ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز لەسەر گۆڕەکانیان بەبیرهێنرانەوە

ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز، کە پێنج ساڵ پێش ئێستا لە کۆمەڵکوژیی پاریس-دا تیرۆرکران، لەسەر گۆڕەکانیان بەبیرهێنرانەوە، هاوکات هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ڕێگرییان لە مەراسیمی بەبیرهێنانەوەی فیدا دۆغان کرد لەسەر گۆڕەکەی.

ئەمڕۆ، تەڤگەری ژنانی ئازاد، لە گۆڕستانی شارەوانیی دێرسیم-ی باکوری کوردستان، بە ئامادەبوونی دایکانی ئاشتی، بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی-کەجەدە، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەدەپە، مەراسیمێکی بەبیرهێنانەوەی لەسەر گۆڕی شەهید ساکینە جانسز، ئەنجامدا.

پۆلیسی تورکیا گۆڕستانەکەی گەمارۆدا و دوای پشکنینی ناسنامەی ئەو ژنانەی کە بۆ بەشدارییکردن لە مەراسیمەکەدا هاتبوون، ڕێگەیان پێدان بچنە ناو گۆڕستانەکە.

لە مەراسیمەکەدا، زەینەب ئۆلبەجی، چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد، وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا وتی:"ساکینە جانسز لەهیچ کات و هەلومەرجێکدا سەری لەبەرامبەر فاشیزم دانەنواند، نەبوونی ئەو بۆ ژنانی کورد کەموکورتییەکی زۆر گەورەیە".

وتیشی:"ژنانی کورد ڕێبازی تێکۆشانیان لە ساکینە جانسز-ەوە وەردەگرن، ئەوان ئەو تێکۆشانەی کە شەهید ساکینە بە نیوەچڵی جێهێشت بەردەوامیی پێ بدەن".

هەر لە مەراسیمەکەدا، دیلان دیرایەت تاشدەمیر، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە، وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا وتی:"کۆمەڵکوژیی پاریس دژی ئەو قۆناغەبوو کە دەستیپێکردبوو، ئامانجێکی دیکەی ئەو کۆمەڵکوژییە، لاوازکردنی تێکۆشانی ژنانی کورد بوو، بۆ ئەوەش ژنانی پێشەنگ بەئامانجگیران".

هەروەها، ڕێکخستنەکانی هەدەپە و دەبەپەی شاری مێرسین، شەهید لەیلا شایلەمەزیان لەسەر گۆڕەکەی خۆی لە شاری مێرسین بە مەراسیمێک بەبیرهێنایەوە.

لە مەراسیمەکەدا، لەیلا گیوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و مزگین ئیرگات، پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری بەدلیس و ژمارەیەکی زۆر ژن بەشداربوون.

لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، ڕێگرییان کرد لە بەڕێوەچوون مەراسیمی بەبیرهێنانەوەی شەهید فیدان دۆغان لەسەر گۆڕەکەی.

(ڕێگریی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئەنجامدانی مەراسیمی بەبیرهێنانەوەی فیدان دۆغان)

جێگای ئاماژەپێکردنە، ڕۆژی ٠٩-٠١-٢٠١٣، سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، لەسەر پرۆسیەکی دەزگای هەواڵگریی میت-ی تورکیادا لە پاریس-ی پایتەختی فەرنسا تیرۆرکران، ئەمڕۆش پێنج ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕبوو.

هاوکات هەر ئەمڕۆ، چەندین چالاکی و مەراسیمی جۆراوجۆر لە بەشێکی زۆری شارەکانی باکوری کوردستان، بۆ بیرهێنانەوەی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە ئەنجامدران.