یاند: ئێمە به‌ مه‌به‌ستی ناڕەزایەتی دەربڕین له‌ به‌رانبه‌ر بڕیاری بەرپرسانی گرتووخانه‌ی ئەوین، مانگرتن لە خواردنی خومان ڕاده‌گه‌یه‌نین تاکوو بمانگەڕێننەوە بۆ جێگه‌ی پێشوومان.

ئاتینا(فاتمە) دائیمی -ته‌مه‌ن ٢٩ ساڵ، لە خەزەڵوەر/ئەیلولی ٢٠١٥ لە شاری تاران دەستبه‌سه‌ر كرا، پاشان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاساییشی وه‌ڵات بە ١٤ ساڵ زیندانی كردن سزا درا.

گوڵروخ ئیرایی، لە گەلاوێژ/ئەیلوولی ٢٠١٥ بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سه‌پێنرا.

 ئەم دوو چالاکە هەر جارەو بە بیانوویه‌ك لە گرتووخانه‌ی ئەوین دوورده‌خرێنه‌وه‌. ئه‌م جاره‌ش له‌ كاتی گواستنه‌وه‌یان، ئه‌و دوو ژنه‌چالاكه‌ ناڕه‌زایه‌تییان پیشانداوه‌، بەڵام بە لێدان و تووندوتیژی گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ گرتووخانه‌ی قەرچەک وەرامین.

به‌پێی نامه‌كه‌ی ئه‌و دوو زیندانییه‌، له‌ دژی گواستنه‌وه‌یان بۆ گرتووخانه‌یه‌كی دیكه‌، ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن كردووه‌. 

 

ش. م