دەیان کچى منداڵ لە عەفرین بێسەروشوێنن

لە عەفرینى داگیرکراودا دایکێک، کە بە دواى کچە تەمەن ١٤ ساڵەکەیدا دەگەڕێت وتى، هێزەکانى تورکیا دەیان منداڵیان بە بارمتەگرتووە و دەستدرێژییان کردوونەتەسەر.

 

دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى لە عەفرین بەرامبەر بە منداڵانى کچ تاوانى جەنگ ئەنجام دەدەن. دایکێک کە بە دوای کچە تەمەن ١٤ ساڵەکەیدا دەگەڕا، دڕندەیی سوپاى تورکیا و چەتەکانى بەرامبەر بە کچان و ژنانى عەفرین ئاشکرا دەکات و وتى "ئەوەى لە شەنگال کراوە، لێرەش دەکرێت. دەبێت جیهان ئەو ڕیسوای و سووکییە ڕابگرێت".

هێرشى سوپاى داگیرکەرى تورکیا و چەتەکانى، کە پێکهاتوون لە داعش و قاعیدە، بۆ سەر عەفرین لە مانگى سێهەمدایە. هێرش و چۆڵکردنى ناوچەکە لە کورد و دواتر داگیرکردن و سڕینەوە بەوپەڕی دڕندەییەوە درێژەى هەیە. هەر رۆژەو تاوانێکى ترى شەڕ ئەنجام دەدەن. داگیرکەرانى تورک و چەتەکانیان شوێنپێى کورد دەسڕنەوە، ماڵى هاووڵاتیان تاڵان دەکەن و خەڵک لە کۆڵانەکان دەکوژن و پەلاماری ژنان دەدەن. هەر چۆن کە لەوە پێش لە شەنگال ژنانیان دیلکرد و بە شێوەیەکى پلان بۆداڕێژراو دەستدرێژییان دەکردنە سەر، ئێستاش هێزى تورکیا هەمان شت لە عەفرین دووبارە دەکاتەوە.

رفاندن، دیلکردن و دەستدرێژی

بەپێى ئەو زانیارییانەى بەدەست گەیشتوون، هێزەکانى تورک لە ١٨ى ئازاردا شارەکەیان داگیرکرد و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکى زۆر کچى منداڵ و ژنیان رفاندووە. ئەو کچ و ژنانەى کە دیلیانکردوون، بردوونیان بۆ ماڵەکانی کۆڵانى ولیات لە ناوەندى شارەکە و لەوێش سەربازانى تورک بە شێوەیەکى بەرنامە بۆداڕێژراو، هێرشى زایەندیان لە دژیان ئەنجام دەدەن.

شایەتحاڵەکان پشتڕاستى دەکەنەوە

هاووڵاتییەک لە گەڕەکى مەحمودیەى عەفرین، کە بەهۆى دۆخى ئەمنییەوە ناوەکەى بڵاو ناکەینەوە، وتى "لەو ڕۆژەوە هاتوونەتە شارەکە هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکانمان و هەموو شتەکانمان تاڵان دەکەن. زێڕ و هەموو کەلوپەلەکانى تریان کۆکردەوە و خستیانە ناو بارهەڵگرێک و بردیان. دواتر کۆڵان بە کوڵان گەڕان و ئەو مرۆڤانەى لە شارەکەدا مابوونەوە، کۆیان کردنەوە. پیاوەکانیان برد بۆ شوێنێک و ژنەکانیشیان برد بۆ شوێنێکى تر. هاواری ژنەکانمان دەبیست. نازانم چییان لێدەکردن. ئێمەى پیاوەکانیان ئەشکەنجە کرد و وتیان "ئێوە یارمەتیى تیرۆریستان دەدەن. ئێمەش دەست دەگرین بەسەر ماڵ و موڵک و ژنەکانتاندا".

تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون

ئەو هاووڵاتییە وتیشى "بۆ ماوەى ٢ ڕۆژ خواردن و ئاویان پێنەداین و ئێمەیان بە برسێتى و تینوێتى راگرت و دواى ئەوە ئازادیان کردین، بەڵام تاوەکو ئێستا کچانى تەمەن منداڵ و ژنەکانیان ئازاد نەکردووە. ئەوانیان بردووە بۆ شوێنێکى تر. ئێمە نازانین ئەوانیان بۆ کوێ بردووە. لە ناو ئەو کچە منداڵانەدا، کە بردونیان کچانى خزمى منیشى تێدایە، کە تەمەنیان لە ١٤ بۆ ١٥ ساڵ دەبێت".

کاتێک بە دواى کچەکەیدا دەگەڕا بۆى دەرکەوت

ئەو شایەتحاڵە وتیشى " ٢ کەس بە ناوەکانى (ف,هـ) و (هـ .ا)، لە ٢٢ى ئازارەوە هیچ زانیارییەکمان لەسەریان نییە. دایکى (هـ .ا) بە تەلەفون پێى وتین، بۆ ئەوەى کچەکەم ببینم چەندین رۆژە بە نهێنی هەوڵ دەدەم و لەو هەوڵدانەشدا چەندین خێزانى ترم ناسی، کە ئەوانیش هیچ زانیارییەکیان لەسەر منداڵەکانیان نییە".

ئەو دایکە وتیشى "ژنان ناتوانن لە ماڵ بچنە دەرەوە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەى شوێنپێى کچەکانمان بدۆزینەوە، عەبامان لەبەر کرد و دەستمان بە گەڕان بە دواى کچەکانماندا کرد. کاتێک بە دواى کچەکەمدا دەگەڕام، ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە ژمارەیەکى زۆر کچى تریش بێسەروشوێنن. تەنها من ئەوەم بۆ دەرکەوتووە، کە ١٥ کچ  بێسەروشوێنن و ئەو کچانەش تەمەنیان لە نێوان ١٤ – ٢٠ ساڵدایە. ئەوانە تەنها ئەو کچانەن، کە لە گەڕەکەى ئێمەدا دیار نەماون".

هەمان کردەوەکانى داعشە لە شەنگال

بەپێى زانیارییەکان، بنەماڵەیەکى عەرەب، کە پەیوەندییەکى گەرم و باشیان لەگەڵ سەربازانى تورک و چەتەکاندا هەیە بەو دایکەیان وتوە، کچ و ژنە رفێنراوەکان لە خانووەکانى گەڕەکى ولیات ڕاگیراون و ئەوەشى وت "منداڵەکانمان لەوێ ڕاگیراون. هەموو ماڵەکانى ئەو ناوچەیەیان بۆخۆیان داگیرکردووە و ڕێگا نادەن کەس لەو خانوانە نزیک بێتەوە. ئەوەى داعش لە شەنگال کردوویەتى ئێستا لێرە ئەنجامى دەدەن. منداڵەکانمانیان دیلکردووە و چەتەکان دەستدرێژییان دەکەنە سەر. دەبێت جیهان بەر  لەو ئابڕوچوون و سوکییە بگرێت".

هەڵدەکوتنە سەر گەڕەکەکان و کۆیان دەکەنەوە

هاووڵاتییەکى عەرەبیش باس لە تاوانى جەنگى سوپاى تورک و چەتەکانى دەکات و زانیارییەکانى ئەو شایەتحاڵە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت "سەرچەتەیەکى لیواى حەمزەى سەر بە تورکەکان، کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕێت و کچە جوانەکان کۆدەکاتەوە. دواتر ئەو کچانە دەبەنە خانووەکانى ولیات و لەوێ دەیان دەن بە ئەفسەرە تورکەکان و ئەندام و سەرچەتەکان".

ر.م