ستێرک؛ لە عەفرین، ئیرادەی ژن کۆتایی بە فاشیزم دێنێت

ستێرک، باسی گرینگی بەرخۆدانی سەردەم دەکات و دەڵێ: ''ئیرادەی ژنی ئازاد، دووهەمین هێزی ناتۆ-ی لە عەفریندا بە چۆکداهێناوە".

زلار ستێرک، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی کەجەکە، بوو بە میوانی بەرنامەی ''ڕۆژەڤی ژن"ی ستێرک تی‌ڤی.

زلار ستێرک، دەربارەی بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادی و یەکڕێزی گەلی کوردەوە دەڵێت: ''بەرخۆدانی عەفرین، ڕۆحی یەکڕیزی گەلی کوردی بنیات‌نا. بەرخۆدانی عەفرین، بەرخۆدانێکی جیهانییە و دەبێ هەموو کەسێکی ئازادیخواز، ئاشتیخواز و دێموکراتیک پشتیوانی لێبکات. لەو بەرخۆدانەدا مێژووی بەرخۆدانی مرۆڤایەتی دەنووسرێتەوە. ئەو بەرخۆدانە بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەبێتە هێزی چارەسەری ژیانێکی هاوبەش".

''ئەوە ٣٤ڕۆژە گەلی عەفرین، قارەمانانە بەرەنگاری هێزەکانی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی دەبنەوە. لێرەوە بە چەتەکانی داعش، قاعدە و نوسرە دەڵێـم کە ئێوە ناتوانن بەسەر شەڕڤانانی ئازادیدا سەرکەون. ئیرادەی ژنان و دایکانی کورد لە عەفرین، فاشیزمی دەوڵەتیی تورکیای بە چۆک داهێنا".

ستێرک، دەڵێ: ئەوە بەرخۆدانییەکی مافدارە، هەربۆیەشە لە تەواوی جیهان دەنگی داوەتەوە. ناحەقەییەکی زۆر لەسەر گەلی عەفرین دەکرێت. ئەردۆغان دەستی کردووە بە ڕەشەکوژ کردنی خەڵکی مەدەنی. گەلی عەفرین لەسەر خاک و ژیانی خۆیەتی و هەتا دواییش دەیپارێزێت. لێرە ئەوەی ڕەوایەتی نییە سوپاکەی ئەردۆغان و چەتەکانیەتی".

''لە عەفرین هەر لە منداڵی ٧ساڵانەوە هەتا بەساڵاچوویەکی ٧٠ساڵان، لە بەرامبەر فاشیزمی تورکیا خۆڕاگری دەکات. ئەوە بەرەنگارییەکی ئاسایی نییە. هەموو کەس خەریکی بەرخۆدانێکی مێژووییە. هەر بۆیەشە کە دووهەمین هێزی گەورەی ناتۆ بەو هەموو چەک و جبەخانە و بەهاوکارێ چەتەکانیشەوە لە هەمبەر ئەو بەرخۆدانییە قەتیس ماوە و شڵەژاوە و هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی کە زۆربەیان منداڵن".

ستێرک، باسی یاسا و ئەخلاقی شەڕ دەکات و دەڵێ: ''شەڕیش یاسایەکی هەیە. لە شەڕی داگیرکاریی ئەردۆغان و هاوکارە چەتەکانیدا هیچ پێوان و یاسایەک نییە. لەجیاتی ئەوەی لە چەپەری سەربازی بدات، دەچێ خەڵکی سیڤیل ڕەشەکوژ دەکات. دەیەوێ خەڵکی عفرین لە سەر وار و زێدی خۆیان وەدەرنێت و بۆخۆی و چەتەکانی بە کەیفی خۆیان لە عەفریندا تەراتێن بکەن. خەریکە گەمارۆی عەفرین دەدات و بەتەمای دەستبەسەرداگرتنی ناوەندی شاری عەفرینە. ئەو داگیرکارییە تەنیا لەسەر عەفرین نییە بەڵکوو دەیانەوێ لەوێوە بچنە حەڵەب، منبج، قامیشلۆ و لەوێشەوە باشووری کوردستان و قەندیل. پلان و عەقڵییەتێکی ئاوایان هەیە".

