سزای ساڵێك و ٨ مانگ زیندانیكردن بۆ ژنه‌په‌رله‌مانتارێكی هه‌ده‌په‌ بڕایه‌وه‌

دادگه‌ی ئه‌رزرۆمی ده‌وڵه‌تی توركیا سزای ساڵێك و ٨ مانگ زیندانیكردنی به‌سه‌ر دیلان دیرایه‌ت تاشده‌میر په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌-دا سه‌پاند به‌هۆی قسه‌كردنی له‌ مه‌ڕاسیمی به‌خاكسپاردنی چالاكێكی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی باكووری كوردستان.

دیلان دیرایه‌ت تاشده‌میر په‌رله‌مانتاری شاری ئاگریی پارتی دیموكراتیی گه‌لان - هه‌ده‌په‌ له‌ مه‌ڕاسیمی به‌خاكسپاردنی به‌رژین ده‌میركایا چالاكی كۆنگره‌ی ژنانی ئازاد - كه‌ژا كه‌ له‌ كاتی به‌رخۆدانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باكووری كوردستان ژیانی له‌ده‌ستدابوو، قسه‌ی كردبوو. به‌و هۆیه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی «پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ تێرۆر» دۆسیه‌یه‌ك دژی ناوبراو كرابوویه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دانیشتنی دادگه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ دوویه‌مین دادگه‌ی سزاقورسه‌كانی ئه‌رزرۆم به‌ڕێوه‌چوو. له‌ دانیشتنه‌كه‌دا په‌رله‌مانتار تاشده‌میر ئاماده‌ نه‌بوو، له‌ بری ئه‌و پارێزه‌ره‌كه‌ی ئاماده ‌بوو.

دادگه‌ به‌ تۆمه‌تی «پڕوپاگه‌نده‌ی تێرۆر» سزای ساڵێك و ٨ مانگ زیندانیكردنی به‌سه‌ر دیلان دیرایه‌ت تاشده‌میردا سه‌پاند.

هاوكات هه‌مان دادگه‌ بڕیاری بێ تاوانی بۆ په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ به‌ردان ئۆزتورك ده‌ركرد كه‌ به‌ هه‌مان تۆمه‌ت دۆسیه‌ی بۆ كرابوویه‌وه‌.

s.m