''دەوڵەتی تورکیا دەڵێ؛ 'من کورد وەکوو جیرانی خۆم قەبووڵ ناکەم'. بەڵام کورد بە ئیرادەی خۆی سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە. دەیەوێ ئەو دەسکەوتانە نەهێڵێ و خاکی سووریا داگیر بکات. بەرخۆدانی عەفرین، خەون و خەیاڵی ئەردۆغانی تێکداوە، بەڵام هەر خەریکی خۆ فریودانە. بەرخۆدانەکانی کۆبانی، منبج، تەبقا و ڕەقا، ئەو راستییەی دەرخستووە کە هیچ هێزێک ناتوانێ لە بەرانبەر ئیرادەی شەڕڤانانی ئازادیدا سەرکەوتن بەدەست بێنێ. سەرکەوتن هەر بۆ هێزی گەلانە".

زلار ستێرک، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ''پێویستە مرۆڤی ئاشتیخواز و دێموکرات پشتیوانی ئەو بەرخۆدانە بن. چەک و جبەخانە توانای سەرکەوتنی نییە. مرۆڤ بە ئیرادەی ئازادەوە دەتوانێ سەرکەوتن مسۆگەر بکات. بەڵام دەبێ لە هەمبەر ئەو ڕەشەکوژی و داگیرکارییەدا، هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراو و دەزگاکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەورووپا، کەسایەتی و چالاکوانانی نێونەتەوەیی، ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. ئەوەی کە مسۆگەری سەرکەوتن دەکات، ڕۆحی بەرخۆدان و یەکدەنگی خوشک و برایانەی گەلانە".

ستێرک، عەفرین وەکوو ئاکادیمیای بەرخۆدان ناودەبات و لەو بارەیەوە دەڵێت: ''عەفرین، کانی مۆڕاڵ و خۆڕاگرییە. گەلی عەفرین بە شێوازی کۆمۆناڵ، مانایان بەخشیوەتە ژیان و خۆیان پەروەردە و بەڕێکخستن کردووە. دەتوانین بڵێین کە عەفرین ئاکادیمیای بەرخۆدانی گەلانە. عەفرین بۆ هەمو مرۆڤایەتی و بۆ نەتەوەی کورد-یش زۆر شتی پێیە بۆ کوتن. ژیانێکی کۆمۆناڵی ئافراندووە و لە بەرانبەر هەر هێرشێکدا توانای خۆپاراستنی هەیە. کاتێک کە کۆمەڵگا باوەڕی بە تواناکانی خۆی هێنا، ئیرادە و هێزی گەوهەری خۆی ناسی، دەتوانێ بەسەر هەموو جۆرێکی داگیرکاریدا سەرکەوێت. ئەوە رۆحی کۆموناڵ و جەسارەتی مرۆڤایەتییە. بۆ نەتەوەی کورد و هێندێک هێزی کوردستانیش دەبێتە وانەیەکی گەورە بۆ فێربوون. گەلی کورد دەبێ بە هەموو ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکانیەوە و بەهەموو هێزە کۆمەڵایەتییەکەیەوە، یەکیەتیی خۆی درووست بکات. دەبێ لە نێو خۆیدا نەتەوەی دێموکراتیک  و یەکیەتیی نەتەوەیی خۆی بئافرێنێت. گەل و کۆمەڵگە ناچار نین درێژە بەو شێوازە بدەن کە بوونی هەیە و شێوازێکی دیکەی ژیان پێویستە".

ستێرک، دەربارەی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەژەوە دەڵێت: ''یەپەژە ڕێکخراوێکە کە بۆ پاراستنی گەلی کورد، ژنان و گەلی ڕۆژاوا درووست بووە. لەسەر بنەمای ژنی ئازاد و وڵاتپارێزی خۆی ئاوا کردووە. ژنێک کە نرخە کۆمەلایەتییەکانی خۆی دەپارێزیت و هەتا دوایی گرێدراوی پێوانەکانی ئازادین. هەر جێیەک کە هێز و ئیرادەی ژنی لێبێت، توندوتیژی لە هەمبەر ژنانیش کەمترە. ژن بە هەڵوێست و تێکۆشانی خۆیان کارگەری لەسەر زێهنییەتی پیاویش دەکەن و گۆرانکاری تێدا درووست دەکەن. پیاوی دەسەڵاتدار ناتوانێ ڕووبەڕووی ژنانی ڕێکخراو ببێتەوە. هەر بۆیە هێزی پاراستنی ژنان داینامۆی گۆڕانکاری و هەبوونیان ژیانییە".

زلار ستێرک، باسی مێژووی دەوڵەتی تورکیاش دەکات و دەڵێت: ''لە مێژووی دەوڵەتی تورکیادا دەسەڵاتداری هەر فاشیست بووە. ئەو فاشیزمە نەک تەنیا لە سەر گەلی کورد لە باکووری کوردستان بەڵکوو بەسەر گەلی تورک-یشیاندا سەپێندراوە. بە کردەوە فاشیستییەکانیان و بە گرتن و کوشتن لە هەوڵی شکاندنی ئیرادە و کپکردنی دەنگی گەلی کورد لە باکووری کوردستاندان. بۆ داگیرکاری سنوورەکانی باکووری کوردستانیشیان تێپەڕاندووە. دەیانەوێ لەسەر گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و گەلانی دیکەش فاشیزمی خۆیان پەیڕەو بکەن. بەڵام ئاشکرایە کە هەر چییەک بکەن ناتوانن بەسەر ئیرادەی ئازادی گەلی کورد و گەلانی دیکەدا سەرکەون".

''دەیانەوێ پێش بە هەموو شتێک بگرن کە لەدەرەوەی خواستی ئەوانە. بەلام ئەو شەڕە هەر ناتوانێ هەتا سەر بەردەوام بێت و هەر دەبێ ڕێبازێکی چارەسەری بۆ ببیندرێتەوە و حیسابی ئەو ڕۆژانەیان لێ‌بپرسرێتەوە. گەلی عەفرین و شەڕڤانەکانی ڕایانگەیاندووە کە واز لە خاکەکەیان ناهێنن و دەوڵەتی تورکیاش پێداگرە لەوەی کە داگیرکاری خۆی بەردەوام بکات. پێویستە چارەسەرییەک بۆ ئەوە بدۆزرێتەوە و هێزە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەبێ ئەرکی خۆیان لەو بارەیەوە جێبەجێ بکەن''.

زلار ستێرک، باسی وتەکانی ئەردۆغان دەربارەی پەیوەندییەکان ژن و پیاو لە تورکیاش دەکات و دەڵێ؛ ''حکومەتی فاشیستی ئاکەپە دەیەوێ بە هێرش و دەستدرێژییەکانی ڕۆژەڤ بگۆڕێ. کۆمەڵگەی هەتا دوایی بەرەو بێ‌ئەخلاقی هانداوە، گوشار و میلیتاریزمی لە نێو کۆمەڵگادا پێشخستووە. ژنانی کورد و تورک لە دژی ئەوە لە مەیدانە جیاوازەکاندا ناڕەزایەتیان پێشان دا، بۆ ئەوەی ڕێگە لە ناڕازیبوونی گەل بگرن، باسی زینا-یان خستۆتە ڕۆژەڤەوە".

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕیوەبەری کەجەکە، لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازییەکی بەو جۆرە دەکات: ''داواکاری من ئەوەیە کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەورووپا، گەل لە پشتیوانی و خاوەنداریکردنەکانی بەردەوام بێت. ئەوە خاوەندارییەکی شەڕافەتمەندانەیە. داوا لە گەلی نێونەتەوەیی و لە کەسانی دێموکرات و ئازادیخوازیش دەکەم لە پشتگیری کردنی گەلی عەفرین بەردەوام بن و من هەر لێرەوە سپاس و ڕێزی خۆمیان ئاراستە دەکەم. ڕۆژی ٨ی ئادار و نەورۆزمان لە پێشە. بەڕۆحێکی نەتەوەییەوە خاوەن دەرکەوتن لەو ڕۆژانە پێویستە. ژنانی جیهان و کورد با بە ڕۆحی بەرخۆدانی عەفرینەوە ٨ی ئادار و نەورۆز پیرۆز بکەن".